Skip to content

خەڵاتی ٢٠١٧ی ماملێ لە کۆی فێستیڤاڵێکی کولتووری لە ستۆکهۆڵم پێشکەشی مامۆستا مەزهەر خالقی دەکرێت.

هەر وەک پێشتر ڕامانگەیاند، مەڵبەندی هونەریی ماملێ بڕیاری دا خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٧ی  خۆی پێشکەشی پاشای هونەری گۆرانیی کوردی، مامۆستا خالقی بکات.  بەپێی نەریتی خۆی،  باوە کە ساڵانە ئەم خەڵاتە دە مەراسیمێکی ڕێزلێنانی شایان دا و دە ساڵیادی ماملێ دا پێشکەش بە هونەرمەندان دەکریت.

ئەمساڵ لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت، کاتی مەراسیمەکەمان وەپاش کەوت. ئەم پاشکەوتنە بوو بە هۆی ئەوە کە کاتێکی زۆرترمان هەبێت بۆ خۆئامادە کردن بۆ مەراسیمێکی تەسەلتر و کۆکتر . بۆیە بریارمان دا تا بۆنەی ڕێزلێنان لە مامۆستا خالقی لە کۆی فێستیڤاڵێکی پڕناوەرۆکی کوردی دا لە ستۆکهۆڵم، پێتەختی وڵاتی سوئێد بەرێوە بچێت.

بۆ ئەم مەبەستە کۆمیتەیەکی ئامادەکار لە دڵسۆزانی هونەری کوردی پێکهاتووە و لە سێبەری زەحمەتکێشان و هاوفکری ئەوانەوە بڕیار وایە  ڕۆژی یەکشەممۆ ۲۱ی مانگی مای کاتژمێر ۹:۳٠ بەیانی، دەستپێکی فێستیڤاڵەکە، پێشانگایەکی هونەری/ کولتووری بێت. لەم پێشانگایە دا بەرهەمی چەندین ساڵەی تێکۆشانی خەباتکارانی ئەنستیتیۆتی کەلەپووری کورد لە باشووری کوردستان دەخرێتە بەر چاو. ئەم ئەنستیتیۆتەی کە مامۆستا مەزهەر خالقی دامەزرێنەر و بەرێوبەری ئەم بنکەیە بووە و هەیە. شایانی گوتنە کە لەم پێشانگایەدا.وێنەی تایبەت بە دیاردە کولتوورییەکان دەخرێنە پێش چاوی میوانان.
هەروەها فیلم و ویدیۆی تایبەت کە بەرهەمی تێکۆشانی ئەم ئەنستیتۆتەیە پێشان دەرێن و ئەو بەرهەمە دەنگییانەی کە بە ئاڵبۆمی “یادگارییەکان” ناسراوە و  ئەنستیتیۆتی کورد لە هونەرمەندان و دەنگبێژانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کۆی کردۆتەوە، لەبەردەست دا دەبێت.

لە بڕگەیەکی تری فێستیڤاڵەکە دا سێمینارێک بەرێوە دەچێت لە ژێر ناوی کارتێکەریی موزیکی کوردی لەسەر “زیندوومانەوەی ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد” کە مامۆستا خالقی و دوو کارناسی تر بەشداربووی ئەم سێمینارە دەبن.

پاشان مەراسیمی ڕێزلێنان لە مامۆستا خالقی و بەخشینی خەڵاتی ماملێ بە بەرێزیان بەرێوە دەچێت. لەم ڕێ‌وڕەسمەدا کورتە فێلمێک لەسەر ئەنستیتیۆتی کەلەپووری کورد و مەڵبەندی هونەریی ماملێ پێشان دەدرێت و هەروەها بە خوێندنەوەی هەڵبەست، پەخشان، بابەت و نووسراوە، درێژە بە فێستیڤاڵەکە دەدرێت. دوابەشی بەرنامەکە پێشکەشکردنی خەڵاتی ۲٠۱۷ ی ماملێ بە مامۆستا مەزهەر خالقی یە کە دەبێتە دوا بەشی فێستیڤاڵەکەشمان.

بەشداریکردنی ئێوەی هێژا لەم فێستیڤاڵەدا بێ بەرانبەرە و بڵیت و تیکێت نافرۆشرێ. هاتنتان جوانی دەبەخشێتە بۆنەکەمان.

هەموو لایەک بە خێر بێن!

ڕێکەوت: ۲۱/٠٥/۲٠۱۷

کاتژمێر: ۹:۳٠ــ ۱٥:۳٠

 شوێن:

 ABF – HUSET

Z-SALEN

Sveavägen 41

11183 – Stockholm

Sverige

بابەتی پێوەندیدار