نووسینی: بێهرووز کوردئەحمەدی
ماملێ کیمیایە، بۆیە خەڵاتەکەشی بەرد دەکا بە زێڕ. بەڵام ئەگەر ئەو خەڵاتە کیمیا و کەمیابە بە ئەڵماس بدرێ، زێڕ و یاقووت و دوڕ و مرواریی لێ دەکەوێتەوە.
جا کیمیا و ئەڵماس و زێڕ و دوڕ و یاقووت و مرواری لێک بهاڵێن و ببن بە یەک، وەک سکەیەکی درەوشاوەی لێ دێ کە لایەکی خالقی و لایەکیشی ماملێ یە.
ئێستا وەرن ئەو سکە شکۆدارە هەڵدەن و بیگرنەوە، دەبینن هەر لایەکی سەیر دەکەن تەنیا تریفەی مانگ و تینی هەتاو و شەپۆلی هەناو و هزری ئەوین و سروشتی ژین و لەرزەی دڵ و لێزمەی باران و نووری بەفر و گەرمای گڕ و نەسیمی پایز و زەنگی کاروان و لەنجەی جانانە و تامی ماچ و سۆزی دایک و سازی زەنگین و لەنجەی یار و چراخانی جێژوان و بلوێری شوان و ئازادیی پەپوولە و شەدەی لار و خورپەی تاسە و سرتەی با و سروەی شەماڵ و فێنکیی سێبەر و ئارامیی ئاسک و بزەی ساوا و پشکووتنی دڵدار و…پەلکە زێڕینەی هەتاوی حەوت ئاسمانان دەبینن.
مەزهەر و ماملێ خالق و حەمەن
بە ڕۆژ و بە شەو، سەردەم و زەمەن
ماملێ و مەزهەر ڕچە پسێنن
هەر دووک بە دەنگیان ڕەنگینیی دێنن
یەک بە ناسکیی و شەپۆلی ئاواز
یەکیش بە دەنگی پڕ لە سێحر و ڕاز
دوو دەنگی نەرم و ئەویندارانە
کە ڕووگەی هەموو ئەویندارانە
حەمە حەماسەی چریکەی ئەوین
مەزهەر مەزهەبی ئاهەنگینی ژین
لە سەر هەر یەکیان چیرۆکێک کەمە
لە دیرۆکدانە مەزهەر و حەمە
دیرۆکی پاکی دەنگی ئاشقان
چیرۆکی بەرزتر لە حەوت ئاسمان
ستران بێژانی هەتای کوردستان
دوو کەوی شازی گەرمیان و کوێستان
دوو ئەرخەوانی بەرزە باڵای دەنگ
تەقڵەبازانی بە قیمەت و سەنگ
ئەویندارترین کۆترانی هونەر
لە سەر تا پێ یان تەنیا میوە و بەر
بە دەنگی وانە فرمێسک زوڵاڵە
بۆ نەخشاندنیان زمانم لاڵە……
خەڵاتی ماملێ خەمڵیوتر و تەمەنی مەزهەر درێژ تر بێ….
بێهرووز کوردەحمەدی
٢٠ی ١ی