Skip to content

ماملێ: ڕەببی ڕەزاشا جووت کوڕت بمرێ

پاش ئەمە کە “رضا سوادکوهی” (رضا پهلوی) لە پلەی تەویلەداری باڵوێزخانەی بەریتانیا ڕا کردیان بە پاشای ئێران، بەپێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە بە شێوەیەکی سیستێماتیک بۆیان دەکرد و دەیکەن، کەسێکی نەزان و خۆبەزلزان بووە و هەر ئەو شتانەی بەجێگەیاندووە کە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی بەریتانیا (اینگلیس) دا بووە. لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندییانە پێویستیان بە هێزی سەربازی هەبووە و هەوڵیانداوە تا بەزۆر خەڵک پەلکێشی سەربازی بکەن. بە هۆی ئەوەکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای دابەشکرانی کوردستان بەر ئێران دەکەوێت، ئەم تەوژمی سەربازگیرییە بەرۆکی کوردستانیش دەگرێتەوە. ئەو سەردەم خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لەوپەڕی نالەباری ژیاندا دەژیان.[1][2]

برسێتی و قات‌وقووڕی بەرۆکی بەم خەڵکە بەرنەدەدا. لەبرسانمردن یەکەم هۆکاری مردنی ئەو سەردەم بوون و ڕەزاشا هەر بای بە گۆیدا نەدەهات، سەرەڕای ئەوەش دەبوایە کەسانی خاوەن هێز و وزەی هەر بنەماڵەیەکیش کە ئەرکی زگتێرکردنی باقی ئەندامانی بنەماڵەکەیانی لەسەر شانیان بووە، ڕەوانەی سەربازی کرابان کە ئەوکات پێێان دەگووت “اجبار” کە لەپاشان ناوەکەیان گۆڕی بۆ “خدمت سربازی”.
ئەم ڕووداوانە ئەوەندە کاریگەری نەرێنیان لەسەر کۆمەڵگای کوردی دانابوو کە خەڵک و هونەرمەندانی سەردەم بە گۆرانی بەگژ ئەم ڕژێم و دەستەڵاتەدا دەهاتنەوە. گوشار و ئازارەکانی پۆلیسی شا ئەوەندە سەخت بوون کە خەڵک نەترەیان نەبوو تا بە ئاشکرا ئەم گۆرانییانە بڵێنەوە، بۆیە هەر لە هزر و سینگی هونەرمەندان دا مانەوە.
“ڕەببی ڕەزاشا جووت کوڕت بمرێ” یەک لەم گۆرانیانەی کە ماملێ کاتی خۆی هەر لای خۆی پاراستبوو کە یادگاری هونەرمەندانی وونی ئەو سەردەمە، بەڵام هیچکات ئەو مەجالەی بۆ نەرەخسا دەقی گۆرانییەکەی بەشێوەیەکی ئاشکرا  بڵێتەوە. لەوانەیە هونەرمەندان یا دەنگخۆشانی کۆن و هاوچەرخ ئەم گۆرانییەیان پێشتریش گوتبێتەوە، بەڵام زۆر گەڕام هیچم دەست نەکەوت.
ماملێ خۆی لە کۆڕە تایبەتییەکان دا زۆر جار ئەم گۆرانییەی بۆ دەگووتینەوە و باسی لە دۆخی نالەباری ئەوسەردەمی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی و خەڵکی دەڤەری کوردستانی بۆ دەگێڕاینەوە. ئێستاش ئەم گۆرانییە لە لایان ڕێزدارێک بە ناوی هەڵمەت… لەناوخۆی وڵاتەوە بۆ ماڵپەری ماملێ ناردووە کە وێڕای سپاس و دەستخۆشی لێیان پێشکەشی هەموو ئێوە میوانانی ئەم ماڵپەڕە دەکەین.
هەر بژین
وریا ماملێ


سەرچاوەکان:
[1] بۆ زانیاری زیاتر لەمەڕ مێژووی ئەوکات و دۆخی ژیانی خەڵک و گۆلەمستی ڕەزاشا و نەزانییەکانی، بەتایبەت مێژووی تەویلەدارییەکەی ڕەزاشا کە لە سەرچاوەکانی وەزاڕەتی دەرەوەی ئامریکا و بەریتانیا وەرگیراوە لەم پەڕتووکە بڕوانن http://upf.com/book.asp?id=MAJDXF01 ئەمەش پەرتووکەکەیە بە زمانی فارسی بە ناوی “تاراج بزرگ”: http://www.ir-psri.com/Show.php?Page=ViewPublishedBook&PublishedBookID=103 کە کۆکراوەی “دکتر محمدقلی مجد” مامۆستای زانکۆی پێنسیلوانیا بووە و باوکی وەزیری محمدرەزا شا بووە و باوکی بە هۆی ڕەخنەگرتن لە شا لەسێدارە دراوە.
[2] ئەمەش فیلمێکی دێکۆمێنتاری لەسەر ئەم مژارە.  https://vimeo.com/53290676
گەر تێبینییەک یا زانیارییەکتان بەرانبەر بەم بابەتە هەیە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم دێڕانە بکەن و پەیامی خۆتان بۆ ئێمە بنێرن.

بابەتی پێوەندیدار