خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٦ ساڵه لەلایەن ناوەندی ماملێوە چالاکە و هەمووساڵێک پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری کوردیدا شوێندانەر و کارتێکەر بوون و گەشەیان پێ بەخشیوە.
ئەو ناوەندە وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە و لە بواری ماڵی و مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە پشتی بە بەرکی خۆی بەستووە و هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی.
لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، لە چوارپارچەی کوردستاندا مامۆستایان و هونەروەران:
- ١- قالە مەڕە
٢- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) - ٣- عەباس کەمەندی
- ٤- عەزیز شارووخ
- ٥- ناسر رەزازی
- ٦- زۆزان
- ٧- تیپی موسیقای سلێمانی
- ٨- مەزهەر خالەقی
- ٩- خەلیل خەمگین
- ١٠- حوسێن سەفامەنێش
- ١١- محەممەد ڕەزا دارابی،
- ١٢- دڵشاد سەعید
- ١٣- کاوە فەقیەزادە
- ١٤- شڤان پەروەر
ئەو خەڵاتیان پێشکەش کراوە.
لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی ناوەندی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیار درا کە خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پێشکەش بە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی بکرێ.
(عەلی ئەکبەر مورادی لە ڕێـکەوتی ۱٥ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۳٦ی هەتاوی (٦/٣/١٩٥٨ز) له گوندی “بانزلانی” ئێلی گۆران لە شاری “داڵاهـۆی” پارێزگای کرماشان و لە بنەمالەیەکی کوردی یارسان لەدایـک بووە. باوکیان بە کاری وەرزێڕی و کشتوکاڵ سەرقاڵ بووە.
مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی تەمیرەژەنینی لە تەمەنی شەش ساڵانەوە دەستپێکردووە و لەلای مامۆستایانی هەڵکەوتە و دیاری تەمیرە وەک:
۱-دروێش عەلیمیر دەروێشی
۲-سەید هاشم
۳-سەید وەلی حسێنی
۴-سەید مەحمود عەلەوی
۵-کاکی ئەڵڵا موراد حەمیدی
قۆناغەکانی فێربوونی سازی تەمیرەی تا ڕادەیەکی بەرچاو تەواو کرد. لە تەمەنی سی ساڵەی ژیانیدا، ژەندنی کۆی ۷۲ مەقامی تەمیـرەی فێـر بوو.
مامۆستا عەلی ئەکبەر کە مامۆستای خوێندنگاکانی کرماشان بوو، هاوکات چالاکی هونەریی خۆی بەچەشنی پیشەیی و شارەزایانە، لە ساڵی ۱٩٧١ی زایینی بە تاکژەنینی تەمیرە دەسپێکـرد و لە ساڵـی ۱٩٧٢ دەگەڵ هاوڕیانی هونەرمەند و دەستڕەنگینی خۆی “ئەلقاسی و خادەمی”، هەوەڵ گرووپی سازی تەمیـرەیان لە کرماشان پێـک هێنا.
عەلی ئەکبەر مورادی لە ساڵی ۱٩٩٣ی زایینی ڕا کەوتە سەر لێکۆڵینەوە لەسەر مێلۆدی و گۆرانییەکانی ناوچەی کرماشان و بە کۆکردنەوە و تۆماری مەقامە کۆنەکان توانی گەنجینەیەک لەو مێلۆدییانە بپارێزێک و ئاشتیان کاتەوە بە ئامێری تەمیرە.
ئەو لێکۆڵینەوانە دواتـر لەلایەن ماڵی کولتوورەکانی جیهان لە پاریس و، پاشان لە ئێران لەلایەن ڕێـکخراوەی ماهوور، لە کۆی چوار (سی.دی) بڵاو کرایـەوە. ئەو بەرهەمە، بەربژێـری خەڵاتی “گـرمی” بووە.
لە خەباتی هونەری مامۆستادا هاوکاری کردن دەگەڵ هونەرمەندانی بەناوی کورد وەک مامۆستایان: شەهرام نازری، کەیهان کەڵهوڕ، بیژەن کامکار، ئەردەشیر کامکار، ئولاش ئوزدەمیر و ئەرداڵ ئەرزینجان دێتە بەرچاومان.
مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی جگە لە چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێـبی (راهێنانی سەت دەرسی شێـوازی تەمیرەژەنین) کە وەک سەرچاوە و کۆڵەکەی ئەو ئامێرە کوردییە دەناسرێ، بە چاپ و بڵاو کردنەوەی بەرهەمگەلێکی تر لە بواری موزیک و گۆرانی کوردیدا توانیوێتی خزمەتێک گەورە بە موزیکی نەتەوەکەمان پێشکەش بکات کە بریتین لە:
تریکەی هانە، سەحەرواران، سیروان، مەهجووری، مهر و ماە ۱و ۲، سماع مستانە، در آینە آسمان، تنبور و کمانچە، مقامات مجلسی ۱و ۲، نسیم و گندمزار، یار آسمانی، پاییز، مانگەشەو، گەڵاڕێـزان، راز رود، بانگی بەیان و دووالە …
پێویستە بگوترێ کە مامۆستا مورادی لە دەرەوەی وڵات و لە فەڕانسە، بەرهەمێک بە ناوی (موسیقای کوردی) و لە ئامریکاش ئەم بەرهەمانەی بڵاو کردۆتەوە:
1-The fire of passion
2-whisper
3-korda
ئەو هونەرمەندە بێوچان لە کار و تێکۆشاندابووە. ئەو کە خاوەنی ٢ کوڕە بە ناوەکانی ئاڕەش و کوروش، کاری لەگەڵ کردوون و فێری تان و پۆی موسیقای کردوون. ئێستا هەرکام لەوان مامۆستایەکن لە موزیکی کوردیدا و تەنانەت لە چەندین کۆنسێرتدا لە ئامریکا و لە ئەوڕووپا شانبەشانی باویان دەرکەوتوون و بەرهەمگەلێکی کوردییان پێشکەش کردووە.
مامۆستا مورادی خاوەن پلەی یەکەمی هونەری “دوکتورای مووسیقا”یە. بەڕێزیان شارەزاییەکی باشیان لە لقە جۆراجۆرەکانی موزیکی کوردی و دەزگاکانی موزیکدا هەیە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و کۆروکۆبوونەوەکاندا، بۆ ناساندنی سازی تەمیـرە و مێـژووی دەوڵەمەندی ئەو ئامێـرە، سێمیناری بەڕێـوە بردووە.
مامۆستا مورادی لە بواری راهێـنانی تەمیـرە بە دروستکردنی فێرگەی موزیکی یارسان لە تاران بە هاوکاری بەڕێز حەیدەر کاکـی هونەرخوازی زۆری پەروەرده کردووە و لە گەشەی ئەو ساز و ئامێرە ڕەسەنە کوردییەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لە کارە بەرچاوەکانی مامۆستا مورادی، درووستکردنی (ماڵی تەمیـرە) لە ساڵی٢٠١٧ی زایینی، کە وەک ناوەندێکی گرینگ بۆ فێرکردنی فێرخوازان و هەروەها بۆ گەشە و پەرەپێدانی هونەری تەمێرەژەنی لە سنفی خۆیدای شۆڕشێک بوو و گەلی کوردی لەو ناوچانەدا گرێدایەوە بە تەمێرە و موزیکی ڕەسەنی خۆی. لە هەمانکاتدا ئەو ناوەندە بوو بە دینامۆیەکی بەهێز بۆ پەڕێوەچوونی فێستیڤاڵگەلێک بۆ کەونە گۆرانیگەلێک کە هەڵقوڵاوی تەمیرەن و هەنووکەش ئەو ناوەندە بۆ فێرکاری و پەرەپێدانـی موزیکی گەلی کوردی یارسان، بەردەوامە و خەبات دەکات، بەچەشنێک کە گوندی “بانزلانی” سەر بە ناوچەی گۆران لە کرماشان کە زێدی مامۆستایە، بووەتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ پاراستن و بڵاو کردنەوەی کۆمەڵە مێلۆدییەکی کۆن و ڕەسەنی کوردی، هەروەها ئەو گوندە وەک پێتەختی سازی تەمیرە پێناسەی بۆ دەکرێ.)
هەروەک ئاگادارن هەموو ساڵێک بە پێی توانامان، بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی ساڵ، مەراسیمێکی ڕێزلێنان و پێزانین لەلایان ناوەندی ماملێوە و بەهاوکاری کۆمەڵێک دڵسۆزی هونەری کوردستان ئامادە دەکرێت. بۆ مەراسیمی ئەمساڵیش لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئاگاداری دەدەینە ڕای گشتی.
کوردستان ئاوەدان
ناوەندی ماملێ