عوسمان ڕانیەیی
٢٣ى کانوونى دووەم، کە هاوکاتە لەگەڵ بەفرانبار و ڕێبەندان، ساڵڕۆژى کۆچباربوونی مامۆستاى هونەر و ستران (محمدماملێ) یە، بەڵام کوا ماملێ مردووە؟ ئەو هەموو سپێدەیەک لەگەڵ خۆر هەڵدێ و عەیامێکە سنگاو سنگ و هۆبە بە هۆبە، لالە بەدەستان ئاواز و بەستە و گۆرانییەکانى تێکەڵ بەڕازەکانى دڵییان دەکەن، لە جێژوانان لاوان ژووانى پێ دەگرن، لە کوێستان و لە گەرمێن، شوان و بێرى و ماملێ پێکەوە دەچنە هەواران، بە هەواى ئەوینى ماملێ یە مامە شوانى فەرەنجى لەبەر، لەژێر تریفەى مانگە شەو دا قامک لە بلوێر دەبزێوێ و دڵى شەوگار دێنیتە جۆش، قەتارەى دەنگى ماملێ یە کاروان دەخاتە ڕێ و ڕێبوار دەگەیەنێ بە مەنزڵ، ئەوەش هەر دەنگى ماملێ یە کە هەستى ئەوین لە دوورى دوورەوە بۆ خۆشەویستەکەیی و لە بەرخاترى تاقە براکەى گڕ لە شاعیر بەردەدا و کوڵى دڵ بە “بۆ واتکرد” دادەمرکێنێ، ماملێ نەمردووە، چوون هەموو وەرزێک شکۆفە و چرۆ دەکات، ئەو لە زستان لەگەڵ باران دەبارێ، لەگەڵ نەورۆز و نێرگز موژدەى بەهارمان بۆ دێنێ، هاونشینى هاوینانى کوێستان نشینان دەبێ، پایزانیش زەماوەندى گەڵا ڕێزانمان بۆ دەکات، ئەو لە خۆشیى و لەکاتى هەڵپەڕینا، لە کۆڕى ماتەم و گریان و شینا ئێمەى هەر لە بییرە، دێتەوە ناومان، لەگەڵمانە و دووبارە لە دایک دەبێتەوە.
* لەماوەى ٢٦ ساڵى کۆچى دوایی مامۆستا (محمدماملێ) هەمووساڵێک لە باشوورى کوردستان، یادى ئەو هونەرمەندە ئازیزەمان کردووە بە بۆنەیەکى نیشتیمانیی و بە هەوڵ و کۆششى حکومەتى کوردستان و کەسانێکى خەمخۆر، کۆنسێرت و بۆنە و ئاهەنگمان ڕێکخستووە، یەکێک لەو کەسایەتییە ئازیزانەى کە هەردەم پشتیوانى ماددى و مەعنەویی کردووین بۆ ئەو یادکردنەوەیە ، خوالێخۆشبوو کاک ( سەفیر ئەحمەد خاڵە) بوو یادى بەخێر، ئەو بەبیرێکى نیشتمانى و کوردستانى لەبابەتەکەى دەڕوانیی و (ماملێ)ى وەک یەکێک لە ڕەمزەکانى یەکبوونى کورد دەناسی، بەمشێوەیە هەوڵەکانمان تێکەڵ بەیەک دەکرد و دڵسۆزانە ئەرکى سەرشانمان بەجێ دەگەیاند.
نموونەیەک لە دڵسۆزیی و خەمخۆریی کاکە سەفیرى ئازیزمان، پارساڵ کە خەڵات و یادى (ماملێ)مان لە هەولێر ئامادەکردبوو، یەک ڕۆژ بەر لە یادەکە کاکە سەفیر لەنەخۆشخانەبوو بەستەرى دڵى بۆ کرابوو، ئێمە زۆر خەمبار بووین، لە گەڵ کاک وریا ماملێ، لەنەخۆشخانە سەردانمان کرد، ئەو دڵى ئێمەى دەدایەوە و هانى دەداین کە نەوەستین و بەرنامەکە بکەین، ڕۆژى دواتر کە یادەکە لەهۆڵى ڕۆشنبیریی بەڕێوە دەچوو، وێڕاى نەخۆشبوونی، هاتە ناو هۆڵەکە و بەشدارى یادەکەى کردین.
لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانى پاکى مامۆستا محەمەدى ماملێ. دروود و وەفا بۆ گیانى پیرۆزى کاکە سەفیرى ئازیز. یادی ئازیزان بەخێر و ڕێگەیان پڕ ڕێبواربێت.
عوسمان ڕانیەیی ٢٠٢٥/١/٢٣