Skip to content

‌ماملێ – ناسر حیسامی

لێره‌ ئێستا
گوڵه‌گه‌زیزه‌یه‌ک، ته‌نیا
به‌ ده‌م شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه‌ ڕاده‌ژێت و
له‌ خه‌ونیدا
ده‌ست له‌ ملی کانی ده‌کا.

سه‌رده‌مانێک
ئێره‌ گوند بوو.
له‌م ته‌ختاییه‌ به‌رینه‌دا، گۆڤه‌ندێکی گه‌وره‌ گیرا.
سروه‌ی سه‌ما گه‌یشتبووه‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌ی هه‌موو ماڵان.
گه‌رمای نیگای دڵدارانه‌ی کچ و کوڕ و
ڕه‌نگی سه‌وزوسووری به‌رگ و
شه‌پۆله‌ ئاوریشمی ده‌نگی ماملێ
له‌ ئاسمانی ئه‌م گونده‌دا تێک ده‌هاڵان.

ژان به‌ دڵم!
کوڕه‌ گه‌نجه‌کانم هێندێکیان هه‌ر…
هه‌ر به‌ پێوه‌ شکانه‌وه‌.
کیژه‌کانم، وه‌ک گیای تینوو، وشک بوون و
وه‌ک شۆڕه‌بیی وه‌رزی پایز ڕووتانه‌وه‌.

ئاواییه‌که‌ش…
ڕۆژێک هاتن وێرانیان کرد.
دوای هه‌موویان
ئه‌مجار ماملێ به‌ خه‌فه‌ت مرد.

لێره‌ ئێستا
گوڵه‌گه‌زیزه‌یه‌ک، ته‌نیا
به‌ ده‌م شنه‌ی شه‌ماڵه‌وه‌ ڕاده‌ژێت و
له‌ خه‌ونیدا
ده‌ست له‌ ملی کانی ده‌کا.

مامۆستا ناسر حیسامی

بابەتی پێوەندیدار