Skip to content

خەڵاتی ماملێ ٢٠١٣

مەڵبەندی هونەری ماملێ، لە دەستپێکی کار و دامەزرانییەوە، ساڵانە یەک لە هونەرمەندانی کورد هەڵدەبژێرێت تا ئەمەگناسی و ڕێزی خۆی بەرانبەر ماندوویانی خزمەتی هونەری کوردی وەک نەریتێکی کەونی نەتەوەیی بنوێنێ. کۆمیتەی بەربژێرکەری مەڵبەندی هونەری ماملێ پاش هەڵسەنگاندنی هونەرمەندە پێشنیارکراوەکان، بڕیاری دا کە خەڵاتی ماملێ ئەم ساڵ پێشکەش بە مامۆستا عزیز شاڕوخ بکرێ. مامۆستا شاڕوخ لە پێناو پاراستن و پەرەسەندنی فولکلۆر و هونەری کوردیدا، ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆی بەخت کردووە.

لە پەنای ئەم خزمەتەی کە کردوویەتی، هەوڵی ئەوەی داوە کە تەنیا وەک گۆرانیبێژێکی سۆرانیوێژ بەرهەم چێ نەکات و شێوەزارەکانی دیکەشی بە سەر کردوونەوە. ئەو لە زەمەنێکدا کە مۆدێرنییەت دەگەڵ سیاسەتی تەنگ و چەڵەمەی بەر ژیانی فۆلکلۆری کوردی، هاریکار بوون تا بەیت و حەیرانی کوردی لە ناو بچن، جار نا جار خۆی بە زیندووڕاگرتنی ئەم بەشە گرنگەی هونەری کوردی ماندوو کردووە. بە پێی ئەو ناسینەی کە لە خەبات و تێکۆشانی کۆڵنەدەرانەی ئەم هونەرمەندە هێژایە هەبووە، بڕیاری کۆتایی کۆمیتەی مەڵبەندی هونەری ماملێ، دابینکردنی خەڵاتی ٢٠١٢ی زایینی بۆ مامۆستا عزیز شاڕوخ بوو.

ساڵانە بە پێی داب و نەریتێک کە مەڵبەندی هونەری ماملێ لە ڕێ و ڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ دایڕشتووە، لە ڕۆژی پێشکەشکردنی خەڵاتدا، شاعیران و هونەرمەندان بانگهێشت دەکرێن و کۆڕێکی هونەری پێک دەهێنرێت.
هەر چەند کە ئەم بۆنەیە ڕێک ڕۆژێک دوای جێژنی سەربەخۆی کۆماری جوانی کوردستانه و خۆشی لەم ڕۆژەدا لە دڵی کوردان دەگێڕێ، ئەم ساڵ بە هۆی ئەوە کە موکریانی کوردستان ڕەشپۆشی شیناوێی خنجیلانەی گیانبەختە، مەڵبەند بڕیاریدا کە هیچ جێژن و کۆڕێکی شادی ڕێک نەخرێ و خەڵاتی ماملێ لەو پەڕی بێ دەنگی و شینی شیاوی شیناوێ پێشکەش بەم هونەرمەندە هێژایە بکرێ.

ئەم خەڵاتە بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی هونەری ماملێوە لە لایەن یای آمین مەولودیان‌وە پێشکەش  بە مامۆستا عيزیز شاڕوخ کرا.

وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار