Skip to content

ڕاپرسییەک لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەشتەمین خەڵاتی ماملێ لە ستۆکهۆڵم.

ڕاپرسی

ئامادە کردنی رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی: 
ئاسۆ موکریانی
لە سەر بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی
[خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ] لە شاری ستۆکهۆڵم.
بەڕێزان !
پێشەکی ڕێز و دەستخۆشی خۆمان بۆ ئەرک و دڵسۆزی بەڕێوەبەرانی فستیواڵی [ خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ ]، کە داهێنانێکی بەنرخ و شانازییەکی کولتووری نەتەوەییمانە، ڕادەگەیەنین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
ڕێ و ڕەسمی خەڵاتی هەشتەمین ساڵی تێکۆشانی ئەم مەڵبەندە هونەرییە، لە ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی
٢١-٥ -٢٠١٧ لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سۆئێد، بەڕێوە چوو.
بەشێک لە هاووڵاتیان بە هاتن لە شوێنی دوور و نزیکەوە ، ئەویندارانە ئامادە بوون و ڕێزیان لە کولتوور و موزیک و هونەریی ، هونەرمەندانی ڕەسەن و خۆشەویستی گەلەکەمان، مامۆستایان ماملێ و خالەقی، گرت. هەر وەکی پێشتر مامۆستا مەزهەری خالەقی دیاری کرابوو، لەو ئاهەنگە شایستەیەدا خەڵات کرا.
بەم بۆنەوە ، پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز مامۆستا مەزهەری خالەقی و سەرجەم هاووڵاتیانمان لە کوردستان و هەندەران دەکەین.
مەبەستم لە ئامادە کردنی ئەم ڕاپرسییە، وەرگرتنی بیر و ڕای ئامادە بووانی هێژا بوو، لە سەر بەڕێوەچوونی فستیواڵەکە.
بەو هیوایە کە خزمەتێکی کەمی ئەو بنیاتە کلتوورییە تاقانەیە بکات ، بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکانی، لە ساڵەکانی داهاتوودا.
تێبینی :
ناوی [ مەڵبەند ] لە بواری جوغرافیا / جوگرافیاوە شوێن- ە ، جێگا- یە./
ناوی ئینگلیزییەکەی، ” سەنتەر “ە ، کە کوردییەکەی ” ناوەند “ە و گونجاوترە./ هەر بۆیە پێشنیار دەکرێت کە ناوی :
[ مەڵبەندی هونەری ماملێ ]، بکرێت بە [ ناوەندی هونەری ماملێ ].
بە سپاسەوە بۆ ئەو بەرێزانەش کە لە ڕاپرسییەکەدا بەشدار بوون، وڵامی خۆیان بەم جۆرە داوەتەوە :
١- بیرۆکەی دامەزراندنی [ مەڵبەندی هونەریی ماملێ ]، تان پێچۆنە ؟
وەڵام :
کارێکی یەجگار بە نرخە، کە هەتا ئێستا باو نەبووە، بە ناوی هونەرمەندێک کە سێ بەرەی پەروەردە کردووە . گوێیان لێبووە و پێیان خۆش بووە./
ناوەند ، لە جیاتی مەڵبەند گونجاوترە./
بیرۆکەیەکی زۆر باشە. / هەر وەکی وڵاتان و خەڵکانی دیکە، قەدری هونەرمەندان و گەورەکانی کولتووری خۆمان بزانین و بۆ داهاتووش بۆ هونەرمەندان و خەڵکی زۆر باشە./ خەباتێکی فەرهەنگسازییە، کە بە چاوی حورمەتەوە سەیری هونەر و کولتوور بکەین، کە پێشتر نەمانزانیوە و نەمانتوانیوە قەدری شتەکانی خۆمان بگرین . /
بنیاتێکە بۆ نەوەی داهاتوو. / بۆ مێژووی کورد، بە تایبەت لە ناوچەی موکریان بۆ کوردستان دەمێنێتەوە. /
کاری باشە. / لە لای ئێمە زۆر گرفت هەیە. هەم ناوی دەمێنێت و هەم خەڵاتەکەش هاندەرە بۆ هونەرمەندانی دیکە. /
زۆر باشە، بەتایبەت بۆ ئەو هونەرمەندە بەڕێزانەی کە لە ژیان دان و ڕێزیان لێدەگیرێت. باشتر دەناسرێن و زانیاری زیاتریان لێدەست دەکەوێت. /
زۆر باشە کە لە ڕێگای ئەم مەڵبەندە ، ڕێز و حورمەت لە کەسایەتی ماملێ ی نەمر دەگیردرێت./ زۆر شیاو و گونجاوە کە خەڵاتی هونەرمەندێکی ڕابردوو، دەدرێت بە هونەرمەندێکی دیکە./ هەر وەکوو خەڵاتەکانی :
پۆلار ، لە لایەن بنەماڵەی ئابا ، ستیگ ئاندرسۆن، لە سۆئێد. /
خەڵاتی نۆبێل ، لە نۆڕۆێژ و لە سۆئێد ،کە پاشا، لە ستۆکهۆڵم سەرپەرەستی دەکات./
یان خەڵاتەکانی ئۆسکار، کان ، هەروەها ئەوانی دیکەش لە وڵاتانی دیکە ./
ناوی ماملێ، ی زیاتر بەرجەستە کردووە./ هەم قەدری هونەرمەندانی دیکەمان دەگیرێ، هەم ناوی هونەری ماملێ، بەرز و بەڕێز ڕادەگرێ./
٢- راگەیاندن و ڕێکلامی فستیواڵەکە چۆن بوو ؟
وەڵام :
راگەیاندن باش نەبوو/ باش بڵاو نەبۆتەوە / بە گوێرەی پێویست نەبوو./ زیاتر لە ناو بەشێکی کەمی دۆستان و ئاشنایان دابووە./
بەشێک لە خەڵکی، وایان زانیوە کە هەر بانگهێشتنی تایبەتی بووە ./
زۆر بەربڵاو نەبوو. / خەڵکی زۆر نەیان زانیبوو./ زۆر کەس تەنانەت لە وڵاتانی دیکەش دەیانویست بێن، بەڵام نەیان بیستبوو. /
راگەیاندنەکە زۆر ڕوون نەبوو./ وردەکاری بەشەکانی دیار بان باشتر دەبوو. /
لاواز بوو. / هەر چەند ئەندامانی کۆمیتەکە زۆر بوون، بەڵام ڕێکلامی باش نەکرابوو. /
زۆربەی هونەرمەندان و ژەنیارەکان کە لە سۆئێدن، لە ئاهەنگەکەدا دیار نەبوون./ ئەو تلەڤزیۆنانەی ئاگادار بوون، لە ڕاگەیاندندا کەمتەرخەم بوون./
ئافیشەکە، لە لایەن کۆمیتەی ئامادەکار، دروستکراوە./ خەباتی گشتی فەیسبووکی بۆکراوە./ هەرەوەزێک بووە بۆ بەڕێوەبردن، بە تەلەیفوون لە نێوان نۆڕوێژ و سۆئێد و فەڕانسە قسەکراوە./
کاک وریا، تەنیا بووە، لە گەڵ ڕادیۆ ئاشتی و کوردسات، وتووێژی کردووە./
ئافیشی ڕێکلام جوان بوو./
٣- بەرنامە ڕێژی و بەڕێوە بردنی فستیواڵەکە چۆن بوو ؟
وەڵام :
دەبوو ریزی بەرنامەکە نووسرابا./
بەڕیوەبەران سەرکەوتوو بوون./
وەکوو هەموو بەرنامەیەکی کوردی کەم و کۆڕی هەبوو./
سەرەتا کۆمپیوتێرەکە، بۆ پێشاندانی فیلم گرفتی هەبوو، کە دواتر چاکیان کرد./
زۆر جوان بوو. / رێک و پێک بوو. /
بێهروز سیمنارەکەی بەڕێوە بردبا،بەڵام کەسێکی گەنجتر بایە باشتر دەبوو./
توانایی کاک بێهروز کورد ئەحمەدی، وەک بەڕێوەبەر، بە پەخشان و قسەی خۆش ئامادەبوانی لە گەڵ بەرنامەکە، ڕادەکێشا./
زۆر جوان بوو./ بە بوونی هونەرمەند و شاعیرانی ئامادە، دەکرا لەوانیش کەڵک وەربگیردرێ./ دەبوو زیاتر کولتووری کوردیان نیشان دابا./ ناوی ژنانی ناوداریان هێنابا، وێنەکانیان دانابان./ بۆ پرسیار، کاتی زیاتریان دانابا، خەڵکی زیاتر پرسیاریان هەبوو نەکرا./
لەبواری تێکنیکی هێندێک گرفت هەبوو، بەڵام ماوەی فستیواڵەکەش دوور و درێژ بوو. لە ٩،٣٠ هەتا ٤ی ئێوارە، سێ بەشەکە، هێندێک لە ئامادەبوانی ماندو کردبوو./
سەعاتی دەستپێکردنی زوو بوو./
ڕێکو پێک بوو./ باش بوو، بەڵام دەکرا باشتر بێ./ بەڕێوەبردنی بەرنامەکە زۆر باش بوو، کاک بێهروز زۆر بە توانا بوو./
لە بەڕێوەبردندا، موزیک جێگای بەتاڵ بوو، میکڕۆفۆنی تایبەت بۆ ئامێری مۆسقا نەبوو./ دەبوو پێشتر تێکنیک کۆنتڕوڵ کرابا./
لە سیمنارەکەدا، کاتی پرسیارەکان زیاتر بایە./ لە چوونە سەرو هاتنەخواردا، ناهەماهەنگی هەبوو./
گەورەترین هەڵە، ئاخرین بەرهەمی ماملێ،یە کە ئامادە کرابوو بۆ فرۆشتن و بڵاو کردنەوە داندرابوو، باسی لێنەکرابوو./
سێ دێی، مامۆستا هێمن ، بە دەنگی خۆی کە گەورەترین شاعیرە ، پاش چل ساڵ ئامادە کرابوو، بۆ فرۆشتن بە داخەوە باسی لێنەکراوە کە داندرابوو./
٩مانگ زەحمەت بۆ ئامادەکردنی ئەو دوو بەرهەمە کێشراوە، لە فستیواڵی ماملێ دا، باسی لێنەکرا، کەچی هەر ئەو مەڵبەندەش کاری بۆ کردبوو! /
زۆر کەسی دڵسۆز و شەریف، کاریان بۆ ئەو دوو بەرهەمە کردووە. لە سابڵاغێ ڕا بۆ باشور وهێنان بۆ ئاڵمان و شارەکانی دیکەش پاشان بۆ ستۆکهۆڵم ، کەچی سپاسی کەس نەکرا./
فستیواڵەکە سەرکەوتوو بوو، بە زانیاری هەمەڕەنگ و جۆراوجۆرەوە./
٤- ڕاتان لەسەر پێشوازی و ئامادە بوونی خەڵک چییە؟
وەڵام :
لەچاو بەرنامەی پێشتری لایەنە سیاسییەکان باشتر بوو./
دەبوو خەڵک زیاتر هاتبان و بەشداریان کردبا./ سەرەتا کەم بوو، پاشان قەرەباڵغ بوو./ ئامادەبوان، ڕازی و خۆشحاڵ بوون./
ساڵۆنەکە، جێگای ٣٣٠ کەسی هەیە، پڕ نەبوو./ زۆر باش بوو، ئامادەبوان بە دڵ و بە گیان حزوریان هەبوو./
کەمتر لە ڕادەی چاوەڕوانکراو بوو./ وەختیان نەبووە، کاریان هەبووە./
بەگشتی بە گوێرەی ژیان و گرفتاری خەڵکی ئێرە، باش بوو./
هەرچەند خەڵکی زۆر نەیان زانیبوو ، ڕێکلامەکەشیان نەدیبوو باش بوو./
ئامادەبوان، بە تامەزرۆیی هاتبوون، هەموویان پێیان خۆش بوو، بە ڕێز و حورمەتەوە پێشوازیان لە ئاهەنگەکرد./
نزیکەی ١٢٠ کەس بەشدار بوون، پێشوازیان زۆر باش بوو./
نزیکەی ٢٥٠/٢٠٠ کەس هاتبوون، کارەسات بوو./
کەسانی ئاگادار و عەلاقەمەند بە هونەری ماملێ و خالەقی بوون، لە کۆتاییشدا، بە خۆشییەوە خەڵکی ڕەزایەتیان هەبوو، کاک مەزهەریش، ڕازی بوو./
لەو ٢٥٠ کەسەی هاتبوون، ڕادەی ٣٠ دانە سێ دێ و ٨ کتێب فرۆشراوە./
ئەو خانمەی کە فرۆشیاری بەرهەمەکانی ئەنیستیتۆ بوو، نزیکەی ٢-٣ هەزار کڕۆنی فرۆشت، ئەویش زیاتر عەکس/ وێنەکانیان دەکڕی.
٥- کەم وکۆڕی دیکەی ئاهەنگەکە چی بوون؟
وەڵام :
کاتی بەرنامەکە، زۆر بوو. / گیرو گرفتی کۆمپیوتێرەکە ، هێندێک ڕیزی بەرنامەکەی گۆڕی. / هیچ بەرنامەیەک بێ کەموکۆڕی نییە، بەڵام ئەو ئاهەنگە لە چوارچێوەی خۆیدا، ٩٠٪ سەرکەوتوو بوو./ کامپیوتێرەکە هی ساڵۆنەکە بوو کە فۆرماتی فیلمەکەی نەدەخوێندەوە، دواتر هی دیکەیان هێنا فیلمەکە پێشاندرا./
مامۆستایان ماملێ و خالەقی، بە هونەری گۆرانییەکانیان ناسراون، دەکرا نێوئاخنی بەرنامەکە بە گۆرانییەکانیان پڕکراباوە، بەتایبەتی لە کاتی پشوودان و پێشانگای کتێبدا، یان کاتی تێکچوونی بەرنامە ، هەروەها لە سەر وێنەکانی کلتوری کوردەواری ، زۆر خۆشتر و ڕازاوەتر دەبوو./
کاتێک وێنەی ئاهەنگی نەورۆز و سروشتی کوردستانیان پێشان دەدا، دەبوو ناوی وێنەگرەکانیان لە سەر نووسرابان یان ئاماژە بە ناوی ئەنیستیتۆی کوردی کرابا و مافی وێنەگران پارێزرابان./
سپاسی بەشداران بە تایبەتی لە هونەرمەندان و شاعیرانی ئامادەبوو کرابا./
فاروقی فەرهاد، یارمەتی فرۆشتنی کتێب و سێ دێی کرد، سپاسیان نەکرد./
بە خەڵکیان ڕانەدەگەیاند و هانیان نەدەدان کە بەرهەمی خۆیان بکڕن./
گلەیی ژنان، سەبارەت بەو کەسانەی کە بانگ کرانە سەر شانۆ، لە کۆتاییدا سپاسیان کردن./
گلەیی کاک مەزهەر لە ئامادەبوان، پرسیار نەکردنیان سەبارەت بە شتەکان بوو./
بەشی هونەری و موزیکی زیاتر پێویست بوو./
٦- پێشنیارتان بۆ ساڵی داهاتوو چییە ؟
وەڵام :
بەرنامەی بەخشینی خەڵات، هەڵوێستێکی ژیرانە و ئەرکێکی پیرۆزی مرۆڤانە و نەتەوەییە./ کارێکی گشتییە و پێویستی بە هاوبیری هەمە لایەنەی پسپۆرانەی بێ لایەن و بێ غەرەز و بێ کێشەی دەوێت./
بەردەوامی چالاکی ئەو ئەرکە گرینگە، لە بواری مادییەوە بۆ بنەماڵەی ماملێ ، فشار و قورسایی زۆرە . بە ئیمکاناتی شەخسی و بنەماڵەیی زەحمەتە و بێ کەم و کۆڕی نابێت./
بۆیە پێویستە کە لەگەڵ حکوومەتی کوردستان هەماهەنگی بکرێت و پێداویستییەکان بە پشتیوانی دەوڵەتی دابین بکرێن./
پەیوەندی بە کەسانی شارەزا و پسپۆری موزیک و بوارەکانی هونەری بکەن، ڕێگە بە گەنجانی بە توانا بدەن./
بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە لە دەرەوە، چەند وەرگێڕ دیاری بکرێت. ئەویش پێشتر بە هەماهەنگی بۆ وەرگێڕانی دەقەکان ، مەسەلەن باسی سیمنار بە شارەزایی./
ئامرازی تێکنیکی پێویست ، پێشتر دیاری و تاقی بکرێنەوە./
شایستەیە بە بوونی ژنانی زانا و پسپۆر،کە توانای هاوکاری و قسە کردنیان لە سەر ناوەرۆکی بابەتی بەرنامەکان هەبێت، بەشدار بکرێن./
ساڵی داهاتوو ئەگەر هونەرمەندی شایستەی ژن هەبێت، خەڵات بکرێت./
ریزی بەرنامەکان بە گوێرەی پێویست و ڕەچاوی کەم و کۆڕی و ڕخنە و پێشنیارەکانی گونجاوی ڕابردوو، بە وردی دیاری بکرێن و ئەرکەکان دابەش بکرێن ./
پێشوەخت بە هۆی مێدیاکانەوە، بە چەند جار ڕێکلام و ئاگاداری ڕێک و پێکی بۆ بکرێت./
پرسیاری ڕاپرسی بەرنامەکانیش، بۆ باشتر بوونی بەردەوام ، پێشتر بە نووسراوە ئامادە بکرێن و بدرێن بە ئامادەبوان و داوای پڕکردنەوە و گەڕاننەوەیان بکەن./
لە کاتی بەڕێوەچوونی بەرنامەشدا، پێویست بە چەند چاودێر دەکات کە کۆنتڕۆڵیان هەبێت، ریزی بەشەکان نەزمی هەبێت، و هیچ لە قەڵەم نەکەوێت، یان بە گوێرەی هەڵکەوت و ناچاری، ئاڵتر ناتیوی لەبار و خێرایان هەبێت./
هەموو ساڵێک بۆ دەنگ دانەوە و ناساندنی ، لە ناوەو ە و لە دەرەوەش بەڕێوە بچێت./
بە بێ جیاوازی و زیاتر دێموکڕاتتر خەڵات پێشکەش بە هونەرمەندانی هەموو پارچەکان بکرێت./
ئەگەر قەرار بێت بەخشینی خەڵات لە داهاتوو دا، لە باشور ، یان شوێنی دیکەی وڵات بەڕێوە بچێت، دیارە بە گوێرەی جێگا و ئیمکان و دیاری کردنەکان، ئاڵ وگۆڕی بە سەر بەرنامەکانی ڕابردوو دا دێت./
بۆ وێنە ئەگەر وەکی ئێرە بەرنامەکە چەند بەش بێت، دەکرێت کە بەشی بەخشێنی خەڵات مەبەستی سەرەکی ڕۆژی دیاری کراو بێت./
خەڵکی دەتوانن لە ڕۆژانی دیکە دا سەردانی پێشانگا یان شوێنی چالاکی دیکە بکەن./
وا باشە کە سەرجەم فستیواڵەکان لە دەرەوە ، بە تایبەت لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە بچن. ئەو ساڵ ئەزموونێکی باش بوو، لە داهاتوودا زۆر باشتر دەبێت و ناوبانگی پتر دەبێت./
بە ڕای کەسایەتی کورد کە لە ناوخۆ بەشداری لە فستیواڵەکانی پێشوو کردووە، کەم و کۆڕی زۆر بووە ./
لە کوردستان هەموو شتێک لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ کراوە. هەوڵەکەش ئەوەیە کە ئەگەر داوا لە حکومەتی کوردستان بکرێت، پشتیوانی مادی و مەعنەوی بۆ بەڕێوە بردنی فستیواڵەکان لە ستۆکهۆڵم تەرخان بکرێت./
بە پێچەوانەش بە هاوبیری و هاوکاری گشتی، بە دانانی فۆند، و حەقی ئەندامەتی هاووڵاتیان لە دەرەوە، دەرچووی پێداویستییەکانی فسیتواڵەکان دابین بکرێت./
٧- ئەگەر ڕا و بۆچوونی زیاترتان هەبێت ؟
وەڵام :
هەوڵبدرێت بۆ بەڕێوەبردن لە لاوانی پسپۆریش کەڵک وەربگرن./
هەوڵدان بۆ ناساندنی کولتوور و سەربەخۆیی خۆمان ، کە دوژمنان، نەتوانن لەوە زیاتر بەرگریمان لێبکەن./
دەبوو چەند قات بۆ ئەو فستیواڵە سپاسی خەڵکی یارمەتیدەر بکەن./
بۆ داهاتوو سەرنج بدەن کە دەبێ سپاسی خەڵک بکەن./
هیوای بەردەوامی و ئەرکی فەرهەنگسازییە، بە هەموو هونەرمەندان ڕابگەن./
حکومەتی کوردستان پشتیوانی بنەماڵەی ماملێ بێت و یارمەتیان بدات کە لە پانتاییەکی گەورەترو لە هەر چوار پارچەی کوردستان هونەرمەندان یارمەتی بکرێن./
بۆ چی ڕادیۆ زایەڵە ، هیچ یارمەتێکی ڕاگەیاندنی نەکرد و هەواڵنێریشی نەهاتبوو. /
بۆ چی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان ، هیچ پشتیوانی و بەشدارییان نەبوو. /
بۆ چی ناوەندی ڕۆشەنبیری ڕووناکی، هیچ پشتیوانی و بەشدارییان نەبوو. /
زۆر باش دەبێت ئەگەر تلەویزیۆنێکی کوردی سەرجەمی فیلمی فستیواڵەکە پێشان بدات./
هاتنی بەڕێز دوکتور سالار عوسمان، جێگری وەزیری رەوشەنبیری لە لایەن حکومەتی کوردستان بۆ بەشداری لەم فستیواڵە و هێنانی دوو دیاری بە نرخ ” فەڕشی دەستچن بە نەخشی ئاڵای کوردستان بۆ مەڵبەندی هونەری ماملێ و قابێکی هەڵكەندراو بۆ بەڕێز مامۆستا خالەقی، بوو بە هۆی خۆشحاڵی و بە تایبەت قسە بەنرخ و ئومێد بەخشەکانی بە شایستەیی دەگەڵ ڕەزامەندی و شانازی ئامادەبوان بەرەو روو بوو.
لە کۆتاییدا هیوای سڵامەتی ، شادی و سەربەرزیتان بۆ دەخوازم
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم
براتان ئاسۆ موکریانی
٢٠١٧ /٠٦ /١٠

بابەتی پێوەندیدار