Skip to content

ڕاپۆڕتی خەڵاتی ٢٠٢٠

وەکوو نەریتی ساڵانە، خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٠ی ماملێ پێشکەش بە هونەرمەندی ساڵ کرا.

رۆژی سێشەممۆ رێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨ه واتە ١٢/٠٢/٢٠٢٠ زایینی، لە شاری “تاران”، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی ماڵباتی ماملێ و بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی، خەڵاتی زێڕینی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پێشکەش بە هونەرمەندی گۆرانیبێژ و کەلهوڕیوێژی کورد، مامۆستا “محەممەد ڕەزا دارابی” کرا. وا بڕیار بوو کە ئەوساڵ هیچ مەراسیمێک بەڕێوە نەچێت و تەنیا چەند کەسێک بە نوێنەرایەتی مەڵبەند ئەو خەڵاتە پێشکەش بە مامۆستا دارابی بکەن کەچی، خۆشەویستی بۆ مامۆستا دارابی و محەممەد ماملێ لای کوردستانیان ڕەگی داکوتاوە بۆیە، لەلایان عاشقانی هونەر و فەرهەنگی کوردی مەراسیمێکی هەرچەند بچووک و ساکار بەڵام، دەوڵەمەند لە ناوەرۆکدا، لە ساڵۆنیکی بچووک، ئامادە کرا و لە بەرنامەیەکی خنجیلانەدا ڕێز گیرا لەو هونەرمەندە گەورەیە و خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٠ و لەوحی ڕێزلێنانی مامۆستا ناسر ڕەزازی پێشکەش بە مامۆستا دارابی کرا. پێویستە بگوترێ کە بەڕیوەبردنی ئەو بەرنامەیە لەسەر شانی کاک “ئومێد دارابی” بووە و زەحمەتێکی زۆرییان کێشا تا سەرەڕای کەند و کۆسپی زۆر، بەرنامەکە بەڕێوە بچێت.

سەرەتا پێشکەشکاری مەراسیمەکە بەڕێز ئومید دارابی بە چەند وتەیەک بەخێرهاتنی میوانانی کرد کە لەناویان دا میوانانی فارس زمانیشی تێدابوو. بەڕێزیان بە کورتەباسێک لەسەر خشتەی کاری بەرنامەکە بۆ بەشداربووان دوا. پاشان نۆرەی کاک عەبدوڵا ماملێ کوڕی گەورەی محەممەد ماملێ بوو تا بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی هونەریی ماملێ و ماڵباتی ماملێ، پەیامی ئەو مەڵبەندە بخوێنێتەوە و تێیدا بەخێرهاتنی میوانانی کرد و وێڕای پیرۆزباییکردنی لە مامۆستا دارابی، چەند وتەیەکی لەسەر خەڵاتی هونەریی ماملێ‌ی هێنا زمان و تیشکی هاویشتە سەر گرینگی خەباتی فەرهەنگی لە پێگەیاندن و گەشەی کولتوور، زمان و هونەریی کۆمەڵگادا.

ئینجا پەیامی ویدیۆیی مامۆستا “ناسر ڕەزازی” لەسەر شاشە بۆ بەشداربوان پێشان درا و تێیدا پیرۆزبایی خەڵاتی ٢٠٢٠ی ماملێ‌ی لە مامۆستا دارابی کرد و سەبارەت بە خەڵاتی ماملێ و ڕێز و پلە و پایەی مامۆستا دارابی دوا. هەروەها ئەم چەشنە مەراسیمانە بۆ سازکردنی بەستێنیکی فەرهەنگی و هونەری بۆ کۆمەڵگای کوردەواری بە گرینگ نرخاند و هانی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی دا تا لە خەباتی خۆیان بۆ پاراستنی زمان و فەرهەنگی کوردی نەسڵەمێنەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا لە لایان پێشکەشکاری بەرنامەکە کۆمەڵە شێعرێکی واتادار بە دوو زاراوەی کەڵهوڕی و سۆرانی خوێندرانەوە و پاشان لەلایان هونەرمەندی ناوداری کورد، مامۆستا “حوسێن ئەلبورزی” بە هاوکاری تیپی موسیقای “ترنگ” کە پێکهاتبوو لە ژەنیارانی فارس و کورد، گۆرانی “مەستورێ مەستان”ی بە یادی محەممەد ماملێ پێشکەشی میوانان کرد. پێویستە بگوترێ کە ژەنیارەکان بە کورد و فارسەوە بە جلی کوردییەوە دەرکەوتن کە بوو بە جێی خۆشحاڵی هەموو بەشداربوان.

لەپاش وچانێکی کورت و لێو شیرنکردنێک بە شەربەت وچا و شیرنیمەنی، مەراسیمەکە بە گۆرانی و موزیکی کوردی دەستی پێکردەوە و کاک عەبدوڵا ماملێ بە گوتنەوەی گۆرانییەکی ماملێ بە ناوی “ئەی ڕاستی ڕاستی” درێژەی بە بەرنامەکە دا.

پاشان هونەرمەندانی دەنگخۆش حامد “تاریپور” بە خوێندنی گۆرانی (ئەرێ ئەی بە زولف و ڕووخسار) و ئومید دارابی بە گۆرانی (شینم بکەرن) گڕ و تینێکی تری دا بە کۆڕەکە.

لە بڕگەیەکی تردا مامۆستا محەممەد ڕەزا دارابی بە دەنگی خۆش و زوڵاڵیان دوو گۆرانی پێشکەشی بەشداربوان کرد تا کات گەییشتە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ و لەوحی ڕێزلێنانی مامۆستا ناسر ڕەزازی.

لەلایان کاک عەبدوڵا ماملێ خەڵاتی زێڕین ماملێ و لەلایان (تاقە)[1] دوو کچەکەی ماملێ واتە “فاتم ماملێ” لەوحی ڕێزلێنانی مەڵبەندی هونەری ماملێ و “شەونم ماملێ” دەستەگوڵی وەفا و ڕێز، پێشکەش بە مامۆستا دارابی کرا.

لەپاشان لەوحەی ڕێزلێنانی ماملێ وێڕای دەستەگوڵێک لەلایان کاک عەبدوڵا ماملێ و بەڕێز “عاطفی” جێگری “کۆمەڵەی موزیک و ژەنیارانی ئێران” (انجمن موسیقی و نوازندگان ایران) [2] پێشکەش بە مامۆستا حوسێن ئەلبورزی کرا. لە بەشێکی تری بەرنامەکە دا لەوحی ڕێز و سپاس پێشکەشی تیپی موسیقای (ترنگ) بەگشتی و بە ژەنیارە لێهاتووەکانی بەڕێزان (حامد پیرا بە باڵەبان)، (ماهور زمانەپور بە سازە کوبەییەکان)، (علی بشردوست بە سەنتوور)، (سجاد سقایی بە عود)، بورزو امیری بە کەمانچە) کرا کە لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێوە ئامادە کرابوو.

لە ژێرەوە وێنەی بەشیک لە مەراسیمەکەتان پێشکەش دەکەین و لە نیزیکترین دەرفەتیشدا فیلمی مەراسیمەکە مۆنتاژ دەکەین و لێرە بڵاوی دەکەینەوە.

هەر بژین و سەرکەوتوو بن.

[1] محەممەد ماملێ تەنیا دوو کچی هەیە بە ناوەکانی فاتم و شەونم.

[2] ئەو کۆمەڵەیە لەلایان هونەرمەندانی ئێرانەوە دامەزراوە و چ پێوەندییەکی بە بنەماکانی دەوڵەتی نییە.

فیلمی مەراسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٠ بۆ هونەرمەند محەممەد ڕەزا دارابی

وێنەکانی مەراسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٠ بۆ هونەرمەند محەممەد ڕەزا دارابی

بابەتی پێوەندیدار