Skip to content

چەند دێڕێکی تێکۆشەر کاک “مەلا ڕەسوڵ پێشنەماز” بۆ کۆچی دوایی کاک “جەعفەر ماملێ”.

خەبەرێکی ناخۆش و ھەژێنەر
شەوی٣شەم ٢٠٢٠/٢/١٨ دوو حەسەن و ڕەسوڵێک کە لە منداڵیەوە ھۆگری یەک بووین و بنەماڵەکانیشمان ئەوەندە لێک نزیکوو خزمایەتیمان ئەوەندە پێچاوو پێچە تەنانەت زۆر لە منداڵەکانیشمان سەری لێدەرناکەن و نازانن خزمایەتی ئێمە چۆنە.

لە شاری ستۆکۆڵم لە ماڵی حەسەنی ڕستگاری براو ئامۆزام لێک کۆ ببوینەوە، بۆ ڕوون بونەوەی دۆستان و ئازیزانیش کاحەسەنەکان پێکەوە خاڵۆزاو پورزان، بەڵام کاک سەید حەسەن دەبێتە ئامۆززای ھەردوکمان یانی دایکی رەحمەتی سەید حەسەن دەبێتە ئامۆزای منو کاک حەسەنی ڕستگار.
ئێمە لەگەرمەی یاداوەری و قسەو باسی خۆمان دابوین لەپڕ ھەواڵی فەوتی کاک جەعفەری ماملێ بڵاوبۆوە کە ھەرسێکمانی تاساندو داماین. دیارە ئەو بنەماڵە ھونەرمەندوو دەنگ خۆشە جگە لە ھونەرەکەیان لەڕادەبەدەر قەدرو قیمەتی بنەمالەو گەورەو چکۆڵەیی یەکتریان لەکۆنەوە ڕاگرتوە.
ھەتا مام سەعیدی بابیان حزوری بو ھیچ کام لە کورەکانی وەک ھونەرمەندخۆیان نیشان نەداوە، بەدوای ئەودا و لەکاتی منداڵی مندا کاک حوسێن کە دەبێتە برا گەورەیان و باوکی کاک عەزیز کە بە خانە ناسراوە ناوی دەرکرد، بەدوای ئەویشدا نۆرە گەیشتە کاک محەمەدو لەوڕا دەنگی بنەماڵەی ماملئ سنورەکانی تێپەڕاندوو لە ھەمو کوردوستان و ئێران و زۆر وڵاتانی تر دەنگی دایەوە. بەدوای نەمانی کاک محەمەددا سەرە گەیشتە کاکە جەعفەرو ئەویش ھەتا لەتوانایدا ھەبو بەشی خۆیی خستە سەر خەرمانی لەمێژینەی ھونەری بنەماڵەکەیان و ناوو ناوبانگی بڵاوو بۆوە.
من و کاک جەعفەر و کاک موتەلیب بە حیسابی عومرەکەمان زۆر لێک نزیک بوین کاتی کۆڵان گەڕی و گۆرانی کوتن کە ئەوکات لە شارە کەم وێنەکەماندا زۆر باو بوو، دڵداری و خۆشەویستیش ھەر ئەو دەوران خۆش بوو زۆرمان بەیەکەوە گۆرانی گوتوەو جاری واھەبوە کە عالەمێکیشمان جارز کردوە. کاک جەعفەر تا بڵێیی ئینسانێکی مەندوو ئاراموو لەسەر دڵان بوو. بەڕاستی ڕێزوو ئەدەب ھەر لەخۆیی و بنەماڵەکەیان دەوەشایەوە. بە لەدەستدانی کاکە جەع

فەر کەماییەک لە ھونەری شارەکەمان و بنەماڵەی ماملێ دا بەدی دەکرێ و زۆرم چاوەڕوانی لە گەنجەکانیان ھەیە کە ڕێچکەی ھونەری باب و باپیرانیان کوێر نەکەنەوەو ئەوەندەی دەتوانایاندایە نەھێڵن ئەو دەنگە خۆشەی بنەماڵەکەیان کە ساڵەھای ساڵە دەگوێ و مێشکی بەشی زۆری خەڵکی کوردوستاندا دەزرینگێتەوە لەبەین بچێ. من بەش بەحاڵی خۆم زیاتر لەنیو سەدەی بەدەنگە خۆشو پڕ لەسۆزەکەی ئەو بنەماڵەیەم بردۆتەسەرێ . لەکۆتاییدا لە ناخی دڵەوە ھاودەردی خۆم بە بنەماڵەکەی ڕادەگەینم و داوای سێبوریان بۆ دەکەم بەتایبەت ھاوسەرەکەی و کچ و کورەکانی و داوام ئەوەیە جێگای بەھەشتی بەرین بێ، جگە لەوەش کەمنو کاک جەعفەر ڕەفیق بوین ھاوسەری لەدەست چوشم لەگەڵ حەلیم خانم پێش ئەوەی بۆ یەک ببین لە شێروخورشیدی مەھاباد بەیەکەوە رەفیق و دەستە خوشکی گیانی بەگیانی بوون. ڕوحی شادو یادی بۆ ھەمیشە لەڵماندا دەمێنێتەوە.
مەلاڕەسولی پێش نماز سوئێد ١٩/٢/٢٠٢٠

بابەتی پێوەندیدار