ئەو گۆرانییانەی دەیبیسن، یەک لەو دەگمەن گۆرانییانەیە کە بە تاری هونەرمەندی بەناوبانگی ئێرانی/ئازەری، بیوک شکوری (بیوک آقا) گوتراوە. بیوکئاغا بۆ ماوەیەک لە مەهاباد ژیا و لە کارە هونەرییەکانی دا بە سازی “تار” هاوکاری محەممەد ماملێی دەکرد. بیوک ئاغا مرۆڤێکی جوانچاک، شۆخ، بەڕێز و خاوەن کەسایەتییەکی خۆشەویست بوو. زۆر زوو لەناو کۆمەڵانی خەڵکی ئەو شارە دا جێێ خۆی کردەوە و ناوبانگی دەرکرد. گەلی کوردی زۆر خۆشدەویست و لەناویان دا هەستی بە غەریبی نەدەکرد. هەم کەسایەتییەکەی و هەمیش هونەرە بەرزەکەی ببون بە جێی سەڕسووڕمان و سەرنجی ئەو شارە. ماملێ ڕێزێکی تایبەتی بۆ ئەم هونەرمەندە هەبوو و لە ناخەوە خۆشیدەویست. لەو ماوە کورتە دا کە بیوکئاغا هاوکاری ماملێ بوو، لە زۆر کۆڕ و کۆمەڵ و زەماوەندان بەیەکەوە بەشدار دەبوون بەڵام، بەهۆی نەبوونی کەرەسەی تۆمارکردنی دەنگ، زۆر دەگمەن ئاسەوارێک لە کارە هاوبەشەکانی ماملێ و بیوک ئاغا لەبەردەست دا ماون. ئەوەی ماوە چۆنیەتییان ئەوەندە خەراپ بووە کە کەسانی لێزان و شارەزا و کەرەسەی پێشکەوتووی دەنگی گەرەکە تا بتواندڕیت ئەو ئاسەوارانە چاک بکەنەوە یا لە مردن ڕزگار بکرێن.
ماملێ سەبارەت بە بیوک ئاغا ئاوای دەگوت:
(بیوک جوانچاک و تەڕپۆش بوو. زۆری گرینگی بە جل و بەرگی دەدا. جوانییەکەی و تەڕپۆشییەکەی ببوو بە نەخش لێی. لە بواری کەسایەتییەوە زۆر بەڕێز بوو، تا قسەت لێنەپرسیبا، قسەی نەدەکرد. لە بواری هونەرەوە نەک من، بگرە زۆرکەس کە هونەری ئەو بەڕێزەیان دیوە لەو باوەڕە دان کە هونەرمەندێکی تاقانە و هەڵکەوتوو بوو. من کەسم نەبینیوەتەوە کە لە هونەری تارژەنین دا ئەوەندە شارەزا بووبێت. ئەو کاتێک تاری دەژەنی، وەها دە دوونیای هونەری خۆیەوە ڕۆدەچوو کە هۆشی لە دونیای حەقیقی نەدەما، وەک چۆن عارفێک دەچوو لە دوونیای (خەلسە)وە ئەویش ئاوا بوو. بەڕاستی ڕووحی وەربەر ئەو تارە دەهێنا.
خاڵێکی کە زۆر بەلامەوە گرینگ بوو ئەوە بوو کە لە هەموو دەزگاکانی موزیک دا شارەزایی هەبوو، تەنیا نارەیەکی بچووکت بۆ خوێندبا ، دەیزانی ئەو هەوایە کامە دەزگای موزیکە و لەکام گۆشە دایە و ناوی چییە. گەر لێیان دەپرسیم بۆچی ئەو تارژەنە کەمدوێیە؟ لە وەڵام دا دەمگوت ئەوەنییە بە تار دەدوێ! جا بەراستی بە تار قسەی دەکرد. هەموو گوێگرانی ناو مەجلیسی لەگەڵ خۆی ڕادەکێشا بۆ دوونیای خۆی)١
ڕۆژێک کە تاو هەڵدێت و خەڵک دەیانهەوێ بڕۆنە سەر کار و ژیانی خۆیان، دیمەنێکی دڵتەزێن دەبینن کە هەموو ئەو کەسانەی بینەری ئەو دیمەنە بوون، بە تاسەوە باسی دەکەین. ئەوان دەبینن کە بیوک ئاغا بە جلی نیوەڕووت و چڵکن، پرچی قژن و پێخواس لە شەقامەکانی شار دا بەبێئامانج دەخولێتەوە.
ماملێ لەو بارەیەوە ئاوا دەڵێ:
(بەیانییەک بەو هەواڵە ناخۆشە خەبەریان کردمەوە کە بیوکئاغا باری دەروونی تێکچووە و و بە جلی ڕووت و چڵکن دەخولێتەوە. باوەرکردنی بۆ من زۆر چەتوون بوو. بەپەلە خۆم تێکنا و چووم بۆ لای. تا دۆزیمەوە لە شەقامەکانی شار دا کەمێکی خایاند. کە چاوم پێیکەوت، ئەژنۆم شکا. زمانم نەدەگەڕا چوون، دەمزانی ئەو هونەرمەندە چەند گەورەیە و حەیفە ئاوای بەسەر بێت. بەهەرچۆنێک بێ تا ماڵەکەی خۆی بردمەوە و هەوڵم دا کە جلی لەبەرکەم و نانی بدەمێ. بەپەلە چووم دوکتورم هێنا سەیری. بەداخەوە ئەوانیش لێی ناهومێد بوون و گوتیان دەبێ بچێت بۆ تاران و لەوێ لە نەخۆشخانەی دەروونی بخەوێندرێت. بەهۆی ئەوە کە من هیچکەسی ئەو نەبووم لە بواری قانونییەوە بۆم نەبوو تا ڕاستەوخۆ بیبەمە نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونییەکان و بیخەوێنم بۆیە، ناردم بە شوێن خزم وکەسەکەی لە مەراغە. خوشکێکی هات و گوتی کە ئیمە خۆمان دەیبەینە تاران و دەخەوێنین. وەک لە زمانی خوشکەکەی زانیم کە بیوکئاغا ژنەکەی مردووە و ئەویش ئەو ژنەی زۆر خۆشویستووە. مەرگی هاوسەرەکەی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر داناوە بۆیە ئاوای لێهاتووە)٢
بەڕێز کاک عەزیز ماملێ کە کۆمەڵێک بیرەوەری لەگەڵ ئەو هونەرمەندە هەیە و لە کۆڕیان دا دانیشتووە و ئەو ڕۆژانەی هەمووی بە چاوی خۆی بینیوە ئاوا سەبارەت بەم هونەرمەندە دەدوێ:
(مامۆستا بیوک ژەنیارێکی بێ هاوتا و تاقانە بوو، لە جوانی دا روخساری جوان و پۆشتە پۆش، خاوەن کاسایەتییەکی وێچوو، لە ڕادە بەدەر بە ئەدەب و جوان ڕەوشت بوو. لە پێشکەش کردنی بەرهەمەکان لەگەڵ مامۆستا ماملێدا وەها سەرکەوەتوو بوو کە دەتگووت لەگەڵ هونەر و گۆرانی کوردیدا گەورە بووە. ڕۆژێک کە ماملێ بۆ یەکەم جار گۆرانی “شیرەکەم لێدەڕژێ”ی بە هاوکاری مامۆستا بیوک پێشکەش کرد، دوای تەواو بوونی گۆرانییەکە، لەپڕ بیوک ئاغا بۆ ماوی دوو کاتژمێران وون بوو. کاتێک کە هاتەوە هەستی خۆی بە جووتێک گۆرەوی بە نیشانەی ڕێز و حووڕمەت بۆ ئەو گۆرانییە ڕەسەنە کوردیە پێشکەش بە مامۆستا ماملێ کرد). بۆ خوێندنەوەی زیاتر لە زمانی کاک عەزیزەوە، دەتوانن کرتە لەسەر ئەو دێڕانە بکەن.
ئەو هونەرمەدە لێهاتوویە چەند ساڵێک لە کاری هونەری دوور دەکەوێتەوە و لەژێر چاوەدێری پزشکی دا دەبێت. پاش ماوەیەک تەندرووستی بەرەو باشتر دەچێت بەڵام، ئەو بیوکئاغایە نەبوو کە خەڵک پێشتر دەتبوویان. کەمکەم تارەکە دەستدەداتەوە و لە قاوەخانە و زەماوەندی هاوشارییانی خۆی لە مەراغە تار دەژەنێت. لەو ماوەیەش دا هەر شارۆمەندێکی مەهابادی دیتبایە سڵاوی دەناردەوە بۆ ماملێ و لە ئەحواڵی دەپرسی دەنا ماوەماوە لە مەهاباد دەردەکەوت وسەردانی ماملێی دەکرد تا ڕووداوەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران کە دۆخی ئەمنی شارە کوردییەکان ناجێگیر دەبێت و ئەویش ئیتر نەهاتەوە بۆ مەهاباد و لەگەڵ ماملێ یەکتریان نەدیتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٣ فیلمێک لەسەر ژیانی ئەو هونەرمەندە ساز کرا بە ناوی(زخمە بر زخم) کە ئەو هونەرمەندەی بە هەموو دونیا ناساند. هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوە کە هونەرمەندانی گەورەی وەک مامۆستایان شەجەریان و شەهرام نازری و هومایون شەجەریان ناسیان و خۆشخۆش سەردانی ئەو هونەرمەندە گەورەیەیان دەکرد و ڕێزیان لێدەنا.
بیوکئاغا لە تەمەنی ٨٠ ساڵی دا و لە ساڵی ٢٠١٤ بە نەخۆشی گورچیلە کۆچی دوایی دەکات.
تێبینی: ئەو سێ گۆرانییەی کە لە ژێرەوە پێشکەشتان دەکرێت ئەوانەن:
- عەزیزم بەیانی
- ئەرێ هات جا دیسان هات.
- کراس زەردێ
- ماڵە بابم بێوەفا (لێمزیزە چاو جوانێ)
پێویستە بگوترێ لەنێوان هەندێک خاوەنڕایان دەگوترێ کە گۆرانی سێهەم و کۆتایی (کراس زەردێ)، تارەکەی مامۆستا بەیگجەخانی ژەنیوێتی بەڵام، لە ئاڕشیوەکان دا بە تاری بیوک نووسراوە.
١)٢) ئەم وتانە بە دەیان جار ماملێ لە ناو کۆڕی ئەندامانی بنەماڵە و دۆستان و هاوشاریاندا باسی دەکرد.