Skip to content

هەڵوێستی مەڵبەند لەمەڕ ڕووداوەکەی گردی ناودارانی مەهاباد

دوو مانگ بەر لە ئیستا بە بیانووی جوانکاری و نوێژەنکردنەوەی گردی شاعیران و هونەرمەندان لە مەهاباد، کیل و سەرسینگی ئەم ناودارانە لەلایان (هیئت‌ امنا) لا دران. لە شوێن ئەم کێلانە بۆ هەرکام لە گۆڕەکان، گاشەبەردێک دانرا کە زیاتر هێمای ئایینی مەسیحییەت پێوە دیار بوو و هیچ وێچووشی لەگەڵ ئایین و کولتووری خەڵکی ئەم دەڤەرە نەبوو. هەر بەم هۆیەوە زۆر زووش لەناو خەڵک دا بە (ووشەیەکی ناحەز) شوبهێندارن و ناودێر کران. ئەوە لەکاتێک دایە کە لەلایان دڵسۆزانی و کارناسانی بواری زمانەوانی و ئەدەبییەوە، کۆمەڵێک ڕەخنە هاتەوە سەر  شێوازی نووسینەکانی سەر ئەم گاشەبەردانە.
ئەو ڕەخنانە جیان لەو لۆمە زانستییانەی کە لەلایان دەیان مێعمار، ئاڕشیتێکت و کارناسانی بواری ئەندازیاری و مێژوویی ئاراستەی کۆی پڕۆژەکە و (هیئت اومنا) کران.
پێویستە ئەمە بگووترێت کە لەسەر  هەرکام لە کێلەکانی پێشوو، کۆمەڵێک شێعر و نووسراوە هەڵکەندرابوون کە لەلایان بەشێکی زۆر لەم شاعیر و هونەرمەندانەوە وەسییەت کرابوون کە پاشی مەرگیان لەسەر گۆڕیان بنووسرێن. هەوێنی ئەم نووسراوانە تەژی لە هەستی نەتەوەیی، دژ بە دووژمنانی کورد و داگیرکەرانی خاکی کوردستان بوون. ئەم کێل و بەردانە پێشتریش چەند جارێک لەلایان ئەو کەسانەی خۆیان بە بەردەنگی ئەم هۆنراوانە دەزانی، شکێنرا بوون و هەوڵی تووناکردنیان درابوو.

زۆر بەداخەوە ئەم جارەیان سڕینەوە و لەناوبردنی ئەم نووسراوانە لەلایان بەشیک لە ئەندامان لێژنەی بەڕواڵەت باوەڕپێکراو (هیئت اومنا) و بە مەبەستێکی نادیار رووی دا ! کارەکەیان لەوپەڕی نهێنیکاری و بە دوور لە چاوی خەڵک ئەنجام درا بە چەشنێک کە گوومان لەسەر هەڵوێستی ئەم لێژنەیە، لەلایان خەڵکەوە گەییشتە لووتکە.

ئەم لێژنەیە ڕای کارناسیان وەرنەگرت. بانگەوازیان بۆ گەڵاڵەیەکی گوونجاو نەکرد. کێبەڕکێیان بۆ گەڵاڵەیەکی شایان ساز نەکرد. ڕای بەشێک لە بنەماڵەکانیان وەرنەگرت کە ئەم کارەیان، دژایەتی هەیە لەگەڵ هەرچی بەهای ئەخلاقی، قانونی، شەرعی و کولتووری.  تەنانەت کەس نازانێت کە بۆ ئەم کارەیان وا بەدزی و فزی بەرەوپێش برد؟ بۆ تەنیا  گەڵاڵەیەکی تایبەت، ئەویش لەلایان ئەندازیارێکی تایبەتەوە، بەگوونجاو زانی بۆ ئەم گردە؟ کێ پێی کردن؟ یان بۆخۆیان بە هەڵەدا چوون؟ ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری تر هەن کە دەکرێت ئاراستەیان بکرێتەوە کە بوونەتە جێێ گوومانێکی گەورە کە وەڵامیان ڕوون نییە. لەم ناوەدا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە دەرئەنجامی ئەم کارەیان “ئاو لە ئاشی دووژمن کردن” بوو و نەک هیچی تر.

2016-08-11-21-35-33

پشتئەستووری ئەم کەسانە تا ڕادەیەک بووە کە ئەنجومەنی هەڵبژردراوی مەهاباد وەک باڵادەستترین ئۆرگانی بڕیاردەر بۆ ئەم شارە کە نزیک بە ٨٠٠ میلیۆن تمەنی تەرخان کردووە بۆ ئەم گردە، دەڕۆستی ئەم کەسە بە ڕواڵەت باوەڕپێکراوانە نایەن و قسەیان لای ئەوان بڕەوی نەبووە و  نییە.

پاشی وەدەنگهاتنی دڵسۆزان و چالاکانی بواری فەرهەنگی لە دەرەوە و ناوخۆی ووڵات و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕینی بنەماڵەی محەممەد ماملێ لەم کەتنە، ئەنجومەنی شاری مەهاباد وەک تاوانباری سەرەکی کەوتنە بەر لۆمە و تانەی خەڵک، بۆیە ناچار مان تا وەک ئەرکی ئەخلاقی و ئینسانی خۆیان، بیر لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بکەنەوە کە (هیئت اومنا) بۆی سازکردبوون.

پاش تێپەڕبوونی دوو مانگ لەم کارەساتە، ئەنجومەنی شاری مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٥/١١/٢٠١٦ و بە بەشداری نوێنەرانی بنەماڵەکان، شارەدار، (هیئت اومنا) و ئەندازیاری پڕۆژەکە لە بنکەی ئەم ئەنجومەنەدا  کۆبوونەوەیەکیان ڕێک خست. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەن بە نوێنەرایەتی هەموو ئەندامان داوای لێبووردنیان لە بنەماڵەکان کرد کە پێشتر لەلایان (هیئت اومنا)ـوە پرسیان پێ‌نەکراوە و ئەم گۆڕانەیان تێکداوە. پاشان ڕای یەکاویەکی نوێنەرانی ئەم بنەماڵانەیان وەرگرتووە. لەناو ئەم بنەماڵانە دا ماڵباتەکانی ماملێ، قازی، ئەحمەدزادە و شەرەفکەندی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەرانبەر بەم کەتنەی (هیئت اومنا) و سرینەوەی ئەم شێعر و نووسراوانەی سەر گۆڕەکان. باقی بنەماڵەکان لە کاری (هیئت اومنا) ڕازی بوون و هیچ گلەییەکیان نەبوو.

هەنووکە ئەنجومەنی شار زۆر بە ڕاشکاوی بڕیاری داوە تا شێعر و نووسراوەکان دەقاودەق لەسەر تەختەبەردێکی سەرسینگی گۆڕەکان بنووسرێنەوە و لەسەر سینگەکان دابنرێنەوە بەڵام چارەنووسی ئەم گاشەبردانە هەر وا لە نێو بەرداشی لایدەبەین و لاینابەین دا ماوەتەوە.

ئێمە وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ هەر لەسەرتاوە لە ئاست ئەم کێشەیە هەوڵمان دا بێدەنگییەکی ووشیارانە بنوێنین تا پێش بە قسەلۆکان بگرین و کێشەکە نەکەینە شەخسی. هاوکات پێمان وا بوو کە ئەم کێشەیە گشتییە و باشترە خەڵکی وریا و چاوکراوەی کورد لە بەها نەتەوەییەکانی خۆیان بێنە دەنگ کە هاتنە دەنگ. دەنا هاوارکردنی ئێمە وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە تەنیا دەکرا لەلایان لایەنی بەرانبەرەوە ببێتە بەستێنی دەیان قسەڵۆکی بێبنەما و لە ئاکامدا ببێتە هۆی “دیزە بە دەرخۆنە کردن”ـی کەتنەکەیان.

هەر بەم بۆنەوە ئێمەش وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ ڕەخنەگرانی ئەم کەتنە و بە خواستێکی قانونی و مەدەنی دەزانین کە داوا بکرێت ئەم گاشەبەردانە کە دانراوەن، لابەرن و نووسراوەکانی پێشوو دەقاودەق لەسەر کێل و سەرسینگی تازە بنووسرێنەوە و لە نووسینەکان دا گرینگی زیاتر بدرێت بە زمانی کوردی چوون، زۆربەی هەرە زۆری ئەم مەزنانە ژیانی خۆیان لە پێناو گەشەی زمان و هونەری کوردی دا تەرخان کرد.

پێویستە بگووترێت کە هەر لایەنیک بەدەنگی ئەم داواکارییە مەدەنییانەوە بێت و لە چارەسەرکردنی دا هیممەت بنوێنێت، ڕێزییان لە پێشدا لە خۆیان ناوە و پاشانیش لەو خەڵکەی کە مەتمانەی پێ‌بەخشیون. بۆیە بەهاناهاتنی ئەم خواستانە نە پاشەکشە لە بڕیارە و نە بەشێوەیەکی نێگاتیو خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵکوو دڵگەورەیی و بەرپرسبوونی لایەنەکان پێشان دەدات و بەم کارەیان ڕێزیان بە دەیان قات لە ناو جەماوەری خۆیانەوە گەشە دەکات.

بە سپاسەوە

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار