ئەوە سەردێڕ و ناوی یەکەمین چاپکراوەیە کە لە ساڵی ١٩٧٩ لەسەر خەباتی هونەری هونەرمەند محەممەدی ماملێ نووسراوە. ئەو چاپکراوە کە نووسەرەکەی بەڕێز مامۆستا (محەممەد کەساس)ـە وەک نامیلکە دەیناسێنێ و لە دووتۆی ٣٩ لاپەڕەدا خۆی دەبینێتەوە.
نامیلکەکە لەو بەشانە پێکهاتووە:
- وتەیەکی کورت
- سەرنجێک
- کورتەی ژیان و کاری هونەری ماملێ
- گۆرانی: هەوری لەکۆڵ
- گۆرانی: ئازیزەکەم
- گۆرانی: موو ناپسێنم
- گۆرانی: گیان و گیان و گیان
- گۆرانی: غەزەل (شاری دڵ)
- گۆرانی: سەوزە (سەوزە مەڕۆ)
- گۆرانی: زەمانە
- گۆرانی: پیری مەیخانە (ئەرێ ئەی بە زوولف و ڕووخسار)
- گۆرانی: بلوێری شوان
- گۆرانی: گوڵەکەم (گوڵەکەم دەڵێن ئەوە دێ)
- سوپاس
- نووسەر لە چەند دێڕێک دا
- چەند وێنەیەک لە ماملێ
گرینگی ئەو نامیلکەیە لەوە دایە کە لە کاتێکدا چاپ کراوە، کەمترین زانیاری لەسەر هونەرمەند محەممەدی ماملێ لەبەردەستدا بووە و نووسەر بە حەول و تەقەللایەکی زۆر توانیوێتی هەندێک وردەزانیاری لەسەر ژیان و سەربوردەی محەممەد ماملێ بە کرچوکاڵی کۆ بکاتەوە و چاپی بکات. دیارە بۆخۆی لە لاپەڕەی ٧ دا بە ڕوونی ئاماژە بە کەند و کۆسپەکانی کارەکەی دەکات و دەنووسێ:
(ماوەیەکی زۆر بوو بە ئاواتەوە بووم کە نامیلکەیەک لە چاپ بدەم دەربارەی کورتەی ژیان و گۆرانییەکانی هونەرمەند و مامۆستا “محەمەدی ماملێ”، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی تەواوم بەدەستەوە نەبوو بۆ زیاتر شارەزابوون لە ژیانی ئەو هونەرمەندە، دوای ئەوەش گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان لاپەڕەکانی خۆیانیان بێبەش کردبوو لە بڵاوکردنەوەی شتێک دەربارەی، وە تا ئێستاش ئەدیب و دڵسۆزانمان بایەخێکی ئەوتۆیان نەداوەتێ و بە بیریاندا نەهاتووە وە یان نەیانویستووە بە تەواوی بە جەماوەری گەلەکەمانی بناسێنن.)
محەمەد کەساس
ئەو کارە لە خۆیدا هەنگاوێکی گەورە و دڵسۆزانە بوو. بەڵام حاشا لەوەش ناکرێ کە لەسەر ژیان و سەربوردەی ماملێ کۆمەڵێک زانیاری هەڵەی تێدا بەدی دەکرێ کە بە پێی ئەو دێڕانەی لە بان لە زمان نووسەرەوە باس کران، مرۆڤ گلەیی لە نوسەر ناکات. بە خۆشییەوە هەنووکە زانیاری ورد لەسەر ژیان و بەسەرهاتی ماملێ لەبەردەست دان بۆیە، پێویستە ئەو نایملکەیە لە کات و زەمەنی خۆیدا هەڵسەنگێنین کە ژیان لەو سەردەمدا وەکوو ئێستا نەبووە و ئاستی چاپەمەنییەکان و پێوەندییەکان وەک ئەمرۆ نەبووە تا بە کلیکێک یا گوگلێک بەسەر دەریای زانیارییدا بکەوین. ئەو کارەی مامۆستا محەمەد کەساس لە کات و ساتی خۆیدا کارێکی گەورە و پڕ بایەخ بووە و کە کەمتر کەس دەیتوانی شانی وەبەر بدات.
ئەو نامیلکەیە لە (٢٠٠٠) تیڕاژدا چاپ کراوە و خواستی زۆر لەسەر بوو و زوور لە بازاڕ تەواو بوو.. مەڵبەندی هونەریی ماملێ زیاتر لە ١٠ ساڵە بە شوێن ئەو نامیلکەیەدا دەگەڕێ کە بە خۆشییەوە توانیمان هەم مامۆستا محەمەد کەساس بدۆزینەوە و هەم ئەو نامیلکە بەنرخەیان..
جێی خۆیەتی پڕ بە دڵ سپاسیان بکەین و هیوای تەمەندرێژی و لەشێکی ساخیان بۆ دەکەین و ئاواتەخوازین هەگبەی بەرهەمیان لە گەشە و زیابووندا بێ.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ