Skip to content

حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆڕێکی ڕێزلێنانی بۆ “ماملێ” بەڕێوە برد.

ئامادەکردنی هەواڵ: ئازاد بایز

حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی

لە درێژەی کار و چالاکیەکانی‌دا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ٢٥/١/٢٠١۷ لە هۆڵی “تەلاری هونەر” لە شاری سلێمانی، لە نێو ئاپۆڕای هونەرمەندان و نووسەرانی سلێمانی و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دا و بە ئامادەکردنی ئازاد بایز، یادی ١٨هەمین ساڵڕۆژی هونەرمەندی گەورە “محەمەدی ماملێ”، شکۆمەندانە کرایەوە.

سەرەتای مەراسیمەکە وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی لەلایەن “بابەکر دڕەیی”ـیەوە خوێندرایەوە کە باسی لە ڕۆڵی “ماملێ” لە هونەری ئێستای کوردیدا دەکرد، دواتر وتاری “مەڵبەندی هونەریی ماملێ” و ماڵباتی ماملێ لەلایەن “برایم ئەحمەد”ەوە خوێنرایەوە کە تیشکی خستە سەر کارایی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و دەسنیشان کردنی مامۆستا “مەزهەری خالەقی” بۆ ئەمساڵی خەڵاتی ساڵانەی ماملێ، هەر لەدرێژەی ئەو مەراسیمەدا وتاری مەلا ڕەسولی پێشنماز خوێنرایەوە وەک هاوڕێی هونەرمەندی کۆچکردوو. بەڕێزیان باسی چەند بیرەوەرییەکی خۆی و هونەرمەندی کۆچکردووی کرد.
لەهەمانکاتدا لەڕێگەی پەیامێکەوە هونەرمەند “ناسری ڕەزازی” سڵاو و پەیامی خۆی پێشکەش بە ئامادەبوانی ناو هۆڵەکە کردو دڵگرانی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی بەهۆکاری سەفەری وڵاتی سویدیەوە نەیتوانیوە لەو مەراسیمە دا بەشدار بێت. هەر لە پەیامەکەشیدا وا هاتبو کە گۆرانیەکانی ماملێ ڕۆڵێکی گرنی هەیە و هەبوە بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و لایەنی زمانەوانی کوردی. وتیشی:

هاودەمتانم، هاوبیرتانم، من هەمیشە گیان فیدای هونەری ماملێ و کوردستانم.

بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە بەشداربوونی  گۆرانیبێژان ئیحسان زیرەک، چیای ماملێ و عزیز محمود ابراهیم ناسراو بە (عەزیزی ماملێ)، هەروەها هونەرمەندانی ژەنیار نزاری زێوێ بە تار، حامید عوسمان بە کەمانچە، ڕێبوار ڕەسوڵ بە دەف و جەنگین جەمال بە زەرب بوون کە چەند بەرهەمێکی هونەریان پێشکەش  بە ڕۆحی بەرزەفڕی ماملێ کرد.

دوابڕگەی مەراسیمەکە پێدانی خەڵاتێکی ڕێزلێنان بو کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئامادەی کردبوو  کە لەلایەن گەورە هونەرمەند مەزهەری خالەقییەوە پێشکەشی ماڵباتی ماملێ کرا و چیای ماملێ کوڕی هونەرمەندی کۆچکردوو بەنوێنەرایەتی ئەم ماڵباتە ئەم خەڵاتەی وەرگرت.

لەکۆتایدا خالەقی بەزمانە شیرینەکەی بەقوڕگێکی قەتیسماو بە گریاتەوە چەند وتەیەکی پێشکەش بەئامادەبوان کرد و تێایدا باسی ئەوەی کرد کە گۆرانیەکانی ماملێ لەلوتکەی بیرەوەری هەمو تاکێکی کورد دایە و وتیشی:

بەشەرەفێکی گەورەی دەزانم کە ئەمساڵ دەسنیشان کراوم بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساڵانەی ماملێ، ئەمە دەبێتە دەسکەوتێکی مێژویی و تەواو هونەری لەمێژوی ژیانی تایبەتی و هونەری مندا.

بۆ مەڵبەندی هونەری مالێ

براتان ئازاد بایز

٢٥/١/٢٠١٧


بابەتی پێوەندیدار