Skip to content

بۆکان ئەمساڵیش ماملێ‌ی لەبیر نەکرد.

لە شاری بۆکانی لانکی کوردایەتی و بێشکەی ئەدەب و کانگای هونەر، ئەمساڵیش چەشنی ساڵان، یادی ماملێ کرایەوە. لە بۆکان گرنگ نییە ژیان تا چ ئاستێک دژوارە و کۆسپی بەردەمی ژین چەند زۆرن، گرنگ نییە گورگە دڕەکان چڵۆن سەرداو و بنداویان لێگرتوون، گرنگ نییە بەکام درووشم، بەکام هۆتاڤی شیرین، ژەهراویمان دەکەن و زمان و ڕێنووسمان دەبووغزێنن و دەیتوێننەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بۆکان، لە چەپەری پێشەوە و لە مەتەرێزی کۆردایەتی دا لە سیلە دایە و بۆ پاراستنی زمان و فەرهەنگمان حەماسە دەئافرێنن. ئەوان بە پەروەردەکردنی دەیان کوردیزان و شارەزا و دڵسۆزی زمانی کوردی، سروودی (ئەی ڕەقیب، ماوە قەومی کورد زمان)مان بۆ دەڵێنەوە.

یاد کردنەوەی ئەدیب، هونەرمەند، زانستیکاران و داهێنەرانی کورد، یەک لە چەکە کاریگەرەکەیانە کە لە بەکارهێنانی ئەو چەکە دا، لینگەیان نییە.

شاراوە نییە کە گرفت و بەربەستەکان بۆ کردنەوەی یادێکی ئاوا کە بە پلان و پێشتر داڕێژراو بێت، چەندە زۆرن و چەندە دژوارە بەڵام، برک و ژانێکی نیشتمانپەروەرانە و هەستی وڵاتخۆشەویستی، وا لە مرۆڤی دەروەست دەکات تا هەر گرفتێک نەدیو بگرێت و بەزیو بکات بۆیە، یادی ماملێ‌یان لە کەشێکی کوردانە و دۆخێکی خۆمانە دا بەڕیوە برد. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستی ماڵپەڕەکەمان کەوتووە، ڕۆژی چوارشەم ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی/24/٠١/٢٠١٨ زایینی، کۆڕی ئاسایی (کۆمەڵەی/ئەنجومەنی ئەدەبی بۆکان) تەرخان کرا بۆ یادکردنەوەی ماملێ.

خوێندنەوەی شێعر ، پەخشان، تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی هونەری/ئەدەبی و باسکردنی زانستییانە لەسەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ژیانی هونەریی ماملێ، ناوەرۆکی کۆڕەکەی  پێکدەهێنا. لە ڕاپۆڕتەکە دا ئاوا هاتووە:

سەرەتا کاک یاسینی قوڕەیشی، باسێک لەسەر ژیانی مامۆستا ماملێی کرد وەک (پێشکەشکار)

خاتوو سەیدزادە خاقان باس لە مامۆستا ماملێ و ژیانی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو

و شێعرێکی پێشکەش بە مامۆستا ماملێ کرد.

ئومێد شادئەزوەن (ئارۆ)، باسی مامۆستا ماملێ وپێشکەش کردنی شێعر.

خاتوو منیرە فەیزە (سابات) باس لە ژیانی مامۆستا ماملێ وپێشکەش کردنی شێعر.

خاتوو ئامینە چاک، باس لە ژیانی مامۆستا ماملێ و پێشکەش کردنی شێعر وحەیران.

کاک کاوە شەریفی، باس لە مامۆستا ماملێ و پێشکەش کردنی شێعر.

کاک سەلاحی خزرنیژاد، پێشکەش کردنی شێعر.

کاک ناسر ڕەسووڵی، باس لە مامۆستا ماملێ وقسە لەسەر موسیقای کوردی.

خاتوو زیبا کەڕامەتخاە، پێشکەش کردنی شێعر.

کاک خالید عەسکەری، باس لە ژیانی مامۆستا ماملێ.

کاک حەسەن وەلەدی، پێشکەش کردنی شێعر.

بابەتی پێوەندیدار