Skip to content

“لالە بەدەستان” و نهێنییە شاراوەکەی

ئەمڕۆ گەر هونەرمەندێک بخوازێت حەزێکی هونەریی خۆی بئافرێنێ، بڕگە‌بەبڕگەی هەنگاوەکانی دەبێ بەڵگەمەند بکات تا بەردەنگ بزانێت توێژ و تۆخەکانی ئەم ئاسەوارە هونەرییە، لەکوێ و لەچی درووست بووە؟ کێ هاوکار و چۆن چێ بووە؟ و…  ئیتر ئەو پرسیارانە وەک مافی بنەڕەتی بەردەنگ دبێ وەڵامیان هەبێت تا زیاتر چێژ لە هونەرەکە ببیندرێت. هەروەها ئەو زانیارییانەش وەک ئاڕشیوێکی نەتەوەیی بپارێزرێن و مافی کەسانی بەشدار لەو بەرهەمە و لەو مابەینەدا، پێشێل نەکرێت.

بەداخەوە گەر نەڵێین هەموویان بەڵام، زۆربەی‌هەرەزۆری هونەرمەندان و خاوەن بەهرەکانی جیلەکانی پێشوومان، کەمتەرخەمییان کردووە لە پێناسەکردن و ناساندنی ناوەرۆکە شاراوەکانی ئەم ئاسەوارە هونەرییانە کە ئەمڕۆ لەبەردەستمان دان. لێکدانەوەی خەسارناسانە و دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەو کەمایەسییە زۆرن و دەکرێت لە دەرفەتێکی تر دا باسیان بکەین.

ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە هەر بەرهەمێکی هونەری هەست و هێزێک، بڕێجاریش بەسەرهات و دیمەنێک دەبن بە چەزووی ئافراندنیان کە بەداخەوە زۆربەی بەرهەمە هونەرییەکانی جیلی پێشوومان، ئەو هەست و بەسەرهاتانە ونن و نادیار. ساغکردنەوە و زیندووکردنەوەی ئەو مێژووی ئەو بەرهەمانە پێویستی بە بەڵگە و فاکتی پشتئەستوورە کە مخابن یا نییە و یا ئەوەندە کرچ و کاڵن کە ناتوانین پشتیان پێببەستین بۆیە، ئەو بەرهەمانە لەناو کۆمەڵگا دا دەبنە بەستێنی سازکردنی دەنگۆ یا ئەفسانە، بڕێجارێکیش دەبنە نێچیری کەسانی ناشارەزا و مێژووی خوازراوی  بۆ مەبەستی تایبەتی بۆ دەتاشن.

زۆر لە گۆرانییەکانی ماملێ، هەستی شاعیرێکی هەستناسک و عارفێکی پەرێزپاک و کوردێکی ڕەسەن بە ناوی مامۆستا “هاشم نانەوازادە”یە. بەداخەوە تا ماملێ لەژیان دا مابوو هەوڵی نەدا تا بەرهەمەکانی بنووسێتەوە و لە کۆی پەڕتووکێک پێناسەی گۆرانییەکانی بکات. (لەوانەیە ناحەقیشی نەبێت چوون ئەویش هۆکاری تایبەتی هەبوو) ئەو کتێبانەی کە لەسەر گۆرانییەکانی نووسراون هیچیان بە پرس و ڕاوێژی ئەو نەنووسراون تا ڕێنوێنی نووسەر بکات و پەردە لەسەر مێژووی گۆرانییەکان لابدات.  بۆیە نووسەرانی ئەو کۆپەڕانەش زۆرجار بەهەڵەدا ڕۆییشتوون و یا ناوی هۆنەری هۆنراوەکەیان نەنووسیوە و یان بە هەڵە نووسیویانن یان فۆلکلۆرێکیان پێوەلکاندوون.

لە کۆتایی ڕۆژەکانی تەمەنی مامۆستا هاشم نانەوازادە و بە هەوڵ و ماندووبوونی کوڕی گەورەی بەڕێزیان کاک “پۆڵا” ، دیوانی شێعرەکانی ئەم هۆنەرە بەرزە لە چاپ دران بەناوی لالە بەدەستان” کە بە هۆی پەلەی زۆرەوە، کەمایەسی زۆری تێکەوت بەڵام، لە بنەڕەت دا هەنگاوێکی مەزن بوو بۆ بەئاڕشیوکردنی ئەو بەرهەمانەی مامۆستا هاشم.

یەک لەو گۆرانییانەی ماملێ کە زۆر بەناوبانگە و شێعرەکەشی مڵکی مامۆستا هاشم نانەوازادەیە، گۆرانی “لالە بەدەستان”ە. هۆنراوەی ئەو گۆرانییە پڕە لە سەنعەتی ئەدەبی و هونەریی ایهام، بۆیە لەلای زۆر لە ژنەوایان وەک تابڵۆیەکی سوورێئالیستی، هەرکەسە ڕاڤەی خۆی بۆ دەکات.

لەو ماوەیە دا لەلایان هونەردۆستی ژیر کاک “شاهۆ بەستاڕ” کە یەک لە هاوکارانی مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌یە، ئەو پرسیارە ورووژێندرا کە ئاخۆ دەبێ هەوێنی هۆنراوەی ئەم گۆرانییەی ماملێ، چ بێت؟ بۆیە لە نووسینێکی کورت دا ئەو پرسیارەی ئاڕاستەی ئەدیب و لێکۆلەری مەزن مامۆستا “عەبدوڵا سەمەدی” کرد و بەڕێزیشیان بە دڵێکی گەورەوە کاتی بۆ وەڵامەکەی دانا و ئاوایان فەرموو:

“لاله‌” به‌ مانای “چرا”یه‌. له‌ داوه‌تی قه‌دیمدا، به‌شی هه‌ره‌ خۆش و به‌رچاو “شه‌وگه‌ڕ” بوو، که‌ تایبه‌تی لاوان بوو. له‌ شوێنێکی گۆڕایی و خۆشی ده‌ره‌وه‌ی ئاوه‌دانی، به‌زمی هه‌ڵپه‌ڕکێ ده‌گیرا و کچان و کوڕانی دڵ پڕ له‌ هیوا و ئاره‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگی داهاتوو، به‌ کوێرایی چاوی غه‌م و خه‌فه‌ته‌کانی ڕۆژگار، که‌ “دووری”، “نه‌خۆشی”، “مردن” و… بوون و خۆیان حه‌شار دابوو و له‌ناکاو وه‌ده‌ر ده‌که‌وتن، ده‌ست له‌ ناو ده‌ست، تا دره‌نگانی شه‌و، ته‌نانه‌ت تا به‌ره‌به‌یان هه‌ڵده‌په‌ڕین و چێژیان له‌ ژیان وه‌رده‌گرت. له‌و شه‌وگه‌ڕانه‌دا، چرای شایی و زه‌ماوه‌ند، “لاله‌” بوو که‌ ڕازاوه‌ و فاخر بوو. ئه‌و چرایه‌ به‌ شه‌م داییسا و شووشه‌ لامپایه‌کی به‌ نێوی “مه‌رده‌نگی” به‌ سه‌ر ڕۆ ده‌کرا، تا با نه‌یکوژێنێته‌وه‌. له‌ شه‌وگه‌ڕدا، 10-15 لاله‌ به‌ ده‌ست له‌ ده‌وری داوه‌ت ڕاده‌وه‌ستان و کۆڕه‌که‌یان ڕووناک ده‌کرد.

حاجی هاشم له‌ شێعرێکی خۆیدا ئاوا ده‌ڵێ:

(قه‌دیم خوانچه‌یان دێنا، خوانچه‌ ده‌ڕازانه‌وه‌
شه‌می سه‌ر خوانچه‌ی بووکێ، سه‌ربه‌خۆ ده‌توانه‌وه‌
لاله‌ به‌ ده‌ست بۆ لای بووک، ده‌هاتن به‌ پانه‌وه‌
بووک ده‌هات به‌ ڕمبازی و قرمه‌ی ده‌مانچانه‌وه‌)

مه‌به‌ستی گۆرانییه‌کانی حاجی هاشم، له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا: وه‌سفی جوانیی سروشت و جوانیی ئافره‌ت و داب و ڕه‌سمی کورده‌واری و خۆشی‌یه‌. له‌ پله‌ی دووه‌مدا: داستانی سه‌رکه‌وتن و شکستی ئه‌وینه‌کانی خۆیه‌تی. یانی ئه‌گه‌ر دیارییه‌کی ئاشقانه‌ی بۆ دۆستێکی خۆی ناردبا و ئه‌ویش قه‌بووڵی کردبا و ده‌سرۆکه‌یه‌کی گوڵدۆزی کراوی بۆ ناردباوه‌؛ ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ خۆشه‌ی زوو ده‌کرده‌

به‌هاره‌ عه‌زیزم، به‌هاری دوو دڵانه‌”.

 هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دۆسته‌که‌ی مێردی کردبا و به‌ره‌و ماڵی تازه‌، سابڵاغی به‌جێ هێشتبا، ئه‌ویشی به‌ دڵی غه‌مبار و چاوی ته‌ڕه‌وه‌ ده‌کرده‌

“کۆچی یارم کۆچی سووره‌”.

ڕاسته‌ حاجی هاشم وه‌ک هه‌موو ئینسانێکی تێگه‌یشتوو و به‌ شه‌ڕه‌ف، گه‌ل و وڵاتی خۆی خۆش ویستووه‌ و بیر و باوه‌ڕی سیاسیی خۆی هه‌بووه‌، به‌ڵام گۆرانییه‌کانی هه‌موویان ئاشقانه‌ و جوانی و مۆسیقان. چه‌ند ساڵێکه‌ به‌ هۆی بارودۆخی سیاسی، هه‌ندێ که‌س پێیان خۆشه‌ هه‌موو شتێک به‌ لانی سیاسیدا بشکێننه‌وه‌؛ که‌ گۆرانییه‌کانی حاجی هاشمیش به‌ بڕوای من، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ زێده‌ڕۆییان تێدا ده‌کرێ؛ که‌چی هه‌رشتێک له‌ جێی خۆی جوان و به‌ قه‌دره‌.

بە سپاسەوە لە بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵا سەمەدی و هەروەها کاک شاهۆ بەستاڕ
هەروەها سپاس بۆ ئێوە میوانانی هێژای ماڵپەڕەکەمان
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار