Skip to content

بابەتی پێوەندیدار بە خەڵاتی ٢٠١٩

ڕۆژی سێی ڕێبەندانی ڕابردوو لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ هونەرمەندی نیشتمانپەروەر حوسێن سەفامەنێش وەک هونەرمەندی ساڵ هەڵبژێردرا و لە بۆنەیەکی شایان دا لە مەهاباد خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٩ پێشکەش بە بەڕێزیان کرا. یەک لەو هۆکارانەی کە لە ڕاگەیەندراوی فەرمی ئەو مەڵبەندەدا ئاماژەی پێکراوە تا ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، ئەوە خاڵە بوو:

(بە ڕەوشتێکی هونەری و بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی کۆمەڵایەتی و هونەرییان بۆ خزمەتکردنی بێوچان و ماندوویینەناسانەی بومەلەرزەلێدراوانی ناوچەی کرماشان)

ئەو هونەرمەندە بە ڕەوشتێکی نیشتمانپەروەرانە و بە تەنیا لە ڕۆحێکی نەتەوەیی دا دەژی و خەمی خاک و بەهاکانی لای پیرۆزن و لە سەنگری هونەر دا بەردەوام داکۆکی لە فەرهەنگ، زمان و هونەری کوردی دەکات.

لە دوایین ڕاگەیەندراوێک دا کە هەوتوونامەی سیروان بڵاوی کردۆتەوە و پێگەی هاژەش ئاماژەی پیداوە، لە هەڵوێستێکی کوردانە و نیشتمانخۆشەویستانەدا، هونەرمەند سەفامەنێش خەڵاتی زێڕینی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠١٩ی خۆی کە پێشکەشی کرابوو، پێشکەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان دەکات.


ئێمە لەو مەڵبەندە دەستخۆشییەکی هەراو لەم هونەرمەندە دەکەین و هیوادەخوازین کە نمونەیان زۆر بێت بۆ کورد تا بتوانن لەو ڕێبازەی خۆیان دا بەردەوام بن و لە سەنگەری هونەر دا ڕۆحێکی یەکگرتوو و نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساز بکەن.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

٢٦/١/ ٢٠١٩

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

” فرۆی ” فرچک گرتن بە هەستی نیشتیمان پەروەری- برایم قەزاق


کۆچی دووایی هونەرمەند کاک مەحەممەدی ماملێ رۆژێک دوای 2ی رێبەندان بۆتە ” فرۆی ” فرچک گرتن بە هەستی نیشتیمان پەروەری .

ئەو وێنەیە نیشانەی هەست و شعوور و راهێنانی مناڵانی داهاتووی ئەو نیشتیمانەیە تا بە تام کردن و چێژ وەرگرتن لە فرۆی ئازادی و نیشتیمان پەروەرانە رابێن !
لە رۆژانی داهاتوو سەدان بابەت و نووسراوەی رێز گرتن لە کاک مەحەممەدی ماملێ دەخوێنینە ، لە هەمووی دا بیری ئازادی و رزگاری و بیرو باوەری نەتەوەیی لێ دەبیندرێ . ئەو رێز لێ نانە ، رێز لێ نان لە خەبات و تێکۆشانی هونەرمەندێکە ساڵانی ساڵ سەرفیرازانە و کوردانە خزمەتی کرد. هەر بۆیە لە پاشی خۆشی رێچکەی ئازادیخوازی و نیشتیمان پەروەری کاک مەحەممەدی هەمیشە زیندوو و رۆژ بە رۆژ زیاتر پرشنگ داوێ .
بەش بەحاڵی خۆم لە حاستی هەستی کوردانە و دڵسۆزانەی پێک هێنەرانی ئەو کۆر یادە و هەموو ئەو تێکۆشەر و خۆشەویستە رێزدارەی بەش دار بوون و ماندوو بوون سەری رێز و نەوازیش دادەنوێنم .
روحی کاک مەحەممەدی هەمیشە زیندوو شاد .
وێرای سپاس ، وێنە کەم لە دیواری مەڵبەندی هونەری ماملێ وەرگرتووە .
برایم قەززاق
24.01.2019
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئێرە مەهابادە.
نووسینی ڕەسوڵ سوڵتانی

دڵە نەسرەوتووەكەی كوردستان و كوانووی بەگڕ و كڵپەی كوردایەتی و جڵەوداری خەباتی بێپسانەوەی كورد. ئێرە قەڵای كوردایەتییە، قەڵایەك كە پشتی بە چیای داڵاهۆ و گابەردەكانی بێستوون و مێژووی تاقوەسان گەرمە و هەر هەناسەیەكی هەڵیدەمژێ، ئاوڕێك لە لووتكەی ئاگری و قەندیل دەداتەوە و بە دەم زەردەخەنەیەكەوە سەرێك دەباتەوە نێو مێژووی كارەساتبار و خوێناویی خۆی و دەڵێ: چۆن دەكەوم؟ ئەوەتا گرمەی قوڵینگی فەرهادەكانی بێستوون لە گوێمایە كە ئاشقانە پەیكەری شیرینی ئازادی دادەتاشن و رەوەزەكانی فەقرەقا و تاشەبەردەكانی خڕێ هەنجیران پڕن لە ئاواز و گۆرانیی زەرد و مای بێستوون و پاڵەوانەكانی ئێرەش هەر لە تیرەی ئەو فەرهادەن كە ئاشقانە بەگژ كۆسپ و لەمپەرەكاندا دەچنەوە.

ئێرە مەهابادە، بێشكەی ئەو كۆمارەی كە بە چاوی پڕ حەسرەت و دڵێكی پڕ هیواوە دەیڕوانییە كرماشان و بە ئاواتەوە بوو ئەوێ بكاتە پێتەختی كۆمارەكەی و ئێستاش ئەو خەونە پیرۆزەی بۆ رێبوارانی رێگە و رێبازەكەی جێ هێشتووە.

ئێرە مەهابادە و دەیان بیرەوەریی بولبولە خۆشئاوازەكەی كوردستان واتە سەید عەلی ئەسغەری لە سینەیدا هەڵگرتووە.

ئەگەر ساڵانێك چەقۆی تیژی داگیركەر بێبەزەییانە ویستوویەتی ئەم جەستەیە لێك داببڕێت، ئەم سەر و دڵە هەڵاوێرێ و یەكیان بكوژێ و یەكیان بۆ ماڵی خۆی بەرێ، ئەگەر ساڵانێك ناحەزان هەوڵیان داوە سەر و چاو و دڵ و قاچ و دەستی ئەم نیشتمانە لێك نامۆ بكا و وایان لێ بكا هەرگیز یەكتر نەناسنەوە، وا دەبینین ئێمە دەمار بە دەماری لەشمان وێكڕا و پێكەوە ترپەی دێ و ئەوان هەر دەم لەپووش ماون. ئەوەتانێ هەموو رۆژێ ئەڤینداران لە موكریانەوە دەست دەكەنە ئەستۆی خەمەكانی كرماشان و لە وەیشوومە و بەستەڵەكی زستانێدا گەرمای دڵ و باوەش و هەناوی خۆیان لەگەڵ خوشك و براكانی ئەوێیان دابەش دەكەن و دەبنە كەپر و ساباتێك لە بەردەم باڕن و تۆف و سەرماكەی ئەوێدا و ناهێڵن ئەم بەشەی جەستەیان كەسیرە بێت.

دە گوێ هەڵخەن، ئەوەتا قەتارەی ماملێ وەك خوناوەی باران بەسەر بەرد بە بەرد و پێنجك بە پنكی دەشت و چیاكانی كرماشانێدا دەبارێ و تینوێتیی دڵیان دەشكێنێ و شان بە شانی “كرماشان شاری شیرینم”ـەكەی حەسەن زیرەك، داو بە داوی تانوپۆی تەونی دوژمنان هەڵدەوەشێنێتەوە و سەر لەنوێ نەخش و نیگارێكی كوردانە بە بەر رۆحی نیشتماندا دەكاتەوە. دە گوێ هەڵخەن هۆرەی جافی و سیاچەمانەی گۆران و قەتارەی موكریان چۆن دەستیان كردووەتە ئەستۆی یەكتر و خەمەكانیان دەلاوێننەوە و مزگێنیی دوارۆژێكی گەش و روونمان بۆ دەچڕن.

دە گوێ هەڵخەن، ئەوەتا چریكەی نەسرەوتووی كرماشان، پەنگری بن خۆڵەمێشی گەشاندووەتەوە و بەسەر بێستووندا لە شەققەی شاباڵی داوە و لەسەر ئاویەر لەنگرێكی گرتووە و لە بەرزایی داڵاهۆوە سڵاوێكی لە بیرەوەریی شەهیدانی نیشتمانەكەی كردووە و بە ترۆپكی ئاربابادا چووەتە جێهەواری هەڵۆتیژباڵەكانی نیشتمان، جا لەوێوە بە هەگبەیەك بۆن و عەتری گۆرانییەوە رووی كردۆتە مەهاباد و چەپكێ گوڵی لە ئێخەی قەتارەی ماملێ داوە و دواپەیامی فەرهادی بۆ فەقرەقا هێناوە و پێی گوتووە:

تەمی خەم نەگری بڵێی چارەڕەشم

شۆڕشی كورد هەیە من دوورە بەشم

ئاوەدان دەبنەوە نێو سەنگەری تۆش

دڵ پتەو بە بە هەوای رۆژی خۆش

تازە دەكرێتەوە دوژمن كوشتن

ژەنگی سەر دڵ دەسڕێ خوێنڕشتن

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

حەوتوونامەی سیروان کە لە ڕۆژهەڵآتی کوردستان چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، گرینگییەکی تایبەتی دا بە بۆنەی پێشکەشکردنی خەڵاتی زێڕینی ماملێ ٢٠١٩ بە هونەرمەندی لاو و نیشتمانپەروەر حوسێن سەفامەنێش.
ئەو ئەوتوونامەیە هەواڵی ئەم مەراسیمەی هاوپێچ دەگەڵ وێنەیەک کردە سەردێڕی سەرەکی  و  ڕاپۆرتێکی ناوئاخنی هەواڵەکە کرد.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

وتووێژێکی تایبەتی ڕۆژنامەی “کوردستان” ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ وتەبێژی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، وریا ماملێ سەبارەت بە پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ ٢٠١٩ بە هونەرمەند حوسێن سەفامەنێش و قسە و باسەکانی دەوری ئەومەراسیمە.
ڕۆژنامەی کوردستان 2019

هەوەها دەتوانن لە ڕێگای ئەم لینکەوە ڕۆژنامەکە ببینن
http://www.kurdistanukurd.com/files/kurdistan743.pdf


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ڕاپۆرتی دوو حوەتوونامەی “گەلاوێژ” کە لە بۆکان چاپ و بڵاو دەکرێتەوە لەسەر مەراسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ ٢٠١٩ بۆ هونەرمەند حوسێن سەفامەنێش لە مەهاباد. بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە دەتوانن کرتە لەسەر ئەو بەستەرانەی ژیرەوە بفەرموون.
Gelawej
گۆڤاری گەلاوێژ

بابەتی پێوەندیدار