Skip to content

پرسەی نەمر جەعفەر ماملێ لە پاریس بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٠ بە بەشداری کوردانی فەرانسە، کۆڕیادێک لەلایان (کۆری کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە) بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری هونەرمەندی نەمر جەعفەر ماملێ بەڕێوەچوو. لە یادەکەدا زۆربەی ئەندامانی ئەو کۆرە و هەروەها بنەماڵەی ماملێ نیشتەجێ لە پاریس بەشداری مەراسیمەکە بوون و لە کاتژمیر ١٥:٣٠ ڕا دەستیپێکرد و تا کاتژمێر ١٨:٠٠ی خایاند. ناوئاخنی کۆڕەکە بە پێشاندانی فیلمێکی دێکۆمێنتاری و چەند کلیپ و گۆرانی لە کۆچکردوو جەعفەر ماملێ کە لەلایان کۆری کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە ئامادەکرابوو، دەوڵەمەند بوو . شایانی ئاماژە پێکردنەوە کە جگە لە بەشێک کوردانی دانیشتووی فەرانسە، بەشێک لە کوردانی وڵاتانی ئەوڕوپای ناوەندی هەروەها نوێنەرانی حیزب و سازمانە سیاسییەکان زەحمەتیان کێشابوو و لە مەراسیمەکەدا بەشدار بوون و هاوخەمی خۆیان بۆ ئەم کۆستە پێشان دا.

لە وتارێکدا کاک خانەی ماملێ، گەورەی بنەماڵەی ماملێ بەخێرهاتنی میوانانی کرد و پاش کورتە باسێک لەسەر ژیان و خەباتی هونەریی بنەماڵەی ماملێ بە گشتی و مامە جەعفەر بەتایبەتی، تیشکی هاویشتە سەر جێگە و پێگەی کاری فەرهەنگی و هونەری لە کۆمەڵگای ئاسیمیلێرە کراوەی نەتەوەی کورد و کارتێکەری ئەو چەمکانە لەسەر زیندوومانەوەی نەتەوەی کورد لەپاش ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییەی کە دەرحەقی دەکرێ.

دیسانیش بە پێویستی دەزانین لەلایان کاک خانەی ماملێ و گشت بنەماڵەی ماملێ سپاسی تەواوی بەشداربوان بکەین کە لە هەڵگرتنی باری قورسی ئەو کۆستە بەتەنیایان نەهێشتین و بە دلۆڤانییەوە ئامێزی وەفا و ئەمەکیان بۆ کردینەوە. بەتایبەت سپاسی کۆری کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە دەکەین کە ئەم کۆڕەیان بەپێزەیان پێکهێنابوو.
هەر بژین و بێ وەی بن.

بابەتی پێوەندیدار