Skip to content

ڕەببی بەخێرێ بەهار

لێکۆڵەری بواری موزیک و بەڕەگەز ئاڵمانی و گەورەبووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامڕیکا، پرۆفێسۆر “دیەتر کریستیانسن”[1] لە ساڵەی ١٩٦٢ زایینی بۆ لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر موزیکی کوردی، سەردانی شارەکانی سیرت، هەککاری و هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. لە سەفەرەکەیاندا کۆمەڵێک چاوپێکەوتن دەکات دەگەڵ هونەرمەندان، دەنگبێژان، بەیتبێژان و دەنگخۆشانی ناوچەکە و کۆمەڵێک بەرهەمی دەنگییان لێ تۆمار دەکات. زۆربەی ئەو بەرهەمانەی کە تۆماری کردوون وەک بەرهەمێکی نەتەوەیی و ڕەسەنی کوردی دەناسرێن و هەڵگری کۆمەڵێک ڕوانگەی میژوویی، ئەفسانەیی و کلتووری نەتەوەی کوردن کە لە لەونی خۆی دا شتێکی دەگمەن و بێوینەن.

یەک لەو کەسانەی کە لەمیانەی سەفەر و لێکۆڵینەوەکەیان دا چاوی پییکەوتووە و دەنگی تۆمار کردووە، “محەممەدی ماملێ” ـیە کە گۆرانییەکی کۆن  ڕەسەنی کوردی ناوچەی موکریانی دەڵێتەوە بە ناوی (ڕەببی بەخێر بێی بەهار)[2] کە خاوەنی هۆنراوەکەی “ئەحمەدی کۆر”ـە بەڵام، دیار نییە کە ئاوازەکە ئی کێیە. لەو تۆمارە دەنگییە دا کە پرۆفێسۆر کریستیانسن لەم دواییانەدا بڵاوی کردۆتەوە، دوو هونەرمەند هاوکاری ماملێ دەکەن، یەکیان هونەرمەند “ئەسکەر” ناسروا بە “ئەسکەری تارژەن” بە ژەنینی تار  و ئەوەیتریشیان هونەرمەند “محەممەد حاتەمی”ـیە کە بە زەرب هاوکاری ماملێ دەکات.

بەڕێز کریستیانسن کاتێک کە دەنگەکان لەو هونەرمەندانە تومار دەکات، هاوکات چەند وێنەیەکییان لێدەچرکێنێت کە ئەوانیش گرینگی خۆیان هەیە و هەمان وینەتان لێرە پێشکەس دەکرێت کە لەکاتی گوتنەوەی گۆرانییەکە دا چرکێندراوە. لەو وێنەیە دا تەنیا محەممەد ماملی و ئەسکەری تارژەن دیارن و کاک محەممەد حاتەمی دیار نییە بەڵام، کریستیانسن لە نامیلکەیەک دا کە بڵاوی کردۆتەوە وێنەیەکی تاقی لە بەڕێز محەممەد حاتەمی بڵاو کردۆتەوە.[3]

گرینگە ئەوە بزانین کە ماملێ یەکەمکەس بووە کە ئەو گۆرانییەی کردۆتەوە ئاوازێکی موسیقایی و بەکەڵگوەرگرتن لە ئامێرەکانی موسیقایی تازەی کردۆتەوە و جیلی خۆی و تەنانەت وەچەی دوای خۆشی بەو گۆرانییە ئاشنا کردووە کە لانی کەمی تەمەنیی ئەو گۆرانییە ١٤٠ ساڵ دەخەمڵێندرێت. ئەوە لەکاتێک دایە کە یەکەمین کۆکراوی بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەدی کۆر لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایان بەڕێز “مەلاعەزیز محەممەد پوور” ـەوە لەچاپ دراوە بەڵام، ماملێ سینگبەسینگ و لەزاری بابی خۆی واتە هونەرمەند (سەعید ماملێ) ئەو گۆرانییە فێربووە بۆیە، زۆر ئاساییە کە کاتێک دەگەڵ دەقی چاپکراوی بەهارییەکە پێکیان بگرین، جیاوازییان هەبێت.
دەقی ئەو هۆنراوەیەی کە ماملێی دەیانڵێت، بەم چەشنەیە:

ڕەببی بەخێرێ بەهار، بەهاری پاش زستانێ
کراسێکی کەسکی کرد، لە ئێران تا تورانێ
بولبوول شەیدای گوڵێ بوو، دەستی کرد بە فەغانێ
لە گووڕەی دەشەماڵی و لە ڕێژنەی دەبارانێ
ڕەببی خودا شادمان کەی، بە دوو چاوی دەجوانێ

ڕەببی بەخێرێ بەهار، بەهاری پاش نەورۆزێ
یارێ چاوگەلاوێژێ، دە حوببێ دا دەبزۆزێ
دنیام لێ گوڵگوڵی بوو، نەما تەلەسمی تۆزێ
بە چوزەی دەموژانێی، ڕێشەی جەرگم دەسۆزێ

گوڵان لەدەم ڕووباران، سەف‌سەف چوونە دەجووڵە
بەعزێک لەوان گوڵان دیم، ڕەنگ قرمز و گوڵاڵە
با بێن گوڵان ببینین، هەرچی دڵی مەحزوونە
دەو دنیایەی بێوەفا، چەند مەحبوب و چەند ڕوونە

گەلێ دەردان سەر لێدان، ساتێک ناگرم قەرارێ
شەو و ڕۆژێ ناسەبرم، لەبەر غەمی دەیارێ
دڵێ من چەند مەحزوونە، ئەسرینم دێنە خوارێ
مەگەر بەوەی ساکین بێت، بە ڕەنگی دەبەهارێ

بەهارە (ڕەببی بەخێرێ بەها / مەکەن مەنعی عاشقان)

لە تۆمارێکی تردا، ماملی ئەو چەند دێڕەش زیاد دەکات و ئاوا دەیانڵێتەوە:

مەکەن مەنعی عاشقان، عیشقی کاری دژوارە
هەرچی عیشقی لەدڵ بێ، بێسەبر و بێ قەرارە
دایمە لەبەر هیجرانێ، ڕەنگ زەرد و لێو بەبارە
دەعیشقێ دا سووتاوم، غەمم لە چوارکەنارە
مزگێنی بێت لە یاران، دەڵێن ئەوڕۆ بەهارە

بەهارم چەندە خۆشە، مزگێنی بێت هات بەهار
هاتن تەیری دەڕەنگین، جوتبەجوت بوون بە قەتار
کەوتن لەدەم دەراوان، لەوانم دیت سەتهەزار
ئەو بەهارەی وا ڕەنگین، لێم بووە بە بازاڕ و شار

غەمی لە دڵی من زۆرن، با بچن دەگەڵ زستانێ
هەوری دەڕەش دەخرۆشن، دەگرن بەری ئاسمانێ
لەبەر گوڕەی شەماڵی و لە ڕێژنەی دەبارانێ
کوێستان ماون دەتەمێ، هەوەڵ مانگی نیسانێ
ڕەببی خودا شادمان کەی، بە دوو چاوی دەجوانێ

هەوری دەڕەش تاری کرد، دامێنی کۆساران
لەو بەهارەی سەوزەپۆش، لە شکۆفەی دەداران
بە زەرد و سوور غەمڵیون، گوڵان لە چوار کەناران
وەنەوشەم زۆر زەعیف دین، لەدەم جۆ و جۆباران

لە نیشانەی بەهارێ، هەوری دەڕەش دەخرۆشن
لە کوێستانی دەعەزیم، گوڵان زەربافت دەپۆشن
هەروەکوو سەحرای چینێ، جوملە میسکفرۆشن
لە شادی دەبەهارێ، چەند لەزەوق و لەجۆشن

بەهار هاتە سەرتەختم، گوڵ هاتن لەناکاوان
تەڕحی گوڵان زۆرم دین، لە سۆسنەی دەساوان
موژدە بەرنە بولبوولان، عاشقێکی دڵسووتاوە
ئەو دونایەی بێوەفا، وەفای بۆ کەس نەماوە

نەسیمی بەهاری هات، شادی کەوتە نێو لاوان
تەیری دە زۆرم دەدین، کەوتن لەدەم شەتاوان
فرمێسکم هاتنە خوارێ، خوێناوم دێ لەچاوان
لەبەر سەدای شالوورێ، ئاورم بەربووە هەناوان

بەهارە (ڕەببی بەخێرێ بەها / مەکەن مەنعی عاشقان)

 زانیاری و سەرچاوەکان:

[1] Dieter Christensen پرۆفێسۆرە موزیکە کە پێیدەگوترێ (Etnomusicolog). لە ساڵی ١٩٥٧ دا بڕوانامەی دوکتۆڕا وەردەگرێت و پاشان دەست دەکات بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەسەر موزیکی گەلی کورد. لە ساڵی ١٩٦٢ یەکەمجار سەردانی دەڤەری سیرت، هەککاری و ئینجا موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکانی دەبێت. بۆ ساڵی ١٩٦٥ جارێکی تر  هاوڕێ دەگەڵ هاوسەرەکەی بەڕێز (Nerthus Christensen)  دەگەڕێتەوە بۆ باکوری کوردستان و لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەمەندتر دەکات.

لە ساڵەکانی نێوان ١٩٨٢ تا ٢٠٠٢ پرۆفێسۆر کریستیانسن دەبێت بە سەرۆکی بەشی کۆمیتەی ناونەتەوەیی موزیکە نەریتییەکانی سەر بە یونێسکۆ(UNESCO).  تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ بابەتی زانستی لەسەر موزیکی کوردی لە کۆمەڵگای زانستی جیهانی دا بە زمانەکانی ئاڵمانی و ئینگلیسی بڵاو کردۆتەوە و هەندێکیشیان بە زمانی تورکی و فارسی وەرگێردراون.
ئێستا کە پاشی چەند ساڵا وانەگوتنەوە لە زانکۆی (Columbia University)، خانەنشین بووە و سەرقاڵی نووسینەوەی پەڕتووکێکە لەسەر موزیکی کوردی لە باکوری کوردستان بە ناوی: “Music in Kurdish Life”

[2] لە دیوانی شێعری ئەحمەدی کۆردا، ناوی ئەو هۆنراوەیە (دەڵێن ئەوڕۆ بەهارە)ـیە بەڵام، ئەو گۆرانییە کە ماملیی دەیڵێتەوە بە (ڕەببی بەخێرێی بەهار) کە ناوی بەشێک لە هۆنراوەکەیە، بەناوبانگە.  هەروەها ئەو چەشنە شێعرە لە وێژەدا  بە “بەهارییە” دەناسرێت کە دە پەسنی بەهاردا دەگوترێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم گۆرانییە بە دەنگی زۆر دەنگخۆش و دەنگبێژی تر وەک: حاج سمایلی کاوڵان، حەمەدی بەیتان، و حەمە جان گوتراون کە تا ڕادەیەکی زۆر هەم لە هۆنراەکان دا و هەمیش لە مێلۆدییەکە دا جیاوازییان هەیە دەگەڵ ئەوەی کە ماملی دەیڵێتەوە.

[3] Dieter Christensen1962

بابەتی پێوەندیدار