Skip to content

نیشتمانی ئاواز و گۆرانی! – سەعد قازی

نیشتمانی ئاواز و گۆرانی!
سەعد قازی
نیشتمانی گەلان تەنیا خاک و جوگرافیای ئەوان نییە. چیرۆک، شێعر، گۆرانی و مووسیقا و باقی ژانرە هونەرییەکانیتر نیشتمانی دووهەمی گەلانن. ئەگەر ستەمی ڕۆژگار جوگرافیای ئاسۆییمانی تەنگ کردبێتەوە، ئەوە شێعر و مووسیقا پانتاییەکی بێ سنووریان بە سەرزەمینمان بەخشیوە. ئاخر، ئەوە هەر چیرۆکنووس نییە کە لە چیرۆکەکانیدا دەژی، ئەوە هەر شاعیر نییە کە لە شیعرەکانیدا دەژی و ئەوە هەر خانەدانی ماملێ نین کە لە ئاواز و گۆرانی و قەتارەکانیاندا هەتا هەتایی بوون، بەڵکوو، سەرزەمینی هونەر نیشتمانی ئێوەومانانیشە. بۆ نموونە، ئێستا ئەوە منم، کە لە “بەهەوران زستانە” و “ڕاوچیان” ی ماملێدا، حەشر و ئامانمە! ئێستا ئەوە ئێمەین و سەمای دەروێشانەی نێو دەنگی زەنگوڵەیی موکوریانی ئەم خانەدانە. ئێستا ئەوە مێژوومانە و رەوڕەوەی دەنگی بێ کۆتایی قەتارەی ئەوان. ئێستا ئەوە ئێمەین و تەخت و بەختی هەتاهەتایی نێو دیوەخانی هونەری ڕەسەنمان، کە دەنگی زەنگولەیی ئەم خانەدانەی تێدا دەزرینگێتەوە. ئێستا ئەوە ئێمەین و نیشتمانی هەراوی ئاواز و گۆرانی.
سەعد قازی

بابەتی پێوەندیدار