Skip to content

سەردانی نوێنەری مەڵبەند لە مامۆستا عەزیز شاروخ

بەداخەوە ماوەیەک لەمەوپێش دۆخی تەندرووستی مامۆستا “عەزیز شاڕوخ” ناجێگیر ببوو و چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانەی مەهاباد و پاشانیش لە تەورێز چارەسەری پزیشکیان بۆ کرا.
نەخۆشیی مامۆستا شاروخ، بوو بە هۆی دڵگرانی کۆمەڵانی خەڵک و دەنگدانەوەی زۆری لە سۆسیال مێدیاکان دا بەدوای‌خۆی دا هێنا.

جەماوەری هونەرپەروەری کوردستان لەو ماوەیە دا کە مامۆستا لە نەخۆشخانە بوو بەردەوام لە ئەحواڵیان دەپرسی و دەستەودۆعا بۆی ڕاوەستابوون تا سڵامەتییان بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی.

 ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان نوێنەری مەڵبەندی هونەریی ماملێ، هاوری لەگەڵ پۆلێک لە هۆگرانی هونەر، سەردانی هونەرمەندی مەزنی کورد، مامۆستا عەزیز شاروخ‌یان کرد و لە دۆخی تەندرووستی بەڕێزیان پرسی.

بە خۆشییەوە نزای گەلی کورد هاتە دی و مامۆستا ئەمڕۆ بە سڵامەتییەکی باش پێشوازی لە میوانانی خۆی کرد و بە بزەی سەر لێویان ئەم پەیامە دڵخۆشکەرەی پێداین کە نەخۆشییەکەی بەرەو چاکبوونەوەیە.

هونەرمەند عەزیزی شاروخ خەڵکی مەهابادە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٣٨ی زایینییە. دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە و وەک مامۆستا لە خوێندنگاکانی مەهاباد وانەی گوتۆتەوە. بەهۆی چالاکی سیاسییەوە چەند جارێک ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە تاوانی چالاک بوون لەگەڵ ویست و داخوازەکانی گەلی کورد، لە کار دەریان کرد و کەوتە دۆخیکی نالەباری ژیانەوە بەڵام، خۆڕاگری و نەفسبەرزی مامۆستا و بنەماڵەی سەربەرزیان، بوو بە جوانترین وەڵام بۆ سەبەبکارانی.

هیوای تەمەندرێژیمان هەیە بۆ مامۆستا عەزیز شاروخ‌ و ئاواتەخوازین بەردەوام بن لە خزمەت بە هونەریی کوردی

بابەتی پێوەندیدار