Skip to content

خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٠

خەڵاتی زێڕینی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١١ ساڵە چالاکە و لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.

ئەو مەڵبەندە وێڕای گشت چالاکییەکانی وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە و لە بواری مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە سەری بڵیندە و پشتی بە گیرفانی خۆی بەستووە و هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی.

لە ماوەی ساڵانی پێشوو دا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان هونەروەران ١- قالە مەڕە ٢- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) ٣- عەباس کەمەندی ٤- عەزیز شارووخ ٥- ناسر رەزازی ٦- زۆزان ٧- تیپی موسیقای سلێمانی ٨- مەزهەر خالەقی ٩- خەلیل خەمگین ١٠- حوسێن سەفامەنێش ئەو خەڵاتیان پێشکەش کراوە.

بەهۆی:

  • هەست بە بەرپرسیارەتی کردن سەبارەت بە موسیقای کوردی.
  • زیندووکردنەوەی کۆمەڵێک مێلۆدی و گۆرانیی کوردی بە زاراوەی کەڵهوری و پێشگیری کردن لە تێداچوونیان.
  • دەوڵەمەندکردنی ئاڕشیوی گۆرانیی کوردی لە ماوەی تەمەنی هونەرییاندا.
  • هاندانی هونەرمەندانی کوردزوان بۆ خزمەتکردنی موزیکی کوردی.

 مەڵبەندی هونەریی ماملێ، هونەرمەند مامۆستا(محەممەد ڕەزا دارابی)ی وەک هونەرمەندی ساڵی ٢٠٢٠ دەستنیشان کرد تا خەڵاتی زێڕینی ماملێی پێشکەش بکرێت.

هەموو ساڵێک بەپێی توانا و دەرفەتی بەردەست، ئەو مەڵبەندە تێکۆشاوە تا لە بۆنەیەکی شایاندا ڕێز لە هونەرمەندی ساڵ بگرێت و خەڵاتی زێڕینی ماملێی پێشکەش بکات بەڵام، لەبەر هۆکاری تایبەت و نەبوونی ئیزنی کارکردنی ئەو مەڵبەندە لە ئێران، نەمانتوانی مەراسیمێکی شایان بۆ شکۆی ئەو مامۆستا بەرزەی کورد بگرین. بۆیە بڕیارمان دا لە ڕۆژەکانی داهاتوو خەڵاتی ماملێ و لەوحی ڕێزلێنانی مامۆستا “ناسر ڕەزازی” لە ڕێگای چەند نوێنەرێکی ئەو مەڵبەندە و چەند دڵسۆزێکی هونەری کوردییەوە، بگەیەنینە کرماشانی خۆشەویست تا  پێشکەشی ئەو تێکۆشەرەی هونەریی کوردی بکرێت. هیوا دەخوازین ئەو ڕۆژە بەو زووانە بەدی بێت تا بتوانین لە کەشێکی ئازاد دا هونەر و هونەرمەندی کورد لە خەباتی خۆیان بەردەوام بن و کەند و کۆسپ نەیەتە بەر دەمیان.  

مامۆستا محەممەد ڕەزا دارابی  لە (٣ی گوڵانی ١٣٣٠ هەتاوی و ٢٤ی مارسی ١٩٥١ زایینی) و لە پێتەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاری کرماشانی ڕەسەن و بێشکەی هونەرمەندان لە دایک بووە. لە بواری  ئێلێکتڕۆنیک درێژە بە خوێندن دەدات و  خاوەن کچێک و کوڕێکە.

دەستپێکی کاری هونەرییان ساڵی ١٣٥٠/١٩٧١دەگەڵ ئۆرکێستری تایبەتی ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی کرماشان بە سەرپەرستی مامۆستایانی نەمر “مەسعود زەنگەنە” و “مامۆستا موشتەبا میرزادە” بووە. ئەو ئۆرکێسترەی کە بە دەیان بەرهەمی ڕەسەنی کوردی بۆ نەتەوەی کورد تۆمار کردووە. هاوکات دەگەڵ ئۆرکێستری  فەرهەنگ و هونەری پارێزگای کرماشان بە ڕێبەرایەتی مامۆستا “کەیخوسرەو پوورنازری”، هاوکاری دەکرد.

بە درێژایی تەمەنی هونەرییان لە خزمەت مامۆستایانی گەورەی وەک: شەهرام نازێری، کەیهان کەڵهۆر، هادی مۆنتەزێری، سیاوەش نوورپوور، خەلیل چالەچالە، حێشمەتوڵڵا حوجەتی فەرد، یۆسف زەمانی، فارووقی و هی دیکە ئەزموونی کۆکردۆتەوە.

ڕەدیفەکانی موزیکی ڕەسەنی ئێرانی لەلایان نەمر مامۆستا “مەحمود بلوری” فێر بووە و لە ڕێنماییەکانی  مامۆستایانی وەک موجتەبا میرزادە،  کەیخوسرەو پوورنازری، حاتەم عەسگەری، محەممەد سەدری و محەممەد ڕەزا شەجەریان کەڵکی وەرگرتووە.

شارەزای سازەکانی تار و سێتارە و لەپاڵەوە سەنتوور و زەربیش دەژەنی.

جیا لە شێوازی ڕەسەنیی ئێرانی کە تێیدا لەزەبر و بەتوانایە و گەر ئەو ڕێچکەیەی گرتبایە بەر، دەکرا  یەک لە هونەرمەندە هەرە بەناوبانگەکانی ئێران بوایە بەڵام، دڵسۆزی و ئەوین بە هونەر و فۆلکلۆری گەلەکەی و بەتایبەت زاراوەی کەڵهوڕی وای لێدەکات لەو بوارەدا خزمەت بکات کە بەرهەمی ئەو ماندووبوونەیان، کۆکردنەوە و زیندوو ڕاگرتنی دەیان هەوا و گۆرانی ڕەسەنی کوردین بەتایبەت بە شێوەزاری “کەڵهوڕی”ـ کە لە کۆی شەش ئاڵبۆم دا خۆیان دەبیننەوە بە ناوەکانی :

  • گلارە
  • شور شیرین
  • سورمەی خیاڵ
  • مەهجوری
  • ڕەقس پەروانە
  • ژینا

مامۆستا دارابی لە کوردستان و وڵاتان کۆنسێرتی هەبووە و بە دەنگی خۆش و هونەری ڕەنگینیان ئاوپڕژێنی دڵ و ڕۆحی عاشقانی خۆی و ئەویندارانی زمانی کوردی و هونەری کوردی کردووە لە:

  • کانادا، ئیتالیا، ئاڵمان و سلێمانی لە باشووری کوردستان.

دەگەڵ گەلێک گروپی موزیک هاوکار بووە و کاری هونەری پێشکەش کردووە لە ناویان دا:

  • گروپی موزیکی “باربۆد” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا محەممەد ساعێد.
  • گروپی “تەنبوورژەنانی لاوچ” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی.
  • گروپی “گۆلبانگ” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا بێهناز زاکێری.
  • گروپی “چل دەف” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا فەرشید غەریبنیژاد.
  • گروپی “بێستون” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا عەلیڕەزا فەیزبەشیپوور.
  • گروپی “هاتف” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا مامۆستا رەزا  ڕەزاخاه.
  • گروپی “ئۆوج” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا خەلیل چالەچالە.
  • گروپی “تەرەنگ” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا بورزوو ئەمیری.
  • گروپی “مێهروەرزان” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا جواد عەزیزی.
  • گروپی “حەنانە” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا کامڕان هیممەتپوور.
  • گروپی “ئابیدەر” بە ڕێبەرایەتی مامۆستابەهرام ساعێد.
  • ئۆرکێستری گەورەی “کوبان” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا وەنداد مساحزادە.
  • ئۆرکێستری “جاویدان” بە ڕێبەرایەتی مامۆستا مەجید مێهروەر.

مامۆستا دارابی لە زۆر فێستیڤاڵ و بۆنەی هونەری دا بەشداری کردووە و چەندین پلەی وەدەست هێناوە و زۆر خەڵاتی وەرگرتووە و ڕێزی لێ نراوە. پوختەیەک لەو سەرکەوتنانە بەو شێوەیەن:

  • لە فێستیڤاڵی گشتی موزیک لە ئێراندا لە ساڵی ١٣٦٧/ ١٩٨٨ لە نیوان ٩٠ گروپی موزیک وەک گۆرانیبێژی تاقانە هەڵدەبژێردرێت و دیپڵۆمی ئیفتیخاری ئەو فێستیڤاڵەی پێشکەش کراوە.
  • لە یەکەمین فێستیڤاڵی موزیکی نەتەوەکانی ناو ئێران بە ناوی “هەمئاوایی” لەوحی سپاس و پێزانینیان پێشکەش کراوە.
  • لەلایان کۆمەڵەی ماڵی موسیقا (خانە موسیقی)ی ئێرانەوە لەوحی سپاس و پێزانینیان پێشکەش کراوە.
  • لەلایان ئاکادێمی (T.D.K)  لە وڵاتی ئاڵمان بڕوانامەی هونەری پێشکەشیان کراوە.
  • لەلایان زانکۆی یۆڕک /  YORKلەوحی ڕێزلێنان پێشکەشیا ن کراوە.
  • لەوحی ڕێزلێنان لەلایان فێستیڤاڵی سن لۆرێنزۆ/ SAN LORENZO  لە وڵاتی ئیتالیا پێشکەشیان کراوە.
  • بە بۆنەی ڕێزگرتن لە هونەرمەندان و کۆنەکارانی بواری موزیک لە کرماشان، لەوحی پێزانین و سپاسیان پێشکەش کردووە.

لە ژێرەوە دەتوانن بینەری چەند گۆرانییەکی مامۆستا دارابی بن:

بابەتی پێوەندیدار