Skip to content

بۆ کۆچی”بیوک ئاغا”

biyuk shakori
kak xane 1

عەزیز ماملێ
مامۆستای گەورەی ئامێری تار (بیوک ئاغا)[1]
مۆسیقای کوردی لە مەهاباد، دەوڵەمەندتر کرد.
مامۆستای گەورەی ئامێری تار (بیوک شکوری) رۆژی ٢٨ بەفرانبار لە نەخۆشخانەی شاری مەراغە ماڵئاوایی  لەگەڵ تار، مۆسیقا و ژیان کرد.ئەم هونەرمەندە بە ڕەچەڵک آذری یە لە ناو کۆمەڵگای هونەریدا خاوەن پێگەیەکی گرینگ و  لێوڕێژ لە ڕێز و حووڕمەت بوو. لە تێکەڵاوی ئامێری تار و سۆزی مۆسیقایی خۆی  وەها تابلۆیەکی لە هونەر دەئافراند کە کەم وێنە بوو.
بەرێزیان لە تەمەی لاوێتیدا هاتنە سابڵاغ و بۆ ماوەی چەند ساڵێک هاوکارێکی زۆر بە بایخی مامۆستا “محمدماملێ” بوون. بەرهەمەکانی تەژی لە جوانی و هونەر بوون کە ئاوێتەی هەستی ئەویندارانە و هەڵقوڵاوی ناخی بەدیهێنەرانەیان  بوو، لەو سەردەمدا  یاریدەدەرێکی مەزن  بوو بۆ هونەری گۆرانی لە شاری سابڵاغ  و لە هەمانکاتیشدا گەورەترین خزمەتی بە بەرهەمە هونەرییەکانی مامۆستا ماملێ دەگەیاند.
مامۆستا بیوک ژەنیارێکی بێ هاوتا و تاقانە بوو، لە جوانی دا روخساری جوان و پۆشتە پۆش، خاوەن  کاسایەتییەکی وێچوو، لە ڕادە بەدەر بە ئەدەب و جوان ڕەوشت بوو. لە پێشکەش کردنی بەرهەمەکان لەگەڵ مامۆستا ماملێدا وەها سەرکەوەتوو بوو کە دەتگووت لەگەڵ هونەر و گۆرانی کوردیدا گەورە بووە. ڕۆژێک کە ماملێ بۆ یەکەم جار گۆرانی “شیرەکەم لێدەڕژێ”ی  بە هاوکاری مامۆستا بیوک پێشکەش کرد، دوای تەواو بوونی گۆرانییەکە، لەپڕ بیوک ئاغا بۆ ماوی دوو کاتژمێران وون بوو. کاتێک کە هاتەوە هەستی خۆی بە جووتێک گۆرەوی[2] بە نیشانەی ڕێز و حووڕمەت بۆ ئەو گۆرانییە ڕەسەنە کوردیە پێشکەش بە مامۆستا ماملێ کرد.
ئەم دوو هونەرمەندە بە زمانی ئازەری بەیەکەوە ئاخەڤتنیان دەکرد بەڵام لە هاوکارییە هونەریەکانیدا لەگەڵ مامۆستا ماملێ، وەها هونەری دەنواند کە مرۆڤ وای هەست دەکرد، ئەم ژەنیارە ئازەرییە ، بە کوردی ژیاوە. بەداخەوە گەردوونی بێ بەزە رۆژی خۆشی بەم هونەرمەندە گەورەیە رەوا نەبینی و وردە وردە کێشەی روحی و دەروونی رووی لە زیادبوون دەکرد. لە پڕ وون دەبوو، کەس شوێنەکەی نەدەزانی و لە کاری هونەریشدا کێشە و کەمایەسی بەدی دەکرا. ئەو ڕۆژە زۆر دڵتەزێن بوو کاتێک کە خوشکی بەرێزیان هاتبوو بۆ سابڵاغ  تا مامۆستا بیوک بەرێتەوە بۆ مەراغە، نەیدتوانی ئەم خەڵکە بەجێ بهێڵێ، ئەم خەڵکەی کە مامۆستا بیوکیان خۆش دەویست و ئەوپەڕی ڕێزیان بۆ ئەم هونەرمەندە هەبوو، لە شەقامی سەرەکی شاردا دەستەوملانی خەلک دەبوو و ماڵئاوایی لێدەکردن، هیچکات ناتوانم ئەم بیرەوەریە تاڵانەی ئەو ڕۆژە کە بە چاوی خۆم بینیومن، لە یادیان بکەم. ئەو ڕۆژە مامۆستا بیوک لاوە قۆزەکەی جاران نەبوو، موووە رەختەکەی پاڕافینی پێوە نەبوون، جلکەکانی وەک جاران پۆشتە نەبوون، بەڵام هەر وەک جاران رەوشت جوان، وەفادار و خۆشەویست بوو. لەولاشەوە چاوەکانی پڕ لە ئەسرینی ماملێ، دەیڕوانییە ماڵئاوایی هونەرمەندێکی بێوێنە بە ژیانێکی تەژی لە بەسەرهاتی پڕ لە نەهامەتی، بە جۆرێک کە هیچی نەبوو لەم ڕۆژە ناخۆشەدا پێشکەشی بکات ، جگە لە ئاهێکی پڕ لە داخ و گرێ. بە نەخۆشی مامۆستا بیوک و بردنەوەیان بۆ شاری مەراغە، گورزێکی گەورە وە هونەری گۆرانی  سابڵاغ  و ناچەوکەی کەوت.
ئەمەکداری، میوانداری و گەورەیی جەماوەری سابڵاغ وەهای گاریگەری لەسەر مامۆستا بیوک دانابوو کە جار جار دەهاتەوە سابڵاغ و شارۆمەندان بە گشتی و ماملێی بە تایبەتی دڵشاد دەکرد. بێ یەک و دوو مامۆستا ماملێ دەیبردە حەمام و روخسارە جوانەکەی جوانتر دەکرد. بەداخەوە رووحی مەزنی  ئەم هونەرمەندە  ئاوازەیە ، ئارا و قەراری نەبوو و لە هیچ شوێنێک هەڵی نەدەکرد.
هەواڵی مامۆستا بیوکم لە هاوڕێیێکم پێ دەگەییشت کە زوو زوو سەردانی مەراغەی دەکرد. باسی رەوشی نالەباری ژیانی ئەم هونەرمەدە مەزنەی بۆ باس دەکردم کە بە ئارتەقای گەورەیی هونەرەکەی گەورە بوون. ئەمە لەکاتێک دایە کە کاربەدەستانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، تۆسقاڵێکیان کەرامەت نەبوو تا پشتیوانی لێ بکەن و بتوانن لە ئازارەکانی کەم کەنەوە. ئاخر هونەرمەند بیوک ئاغا  شایانی ئەمە بوو تا لەگەڵ زێرو گەوهەرهەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ.
بنەماڵەی ماملێ سەرەخۆشی خۆیان بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستای ڕاستەقینەی تار و مۆسیقا زانی گەورە آذری  ئاراستە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە و گەلی بەرێزی شاری مەراغە  وهۆگرانی هونەر دەکات.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەمەش باس بکەم کە هاوکاری مامۆستا بیوک و مامۆستا ماملێ وێنەیەکی جوان و پڕلە واتایە بۆ  بەیەکەوەژیانی دوو نەتەوە و نیزیک بوونەوە و ڕێزدانانی نەتەوەکان بۆ کولتور و جوانییەکانیان. یادییان بەخێر و روحیان شاد بێت.

عزیز ماملێ
پاریس
٢٩-١٠-٢٠١٤
18/01/2014

[1] – مامۆستا بیوک شکوری  لە  دەڤەری مەراغە  بە “بیوک ئاغا” ناوبانگی هەیە.
[2] – ساڵانی کۆن باو بووە کە یا دەسماڵی گیرفان یا جوتێک گۆرەوی بە دیاری دەدرا بە یەکتر.

کرتە لەسەر ئەو دێڕانە بکەن و بۆ گوێگرتن لە چەند بەرهەمێکی بیوک ئاغا دەگەڵ ماملێ

بابەتی پێوەندیدار