Skip to content

دەستدرێژی بۆ سەر گڵکۆی هونەرمەندی نەتەوەیی کورد محەمەد ماملێ مەحکووم دەکەین

ڕۆژی هەینی ٢٠/١٠/١٣٩٩هەتاوی، گڵکۆی هونەرمەندی نێودار کاک محەمەد ماملێ بە هۆی نادیار و لایەنی نەناسراو، تووشی خەسار هات.

یادزیندوو کاک محەمەد ماملێ، کەسایەتی ناوداری هونەر و مۆسیقای کورد، سەربەرزانە ژیانی خۆی لە پێناو گەشە پێدانی مۆسیقا و ئەدەبی کوردیدا بردە سەر و توانی وەک کەسایەتیێکی نیشتمانپەروەر ببێتە خاوەنی پێگەیێکی بەرز و بەڕێز لە دڵی نەتەوەکەیدا.

luqman

نێوبراو ٥٤ ساڵ لە تەمەنی خۆی لەو پێناودا  تێپەڕ کرد و بە دەنگێکی تایبەت، سەدان ستران و بەرهەمی بەنرخی پێشکەش بە بواری مۆسیقای کوردی کرد.

لایەنێکی تایبەتی دیکەی ژیانی یادزیندوو محەمەد ماملێ، هەستی نەتەوایەتی و مێژینەی خۆڕاگریی لە ئاست نەیاران و دەسەڵاتدارانی دژی گەلیی ئێران بوو. نێوبراو بە شنەی کۆماری کوردستان پشکوت و هەتا دوایین هەناسە بە ئامانجە پیرۆزەکانی وەفادار مایەوە. بەو هۆیەوە لە لایەن ڕێژیمی شا و دواتریش ڕێژیمی مەلاکانەوە  دەستبەسەر و زیندانی کرا.

کوڕێکی ۱٦ ساڵەی کاک محەمەد بە نێوی کاک نەجات، لە ساڵی ۱۳٦۲ و لە گەڵ ۳٨ کەسی دیکە لە لاوانی مەهاباد لە لایەن ڕێژیمی ئێران و لە شاری تەورێز ئێعدام کران.

گڵکۆی کاک محەمەد ماملێ لە شوێنێکی تایبەت بە کەسایەتیە هونەری، نووسەران و شاعێرانی کورد هەڵکەوتوە کە یادزیندوان مامۆستا حەمەدەمین شێخولسلامی “هێمن”، مامۆستا عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی “هەژار” و وەرگێڕی بەناوبانگ محەمەد قازیشی لە باوش گرتوە. ئەمڕۆکە ئەو شوێنە بووەتە جێژوانی ڕووناکبیرانی کورد و ئەویندارانی نیشتمان و مەکۆیێک بۆ بیرەوەری و ڕێزگرتن لە ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی.

ئەو دەستدرێژیە بوو بە هۆی هەڵوێستی توند و تووڕەیی بەرینی کۆمەڵگای کوردستان. دیارە یەکەم جار نیە کە ئەو کردەوە چەوت و نامرۆڤانە ڕوو دەدەن! سووکایەتی بە گڵکۆی گیانبەختکراوانی گەلی کورد، شکاندنی کێلی ئەحمەد شاملوو، محەمەد عەلی سەپانلوو، هوشەنگ گوڵشیری و کەسانێکی دیکەیش دەکەونە بازنەی ئەو کردەوە قیزەونانەی ڕێژیمی ئێران و گۆپاڵبەدەستەکانی!

دڵنیاین کە ئەو چەشنە دەستدرێژیانە دەبنە هۆی ڕێز و خۆشەویستی پتری ئەو کەسایەتیانە کە لە دڵی خەڵک دان، هاوکاتیش ڕق و تووڕەری پتری خەڵکی لێ دەکەوێتەوە.

کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە دەستدرێژی بۆ سەر گڵکۆی هونەرمەندی خۆشەویستی کورد، یادزیندوو محەمەد ماملێ بە توندی مەحکووم دەکات و هاودەنگی و هاوبەشی خۆی لەو ڕووداوەدا تاڵەدا، لە گەڵ بنەماڵەی سەربەرزی ماملێ بە گشتی و هاوڕێی بەڕێز و تێکۆشەر کاک عەزیز ماملێ بە تایبەت، هەروەها هەموو خەڵکی کوردستان دەردەبڕێت.

لە گەڵ ڕێز

کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە

بابەتی پێوەندیدار