Skip to content

ماملێ، ئەفسانەی فۆلکلۆری کوردی

نووسینی: سامڕەند عەبدی
بە بۆنەی ساڵوەگەری کۆچی مامۆستا ماملێ

گشت نەتەوەکانی دنیا لە کەونەوە تا ئێستا لە خاڵێکی گرینگ دا هاوبەشن؛ ئەفسانەکانی فۆلکلۆر کە چیرۆکی قارەمانەکانی گەل و نیشتمان لە خۆ دەگرێتەوە کە بەم زمانە دانراوە یان خود لە قۆناغێکی مێژووی ئەم نەتەوە لە زمانەکانی تر وەرگێڕدراوەتەوە و بوەتە هی ئەم نەتەوەیە.
گۆڕانکاری لە ئاست ئەفسانەکانی نەتەوە بۆ ئەوەی شتێکی لێ زۆر بێ یان چیرۆکەکانی بە چەشنێکی تر بگێڕدرێتەوە، بە هاسانی ڕوو نادا بەڵکوو پێویستی بە کەسایەتی تایبەت هەیە کە لە ناو نەتەوە دا تەمەنیان بەسەر بەرن و لەو کاتەی کە دەژین ببنە ئاوێنەی ئاواتەکانی گەل.
هونەرمەندی مەزن مامۆستا محەممەدی ماملێ یەکێک لەم کاسەیاتیانە بوو کە لە درێژایی تەمەنی پڕ بەرهەمی خۆی قەت لە گێڕانەوەی ئاواتەکانی گەل لە چوارچێوەی هونەری خۆیدا نەوەستا.
هونەرمەندێک بوو کە بە دەنگی ڕەسەنی خۆی ئاوێنەیێکی لەپێش هەموو کوردێک دانا تا لە ناو هەڵبەستەکانی ئازادی خوازی و نەتەوە دۆستی کەسانێک وەکوو پیرەمێرد و قانع و هێمن و هەژار و گەورە کەسایەتیەکانی تر، خەونەکانی خۆیان ببینن و لە ڕاستیدا بوو بە دارێک کە هەموو کوردێک لە ژێر سێبەری هەستی بە حەسانەوە دەکرد.
ماملێ ئەم خاڵانەی هاوبەشی کە نەتەوەکانی تریش لەگەڵ کوردیان هەبوو لە ئاواز و مۆزیقای ئەوان هەست پێ دەکرد و بە شێوەیەکی بێ وێنە لە ناو مۆزیقای کوردی دەیتواندەوە، بە چەشنێک کەس هەستی نەدەکرد ئەوان لە سەرەتاوە بە کوردی نەگوتراون.
ماملێ لە ناو خەڵک دا ژیا و لە هیچ قۆناغێک دا لێیان هەڵنەبڕا، هەرچی خوێندی چیرۆکی خۆشەویستی گەل بوو، بۆیەش لە ماوەی ژیانی دا بوو بە خۆشەویستی هەموو کوردێک و ئەمڕۆش کە بۆخۆی لە ناو خەڵک دا نەماوە بۆتە ئەفسانەیەکی نەمر کە لە کولتووری کوردەواری دا دەمێنێ.
بۆ ئەو کەسانەی ماملێ یان ناسیوە، ژیانی ئەو نموونەیەک لە چۆنیەتی دەوڵەمەند بوونی کولتووری نەتەوەیەکە کە دیتنی بە دەگمەن لە مێژوو دا هەڵدەکەوێ، بەڵام لە ئەفسانە دا دەژی تا هەتا هەتایە ببیسترێتەوە.
ڕەوانی بەرزی شاد بێ.

سامڕەند.
ڕێبەندان ۲۷۱٦

بابەتی پێوەندیدار