١٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕێكه‌وتی ( ٢٣/٠١/١٩٩٩) ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره و پڕشنگداری هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵكشا، ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش و خۆشخوانێكی له‌دڵا شیرینی ناوچه فراوان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی موكریان به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌گشتی، ئه‌و ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌یه بۆ هه‌میشه مالئاوایی له هونه‌ر و خانه‌واده و بنه‌ماڵه و دۆست و یاران و كۆڕی گه‌رمی عاشقان و هه‌وادارانی ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی كرد.
كاك محه‌ممه‌دی ماملێ ڕۆحێكی پاك و نوورێكی خاوێنی بێئه‌ندازه تێكه‌ڵاوی هه‌موو چین و توێژه‌كان بوو، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا كه‌هه‌رگیز نه‌یتوانیوه خۆی جیا بكاته‌وه.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ ئه‌و ڕووحه گه‌وره‌یه‌ی گۆرانی و موزیكی كوردی كه كه‌سایه‌تی و هونه‌ره به‌رزه‌كه‌ی به‌ڕۆح و هه‌ست و گوێچكه‌ی هه‌مووان ئاشنایه، له‌ماوه‌ی ژیانیدا توانی خه‌رمانێكی پڕبه‌ره‌كه‌ت بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی، به‌گه‌روو پاراوه كوردییه‌كه‌ی، به‌زمانه شیرینه كوردییه‌كه‌ی تۆماربكات و خانه‌ی ئه‌رشیفی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكات ، و بۆهه‌میشه ئه‌وبه‌رهه‌مانه به‌زیندوویی ماونه‌ته‌وه و ده‌مێننه‌وه.
ئاشكرایه كه زۆر له‌سه‌ر لایه‌نی به‌رزی هونه‌ره‌كه‌ی نووسراوه و خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه به‌ڵام، ده‌هێنێ له‌وه زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌دا و ده‌نگ و تێكست و هۆنراوه‌ی شاعیران و مه‌قام و قه‌تاره‌كانی كاك محه‌ممه‌دی ماملێ بنووسرێت و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت،
به‌ڵام، ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه لایه‌نی كه‌سایه‌تیی به‌رز و خۆشه‌ویستی نێو خه‌ڵكییه كه ماملێ به چ ئه‌ندازه‌یه‌ك خۆشه‌ویست و خاوه‌ن ڕێز بووه و كه به‌رده‌وام ماڵ و دیوه‌خانه‌كه‌ی لێوڕیژ بووه له‌و به‌ڕێزانه‌ی سه‌رسام بوون به‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی.
دیاره ده‌بێت ئه‌و كه‌سایه‌تییانه خوێندنه‌وه بۆ كاك محه‌ممه‌دی ماملێ بكه‌ن كه رۆژێك له‌ڕۆژان به‌خزمه‌تی گه‌یشتوون و خزمه‌تیان كراوه.
( له‌ساڵی ١٩٧٤ و له‌گه‌رمه‌ی شۆڕشی ئه‌یلولدا، ئه‌وكات من ته‌مه‌نم ١١ ساڵ بوو. له ئۆردوگای سه‌راوگه‌رم له سه‌رپێلی زه‌هاو ئاواره بووین. زۆرجاران ناو و كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند محه‌ممه‌دی ماملێ له پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كان باسی ده‌نگخۆشی وكه‌سایه‌تیه لێوانلێوه له كوردایه‌تی و میواندۆستییهكهییم ده‌بیست.
ماوه‌یه‌كی زۆر بوو باوكی كۆچكردووم له‌و كاته‌دا پێشمه‌رگه بوو له باشووری كوردستان نه‌گه‌ڕابۆوه بۆ سه‌ردانمان. تا ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ گه‌یشته‌وه ئۆردوگا و به‌دیداری شادبووینه‌وه به‌ڵام، سیمای خه‌نده و خۆشی لێ ده‌باری. دوای پشوودان كه‌وته باسكردنی مۆڵه‌ته‌كه‌ی و فه‌رمووی:
ڕاسته‌وخۆ نه‌هاتمه‌وه بۆ ئێره زۆر له‌مێژبوو ئاواتم بوو له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی گه‌وره هونه‌رمه‌ند محه‌ممه‌دی ماملێ بگه‌م. سوپاس بۆ خوا ئاواته‌كه‌م هاته دی و چوومه شاری مه‌هاباد و له‌ماڵی خۆیان به‌خزمه‌تی گه‌یشتم و بێ ئه‌ندازه میوانداری لێكردم. كه وتم پێشمه‌رگه‌م و خه‌ڵكی سلێمانیم، ئای لهوسیما جوان و میهرهبانە و لەو دڵه فراوانه‌ی ئه‌وپیاوه! له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی من چه‌ندین كه‌سایه‌تی تریش كه له‌سلێمانی و هه‌ولێره‌وه هاتبوونه خزمه‌تی له‌وێ بوون. بۆ یه‌ك چركه‌ش ئه‌و پیاوه گه‌وره و دلۆڤانه لهبهخێرهاتنمان كۆڵی نه‌ئه‌دا و جارله‌جار زیاتر لوتف و محه‌به‌تی لێده‌باری و هیچ هه‌ستمان به غه‌ریبی نه‌ده‌كرد وامان هه‌ست ده‌كرد له‌ماڵی خۆمان‌داین
هونه‌رمه‌ندێك له‌لوتكه‌ی هونه‌ردا بێت مامه‌ڵه و ڕه‌فتاری شیرینی له‌گه‌ڵ هاوزمان و خه‌ڵكه‌كه‌یدا به‌و شێوه‌یه بووبێت ئیدی چۆن له‌بیر ده‌چێته‌وه و ده‌توانرێت فه‌رامۆش بكرێت؟ نه‌خێر، تا هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی بوونی هه‌بێت، ناوی محه‌ممه‌دی ماملێ هه‌ر به‌پیرۆزی و له‌لووتكه‌ی هونه‌ردا به به‌رزی ده‌مێنێته‌وه، یادی به‌خێر.
له‌هاوینی ساڵی ٢٠٠٤ دا هونه‌رمه‌ندان مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و ناسری ڕه‌زازی به‌یه‌كجاری له هاوینه‌هه‌واری دوكان نیشته‌جێ ببوون. هه‌ندێك هاوڕێ و هه‌واداری هونه‌ری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند داوایان لێكردم كه ده‌رفه‌تێك بڕه‌خسێنم و بچینه خزمه‌تیان. ئه‌وه‌بوو ده‌مه‌و عه‌سرێك به‌رێكه‌وتین به‌ره‌و دوكان و به‌خزمه‌تی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و ناسری ڕه‌زازی گه‌یشتین وئه‌ڵقه‌ی كۆڕمان له‌كاك ناسردا و خاتوو مه‌رزیه‌ش له چێشتخانه‌كه سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی خۆراك و چایی بوو.
هاوڕییانی میوان دوای هه‌واڵ پرسین، كه‌وتنه سه‌رباس و خواسی هونه‌ری و هه‌ندێك پرسیار، سه‌ره‌نجام باسی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو كاك ( محه‌ممه‌دی ماملێ ) هاته‌پێش و كاكه ناسر خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆرجوانی بۆ كاك محه‌مه‌د كرد و ئاماژه‌ی پێدا كه ئێستاش خۆی به‌قوتابی قوتابخانه هونه‌رییه‌كه‌ی ماملێ ده‌زانێ و نه‌یشارده‌وه كه چه‌ندین گۆرانی كاك محه‌مه‌دی ماملێشی وتۆته‌وه.
برادهرهكانیش هه‌ریه‌ك له‌ئاست خۆیه‌وه به‌چه‌ند وشه‌یه‌ك باسییان له‌گه‌وره‌یی كاك محه‌ممه‌دی ماملێ ده‌كرد و جیا له‌به‌رزی هونه‌ره‌كه‌ی، باسه‌كه بوو به‌باسی خانه‌دانی و مرۆڤدۆستی و میواندۆستی و لوتف و میهره‌بانی كه میوانێك ده‌چێته خزمه‌تی.
ئێمه هه‌موومان كه‌وتبووینه قوڵایی ئه‌و پیاهه‌ڵدان و خوێندنهوهبهرزه بۆ كاك محه‌ممه‌دی ماملێ. له‌ناكاو خاتوو مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی هاته نێو كۆڕه‌كه‌وه و وتی:
بوه‌ستن. ئه‌رێ بۆ ماملێتان گه‌یانده ئاسمان. من كارم به‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌یه‌وه نیه، هونه‌ره‌كه‌ی بۆ من جێی ئیفتیخاره و شانازیی پێوه ده‌كه‌م كه میلله‌ته‌كه‌م خاوه‌نی كاك محه‌ممه‌دی ماملێ یه به‌ڵام، ئێوه كه‌مێك ویژدانتان هه‌بێت له‌و باسه‌دا ئێوه ژیان و زه‌حمه‌ته‌كانی ئینسانێك كه‌ساڵه‌هایه كه ڕه‌نجی كێشاوه و پشت و په‌نا و هاوكاری ماملێ بووه و پشتیوانی هونه‌ره‌كه‌ی بووه پێشێل و فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن. ماملێ ئاوا خانه‌دانه، ئاوا میواندۆسته و ڕێز له‌میوان ده‌گرێت. ئه‌رێ پێم ناڵین كه كاك محه‌مه‌د میوانی هاتووه خۆی سفره‌ی ڕازاندۆته‌وه؟ خۆی خۆراكی بۆ درووست كردووه؟ خۆی ماڵی پاك ڕاگرتووه و جێی بۆ میوان ڕاخستووه؟
ئێمه‌ش هه‌موومان بێده‌نگ ببووین و له‌قسه‌كانی مه‌رزیه خان ڕامابووین. دیسان درێژەی بە قسە شیرنەکانی دا و وتی:
بۆ هیچتان باستان له زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی چه‌ندین ساڵه‌ی ئه‌و خاتوونه گه‌وره‌یه (ئامینه) خانمی هاوسه‌ری ناكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئامینه خانم نه‌بێت كاك محه‌ممه‌دی ماملێ ئه‌وكارانه‌ی پێده‌كرێت؟ منداڵی بۆ په‌روه‌رده و به‌خێوكردووه ، میوانی بۆ به‌ڕێكردووه‌و و هه‌میشه وه‌ك دیوارێكی پته‌و له‌پشت ماملێ و كاره هونه‌رییه‌كانیه‌وه بووه ، ده‌بێت هه‌موومان ڕێز‌و حورمه‌ت بۆ ماندووبوونی ئامینه خانم دابنێین.
دواتر هه‌موومان پشتیوانیمان له‌وته شیرینه‌كانی خاتوو مه‌رزیه كرد. به‌ڵێ بۆچوونه‌كه‌ی مه‌رزیه خان زۆر ڕاست و درووست بوون.
له‌م ساڵیاده‌دا هه‌زاران چه‌پكه گوڵی بۆنخۆش و ڕازاوه‌ی وڵاتی شیرینمان كوردستان بۆ سه‌ر گڵكۆی پیرۆزی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو كاك محه‌مه‌دی ماملێ و خاتوونی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه و بوێر به‌هه‌ڵوێست مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی، یاد و یاده‌وه‌رییه شیرینه‌كانیان هه‌میشه به‌رزو پیرۆز بێت، سڵاو و ڕیز وحورمه‌ت و به‌ئاواتی ته‌ندروستی باش بۆ ئامینه خانمی هاوسه‌ری گه‌وره هونه‌رمه‌ند كاك محه‌ممه‌دی ماملێ ده‌خوازم.
جه‌مالی ده‌لاک ١٦/٠١/٢٠١٦