Skip to content

خەڵاتی ماملێ ٢٠١٧ پێشکەش بە مامۆستا مەزهەر خالەقی دەکرێت.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ ساڵانە هەوڵ دەدات پاش لێکۆڵینەوە و ڕاوێژی کۆمیتەی بەربژێرکار، هونەرمەند یا هونەرمەندانێکی چالاک لە بوارە جیاوازەکانی مۆسیقا، دەستنیشان بکات و خەڵاتی هونەری/مەعنەوی ماملێ، لە بۆنەیەکی تایبەت دا گەر بۆی بلوێ ، پێشکەش بکات.

مەبەست لە بەخشینی ئەم خەڵاتە ڕێزگرتن و ئاوڕدانەوەیە لە خەباتی هونەریی هونەرمەندانی بێنازی  کورد کە بە دەستی بەتاڵ و بە هەبوونی جۆرەها کەمایەسی لە ژیانی هونەری و تاکەکەسیی خۆیاندا،  بڕەویان بە هونەری کوردی داوە.

کۆمیتەی بەربژێرکاری ئەم مەڵبەندە کە پێکهاتووە لە چەند کەسایەتییەکی شارەزا و بەئەزموون لە بوارە جیاوازەکانی هونەری و ئەدەبیدا، ئەم ساڵ بە کۆی دەنگ پاشای هونەری گۆرانیی کوردی، مامۆستا “مەزهەر خاڵەقی”یان بۆ ئەم خەڵاتە دەستنیشان کرد.

خزمەتەکانی مامۆستا مەزهەر بە هونەریی کوردی ئەوەندە زۆرن کە لە ئەژمار نایەن. بەڕێزیان جیا لە نوێکاری لە گۆرانی کوردی دا  و نەخشاندنی ئەم گۆرانییانە بە مۆسیقایەکی زانستی و سەردەمیانە، بە تێکەڵاوکردنی تێکستی جوان و ڕازاوە بۆ  مێلۆدییەکانی، وەها تابڵۆیەکی ڕەنگینی بۆ کورد  کردۆتە دیاری کە هەرکام لەم ئاوازانە بوون بە ناسنامە بۆ مێژوی هونەریی کورد.

هەروەها خزمەتی بەڕێزیان بە زۆر لە گۆرانیی فۆڵکلۆرییەکوردییەکان کە هەرکام سووچێک بوون لە سەربوردەی گەلێکی بێبەش کە بەداخەوە لەوپەڕی هەژاریی‌دا قەتیس مابوونەوە.  ڕازاندنەوەی ئەم گۆرانییانە لە قاڵبی ئۆرکێسترێکی زانستی و شایاندا، بەشێوەیەک کە ڕەسەنایەتی و مۆركی میللییان پارێزراو بوون، بە چەشنێک کە هەنووکەش ئەم ئاسەوارە هونەرییانە بوون بە ڕووسووری هونەری کوردی و وەچەبەوەچەی کورد شانازییان پێ‌دەکات و  چەشنی  “تاق وەسان”، هەردەم زیندوو و هەرمانن.

مامۆستا مەزهەر بۆ گەشەپێدانی کولتوور و هونەری کوردی بێوچان لە تێکۆشان دابووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی بە بونیادنانی سەنتەرێک بەناوی (ئەنستیتیوتی كەلەپووری كورد)، لەهەوڵدا بوون تا لەناو جەرگەی كوردستان و بە شێوەیەكی سەربەست و ئازادانە، درێژە بە خەباتی نەپساوەی كولتووری و هونەری بدات. هەر لەم پەیوەندییەدا بەدەیان ئاسەواری بەربڵاوی هونەری لە هونەرمەندانی دەڤەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی کۆکردەوە  کە هەردەم مەترسی فەوتانیان لەسەر بووە و لە کۆی ئاڵبۆمێکی فەرمی‌دا بە ناوی (یادگارییەکان)، پێشکەشی بە ئەویندارانی هونەریی کوردی کردەوە. ئەوە جیا لەکۆکردنەوەی ئەم ئاسەوارە کولتوورییە جۆراوجۆرانەیە کە لە دەڤەرە جیاجیاکانی کوردستان دا پاراستوونی.
مامۆستا مەزهەر  لە ڕێگای (ئەنستیتیوتی كەلەپووری كورد)،  دەیان كتێبی بڵاو كردووەتەوە، كە بۆ ئێستا و داهاتووی كورد دەبنە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو . ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی کوردستان دا  کە بنکەیەک بە شێوەیەكی زانستی و مۆدێرن بایەخ بە كولتووری زارەكی بدات و وەك كولتوورێكی نوێ‌، بە كۆمەڵگەی جیهانی بناسێنێت.

وا بڕیارە مەڵبەندی هونەریی ماملێ مەراسیمێکی ڕێزلێنان ئامادە بکات و لەم بۆنەیەدا خەڵاتی  ماملێ ٢٠١٧ پێشکەشی ئەستێرەی گەشی موزیکی کوردی، مامۆستا خالەقی بکات. وا باوە کە هەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچیدوایی ماملێ دا ئەم بۆنەیە بەڕێوەبچێت بەڵام،  ئەمساڵ بە چەند هۆیەکی تایبەتەوە ئەم بۆنەیە دەگوازینەوە بۆ مانگەکانی داهاتوو و ئێوە ئەویندارانی هونەر و موزیکی کوردی لە شوێن و کاتی مەراسیمەکە، لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەت‌دا، ئاگادار دەکەینەوە.

بە سپاسەوە

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

١٩/٠١/٢٠١٧

بابەتی پێوەندیدار