Skip to content

یادی دەکەین

لە پەڕاوێزی پشتیوانی کردنی کۆمەڵەی شاخەوانی مەهاباد لە ئاڵبۆمی “ڕێژنە”ی  محەممەد ماملێ و سەردانی ئەم بەڕێزانە بۆ ئێستریۆ ئەسرین، (ناوەندی فەرمەی بڵاوکردنەوەی ئەم ئاڵبۆمە لە مەهاباد)، کاک یۆسف فازلی بەم هۆنراوەیە ئەم سەردانەی بەرز نرخاندووە و هەستی خۆیانی ئاوا هێناوەتە زمان.

یادی دەکەین

کە شاخەوان بە شاخان دا هەڵدەگەڕێ
هەڵۆ شەقڵی ئاسمان دەشکێنێ
خۆرەتاو بەرەو بانترە هەڵدەزەنێ
دەنگی خوڕەی ئاوهەڵدێران
لە لاپاڵان دەهاڕێنێ

لەم سەرەوە
دار خۆی دەڕنی
زەوی هێندە تر ڕۆدەچی
خاک لەبەریەک دەکشێتەوە
لەم سەرەوە

کە شاخەوان دادەگژێتە خوار
دار دەستی ماچ دەکات
زەوی بۆی دەبێت بە فەڕش
خاک دەبێتە ڕاخەر
شاخەوان لە باوەشی دا
چەپک چەپک گوڵی پێیە
بزە و هێزی، خۆشەویستی لەگەڵدایە

کە شاخەوان لەبەر دەرگای تۆمارگەیەک
یادێک دەکا لە بەڕیزێک
لەسەر قافڵەی
خۆر و هەڵۆ و ئاوهەڵدێران
بۆنی عەتر
لەشی بێ‌گیان دەڕووژێنێ
نازەنینێک زۆر بە ناز چاوان هەڵدێنێ.

پەیکەرێکی باڵابەرز لەم بەرێزە
لە “ماملێ”
دێتە بەرچاو.

یادی دەکەین، وەکو هێمن
وەکو هەژار
وەکو شاعیر
وەک گۆرانی
وەکو ئێستای شاخەوانان
یادی دەکەین
هەتا هەتا.
یۆسف فازلی
٣٠/٥/٩٦

بابەتی پێوەندیدار