ماملێی کوردان ئەڤینداری بەهاری نێو چلەی زستان بوو. ئەو گڕ و تینی هزری خۆی لە زستانێک وەرگرتبوو کە تێیدا جێژنی سەربەخۆیی کوردستان گیرابوو. ماملێی نەتەوەیی تەنیا پێشمەرگەیەکی کۆماری کوردستان نەبوو، بەڵکوو میراتگرێکی بەوەفای ئەو ڕێبازە بوو.
![](https://mamle.net/wp-content/uploads/2021/05/Alay-kurdistan-300x200.jpg)
پاش کۆماری کوردستان، تەنیا دوو شت توانیان ماملێ خەمبار بکەن. یەکیان لەدەستدانی نەجاتی کۆرپە و گیانبەختبووی بوو و ئەمی دیکەیان لەدەستدانی ئاڵایەک بوو کە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە پاراستبووی.
کۆماری کوردستان و دووی ڕێبەندان لەو بۆنە پیرۆزانە بوون کە ماملێ ساڵ بە ساڵ شایی بۆ دەگێڕان و ساڵ لە دوای ساڵ بە باوەشێکی ئاوەڵاترەوە بەرەو پیریان دەچوو. ساکار و پوخت دەکرێ بڵێین، ماملێ تەنیا بۆ کورد دەژیا و لە هەر شوێنێک سیمبۆلێکی نەتەوەکەی بوونی هەبوا، بە دڵ و گیان بۆلای دەچوو. سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیبیش کە سیمبۆلی یەکگرتوویی نەتەوەی کوردە و پێکهێنەری هەستی هاوبەشی هەر کوردێک بووە بە هەمان شێوە لای ماملێ پیرۆز بوو. ئەو زەحمەتێکی زۆری دەکێشا کە مناڵەکان و نازدارانی لە دەوری خۆ کۆکاتەوە و ڕایانبهێنێت کە دلێرانە دەنگ هەڵهێنن و بە گوتنەوەی سرودی نەتەوەیی کورد خورپە لە دڵی داگیرکەر بهێنن. فایلێکی دەنگیی کە لێرە دەیبیسن، تەنیا هەڵگری مێژوویەکی چەند دەیەیی نییە، بەڵکوو پێناسەکەری هزر و ڕێبازێکە کە ماملێ خۆی بە خاوەنی دەزانی.
دووی ڕێبەندانتان پیرۆز بێ
تێبینی: لەم دانیشتنەدا ئەم کەسانە لەگەڵ ماملێ سرودی نەتەوەیی کورد دەڵێنەوە:
گیانبەخت نەجات ماملێ، شەونەم ماملێ، وریا ماملێ، چالاک ماملێ، چیا ماملێ و داود زەهابی