Skip to content

ئاگاداری

هاووڵاتیانی بەرێزی دانیشتووی سوێد!
لەگەڵ سڵاو و رێز

کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد “جەعفەری ماملێ” بوو بە هۆی دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. جگە لەناوخۆی کوردستان لە چەند وڵاتی ئورووپاییش کۆر و یادکردن هاتە ئاراوە.
بڕیارمان دابوو لە ولاتی سوێد رێورەسمێکی تایبەتی دابمەزرێنین و پێشوازی لە ئێوە ئازیزان و خۆشەویستان بکەین بەڵام، بەداخەوە کۆسپی بەردەم گەرانەوەی کچەکانی هونەرمەندی زیندوویادمان ” وەفا و سەفا” لە کوردستان بۆ سوێد، وەزعەکەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ” کورونا ویرووس” روو بە روو کرد، ئەو ڕەوشە کاردانەوەی بووە لەسەر بڕیاری پێشوومان و ناچاری کردووین کە خۆمان لەگەڵ هەوڵەکانی پێویست بۆ بەرگری و رێگری کردن لە تووشبوونی ئەو ویرووسە رێک بخەین و ریزی تەواو بگرین بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەک کە پاراستنی گیان و ژیانیان لە پلەی یەکەمی بەرژەوەندییەکانی خۆمان بە حیساب بێنین.
لەو دۆخە تایبەتییەدا ئێمەش هاودەنگ دەبین لەگەڵ پلانەکانی پێویست بۆ تووشنەبوونی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان بە هەر چەشنە نەخۆشییەک و پێتان رادەگەیەنین کە لەو هەل و مەرجە نالەبارەدا هیچ بەرنامە و رێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەرێوە نابەین. سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەین و ئاواتە خوازین گیان و ژیانی خۆتان و بنەماڵەی بەرێزتان بە دوور بێ لە نەخۆشی و ناخۆشی و نالەباری و نەهامەت.
لە گەڵ رێز و سپاسی دووبارە
بنەماڵەی ماملێ لە دەرەوەی وڵات
١ی مارسی ٢٠٢٠

بابەتی پێوەندیدار