Skip to content

لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لەسەر ژیانی محەممەد ماملێ

لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لەسەر ژیانی محەممەد ماملێ

لەو لێکۆڵینەوەیەدا  بە ناوی (باسێک لەسەر ژیانی هونەرمەند محەممەدی ماملێ) کە لە لایەن زانکۆی سەلاحەدین‌ـەوە لە هەولێر ئەنجام دراوە، ئاوڕێک دراوەتەوە سەر ژیانی هەمەلایەنەی ماملێ بەتایبەت ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە. بەڕێزان مامۆستا هەژار محەممەد مستەفا سەرپەرشیاری پڕۆژەکە بووە و کاک محەممەد عەزیز حەمد‌ـیش ئامادەکاری پڕۆژەکە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەش بە کۆلێجی بەشی (موزیک) کراوە وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی موزیک.

ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ سپاس و دەستخۆشییان لێدەکەین بۆ ئەو کارە زانستی و جوانە. هەروەها لەبەر گرینگی باسەکە و فرەڕەهەندبوونی لێکۆڵینەوەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ دایدەنێین تا سوودی هەبێ بۆ لێکۆلەران و توێژەرانی تینووی ئەو بوارە.

تێبینی: وەک لە ناوئاخنی لێکۆڵینەوەکەدا دەردەکەوێ، لێکۆڵەر دەڵێ کە لە درێژەی توێژینەوەکەیدا یا سەرچاوەکان یا کەم بووە یا ئەوانەی کە هەبوون زیاتر لەبەریەک نووسینەوە بوون. وا دیارە سنوورداربوونی سەرچاوەی بەردەستی لێکۆلەرە بەڕێزەکان وای کردووە کە لە زۆر شوێن هەڵەی زانیاری و کەمایەسی لە داتاکاندا لەو لێکۆڵینەوەیەدا بەدی بکرێ بەتایبەت لە باسی یەکەم و دووهەم لە بەشی دووهەم ئەوە بەو مانایە نییە کە بایەخی لێکۆڵینەوەکە کەم بکرێتەوە بەڵکوو دەبێ حەقیان پێبدرێ کە بەداخەوە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و ئاکادێمی لەو بوارەدا کەمن. خاڵی پڕبایەخی ئەو لێکۆڵینەوەیە شرۆڤە و شیکردنەوەی کۆمەڵێک موزیکناس و شارەزایانی بواری موزیکە لەسەر هونەری ماملێ و کەند و کۆسپەکانی لەو ڕێیەدا، هەروەها هەڵسەنگاندنی خاڵە لاوازەکانی و بەهێزەکانی ئەو هونەرمەدەیە لە زمان شارەزایانەوە کە لەخۆی دا شتێکی دەگمەن و تاقانەیە و جێی دەستخۆشی و سپاسە.

سەرکەوتنیان بۆ بە ئاوات دەخوازین.