Skip to content

“هێمن”ـە هەرکات زیندووەکەی کوردستان

شازادەی تێکستی کوردی مامۆستا هێمن موکریانی پاش ژیانێکی پڕ لە بەرهەم و خزمەت بە زمانەوانی و ئەدەبی کوردەواری لە ئێوارەیەکی بارانی بەهاری ساڵی ١٩٨٦ی زایینی ماڵئاوایی لە زێد و نەتەوەی کورد کرد. ئەوەی کە جێگەی سەروەری و شانازی ئەو بیرمەندە کوردەیە، جیا لە هەموو خزمەتێکی کە لە ئاستی توانایی خۆیدا لە بەرانبەر نەتەوەکەی نواندنی، لە زەمەنێکدا کە هیچ دەرفەتێک بۆ دەربڕین و پەرەپێدانی چەمکی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبوو، خۆی بە خاوەنی هەموو کارەساتە دڵتەزێنەکانی کوردستان دەزانی و مێژووی دڵتەزێنی گەلەکەی لە ڕێگەی شێعرەوە تۆمار دەکرد.

بە هۆی ئەوە کە جوانناس و جواننووسی موکریان ڕێزێکی بێسنووری بۆ فێرگە و شوێنی خوێندن هەبوو، هەر بۆیە حەزی کردبوو کە پاش کۆچی دوایی لە گوندی خانەقایە بنێژرێت کە سەردەمانێک تێیدا فێری زانستی ئەو سەردەم ببوو، لە گۆڕستانێک کە شێخی زانای ناسراو بە شێخی بورهان تێیدا حەسابۆوە.

سەرەڕای ئەوە کە خزم و کەسی نزیکی مامۆستا هێمن لە سەر ئەوە کۆک بوون کە دانەری جوانییەکانی ئەدەبی کوردی لەو شوێنە بە خاکی نیشتمان بسپێرن، بەڵام مامۆستا محمد ماملێ لە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی و هەست بە بەرپرسیارەتی لە ئاست پێداویستی ڕێزلێنان لە ئەدیب و شاعیری نەتەوەیی فەرمووی کە هێمن پێویستە لە شوێنێک بنێژرێت کە هەرکات ڕووی لە چوارچرا و گڵکۆی پێشەوای مەزنی کوردستان بێ. هێمن شاعیرێکی نەتەوەییە و پێویستە لە شوێنێک بە خاک بسپێردرێت کە هەر کەس بە سانایی بتوانێ بیدۆزێتەوە و سەردانی بکا. هەموو نزیکان و خزمان لەوە ئاگادارن کە بایەخ و خۆشەویستی شێخی بورهان لای مامۆستای دەنگخۆشی کوردستان گەلێک زۆر بوو، بەڵام لە ڕوانگەی ماملێی کوردستانییەوە نەدەکرا کە هێمن لە مەهاباد داببڕێ و پاش ئەو هەموو بیرەوەرییەی کە خۆی لەم شوێنەدا لە ناو دڵی خەڵکدا بەجێی هێشتبوو، هەروا وە پشت گوێ بدرێن و لە شوێنێکی دوور لە پێتەختە ژیکەڵەکەی کۆماری کوردستان بنێژرێت.

ئەو بیرۆکەیە نە تەنیا لە لایان خزمان و خۆشەویستانی مامۆستا هێمنەوە پێشوازی لێ کرا، بەڵکوو دەستپێکی دامەزرانی پێگەیەکی هەتاهەتایی بوو بۆ سەرجەم ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی کە بواری ناشتنیان لە شارەکەی پێشەوای ئازیزی کوردستان هەبووە. پێگەیەک کە ئەمرۆکە کەسانی زێدە ئازیزی نیشتمانی وەک مامۆستای مامۆستایان کاکە هەژاری موکریانی و خاڵە مین، مامۆستا مەلا غەفوور و ….هتد لێ بە خاکی نیشتمان سپێردراوە، خاکێک کە هەموویان لە چرکە چرکە ژیانیاندا خزمەتیان پێ کرد و ڕازاندیانەوە.

بەشێکی بەرچاوی چوێنییەتی ماڵئاوایی کردن لە مامۆستا هێمن موکریانی و بە خاک سپاردنی ئەو، لە لایەن مامۆستای ئازیز، هێژا حاجی ”قادر قادری”یەوە ناسراو بە هیوا بە شێعر هۆنراوەتەوە. لە ژیرەوە دەقی ئەو شێعرە جوان و پڕ لە سۆزەی مامۆستا هیوا دەگەڵ چەند وێنەیەکی مێژوویی پێشکەش بە میوانانی ئەم پێگەیە دەکەین. ئەم شێعرە لە دیوانی شێعرەکانی مامۆستا هیوادا کە لە پەرتووکێکدا بە ناوی هەژارنامە بە چاپ گەییشت بڵاو بۆتەوە. ناوی ئەو شێعرەی کە پێوەندی بە مێژووی ناشتنی مامۆستا هێمنەوە هەیە، ‘لە یادی هێمن، شینی هیوا’یە کە وێنەی ئەو لاپەڕەی پەرتووکەش دانراوە خزمەتتان.

مەڵبەندی هونەری ماملێ لە ٢٧ەمین ساڵوەگەری کۆچی دوایی مامۆستا هێمنی خۆشەویستدا، لە سەر وەفا و ئەڤینی بەرانبەر ئەو گەورە زانایە پێداگری دەکاتەوە. ڕۆحی شاد بێ. ئەی خامە بڕۆ بنوسە بۆ من
هەڵبەستێ بە یادی گۆڕی “هیمن”
ئەو گۆڕە لە لێژی نێژراوە
تاقە و کە بە تاق سپێردراوە
لێژی بەشی کوردی بەش بڕاوە
گۆڕیشی لە لێژی پێ بڕاوە
ئەو تەرمە بوو هۆنەری گەلی کورد
بۆ گەل دەژیا و لە نێو گەلی مرد
هەستێکی هەبوو کە بۆ نموونە
بۆ هەر کەس ئەوە عەیان و ڕوونە
بیری وی وەکوو خەیاتە باریک
ئیقباڵی وەکوو شەوەی  بۆ  تاریک
کاتێک دەچوو بەر لەقایە
ویستیان کە بیبەن بۆ “خانەقا”یە
“ماملێ” بوو دەگەڵ گەلێ ووتی پێم
یا لێرە دەنێژرێ یا دەکوژرێم
خوا خێری بداتێ بەم ڕەجایە
لاچێ لەسەری هەرچی بەڵایە
“ماملێ” وەرە بۆی بڵی بە گەرمی
شینێکی بکە لە دەوری تەرمی
بخوێنە لەوێ بە ئاه و ناڵین
دڵ پڕ کووڵ و سۆز و چاو بە ئەسرین
تێهەڵکە بە کووڵ بڵێ بە تەرزێ
عەرزیش لە بەرابەرت بلەرزێ
هەرچی لە دڵا بە دڵ بوێژە
تامی خەمی دڵ بە گڵ بچێژە
لەو لێژە کووڵی دڵت بڕێژە
کۆلاوی تەمت لەوێ بنێژە
دنیایە لە ئاه و ناڵە پڕکە
باڵندە لە ئاسمان وەخڕکە
بۆ ڕووحی وی فاتیحەش بنێرە
چون فاتیحە بۆی بخوێنە خێرە

بابەتی پێوەندیدار