گۆرانی و مێلۆدی کە خۆش بوو، دێتە سەر زاران و ورد و دریشتی کۆمەڵگا دەیڵێنەوە. تەنانەت زۆربەی جارانیش ئەو گۆرانی و مێلۆدییانە سنووری ناوچە یا وڵاتێک زیاتر دەبڕن و لەلایان هونەرمەندانی نەتەوەکانی ترەوە بە هۆنراوەی جیاواز، هەمان مێلۆدی دەگوترێنەوە.[1]تا ئێرە ئەوە کارێکی زۆر ئاسایی و ڕێگە پێدراوە بە مەرجێک ئاماژە بە سەرچاوەی گۆرانییەکە بکرێت دەنا، ڕووکار و ناوەرۆکی کارەکە دەگۆڕدرێت و دەبێتە دزیی هونەری. ڕێک چەشنی کتێبێک کە بە زمانی ئینگیلیسی نووسرابێت و کەسێک وەریگێڕێتە سەر زمانی خۆی بەڵام، بڵێ ئەوە کتێبە لە نووسینەکانی خۆمە! بەوەش دەڵێن دزییەکی ئەدەبی.
Sarı Gelin (بووکی زەرد یا زەردپۆش) یان گۆرانی “سەر لەسەر ڕانی” کە ئێمە لە زمان هونەرمەند محەممەد ماملێوە دەیناسین، یەک لەو گۆرانییانەیە کە سنووری دێمۆگڕافی و جوغرافی زۆربەی نەتەوەکانی مێزۆپۆتامیا و تەنانەت نەتەوەکانی ڕۆخی دەریای ڕەش و قەفقازیشی بڕیوە.
تەمەنی ئەم گۆرانییە ئەوەندە زۆرە کە کەس نازانێت ئاخۆ هۆنەری هۆنراوەکە یان نووسەری گۆرانییەکە کی بووە؟ بەڵام، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم گۆرانییە لە ناو نەتەوەکانی تورک، ئازەری، ئەرمەنی، گورجی، ئێرانی و کورددا گوتراوەتەوە.[2] گرینگ نییە بە کام هۆنراوە یا بەکام زمان گوترابێتەوە، گرینگ ئەوەیە کە ئەم گۆرانییە ڕۆچۆتە ناو فەرهەنگی ئەو نەتەوانەی ناویان هات، بە چەشنێک هەرکام هەوڵ دەدات ماک و ڕەسەنایەتی ئەم گۆرانییە بە نەتەوەی خۆی بلکێنی. بەتایبەت ئەو کێشەیە لەناو شارەزایانی فەرهەنگی و هونەریی دوو نەتەوەی تورک و ئەرمەنی دا گەیوەتە شوێنی باریک و هەر ئەوەندەیە پیاوی لەسەر ناکوژرێت. باسی ئازەرییەکانیش ناکەین کە کاسەی داغتر لە ئاشن و ئەوانیش سازی خۆیان لێدەدن و پشکی خۆیان لەو گۆرانییە دەوێ.
ئەوەی تا ڕادەیەک هەموو لایەک لەسەری کۆکن ئەوەیە کە، ئەم گۆرانییە لە شاری “ئەرزەڕۆم”** لەدایک بووە و ئەفسانەکەی دەگەڕێننەوە بۆ کچێکی فلەی شۆخی پرچزەرد کە کوڕێکی موسوڵمانی خەڵکی شارەکەی خۆی، عاشقی دەبێت و داوای دەکات بەڵام، بەهۆی بەربەستی ئایینی کچە فلەی نادەن بە کوڕە موسوڵمانەکە. ئەڤینی ئەو دوو لاوە ئەوەندە دەنگ دەداتەوە کە دەبێتە هەوێنی هونەرمەندانی ئەوکات و ئەو شاکارەی لێدەردەچێت کە ئێستا هەیە.[3]
گەر ئێمەش بەو مێژوویە ڕازی بین کە هەردووک نەتەوەی تورک و ئەرمەن لەسەری کۆکن و بیکەینە پێوەر و وەک سەرەداو لێی بڕوانین کەواتە، دەبینین ئەو گۆرانییە ڕەنگدانەوەی ڕووداوێکە کە لە شاری ئەڕزەڕووم روویداوە کە دوو نەتەوەی کورد و ئەرمەنی تێیدا ژیاون و پێکهاتەی سەرەکی ئەو شارەیان پێکهێناوە. بەوپێیە، ئەو ئەگەرە زیاتر بەهێز دەبیت کە بڵێین ئەو گۆرانییە دەتوانێت کوردی بووبێت تا تورکی یا ئەرمەنی. پاساو بۆ ئەم قسەیە چییە؟
گەر سووکەئاوڕێک لە مێژووی شاری ئەرزەڕۆم بدەینەوە دەبینین کە ئەو شارە بەشێک بووە لە وڵاتی ئێران و لە درێژەی شەری عوسمانییەکان و سەفەوییەکان دا، چەند جاران ئەودەستئەودەستی پێکراوە تا لە کۆتاییدا ئەو شارە و زۆر ناوچەی تر لە ساڵی ١٥١٤زایینی و لە ئاکامی شەری بەناوبانگی چاڵدەران دا بۆ هەمیشە دەکەونە بن دەستی عوسمانییەکان. [4]،[5]
تا پێش شەڕی یەکەمی جیهانی لەو شارەدا دوو نەتەوەی کورد و ئەرمەن وەک دوو نەتەوەی سەرەکی ئەم شارە برایانە تییدا ژیاون و بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی عوسمانیشەوە تورک تێیخزاون و دەستەڵاتی ئەو شارەیان گرتۆتە دەست.[6] لەو نیوانەدا کوردەکان بە هۆی هاوئایینبوونیان دەگەڵ عوسمانییەکان، زیاتر بۆ لای خەلیفەی عوسمانی دا بایانداوەتەوە، تا ئەوکاتەی کە مستەفا کەماڵ دێتە سەرکار و ئەرمەنییەکان لەو شارە کۆمەڵکوژ و ناوچەکەیان پێ چۆل دەکات تا تورکیەی ئێستا بە قەفقاز، ئازەربایجان، تورکەمنستان، ئوزبەکستان، قرقیزستان و لە ئاکامدا بە مەغولستانی دایکیان گرێی بداتەوە. [7]
لێرەدا هیچ حاشا لەوە ناکرێ کە دەوڵەتی عوسمانی وەک ئیمپراتووریەتێکی بەهێز لە ناوەڕاستی ئەوڕووپا ڕا تا نیزیک بە خاکی عەڕەبستانی سعودی حوکمی کردووە، ئەوەندە بەهێز بووە کە دەستی گەیوەتە هەموو کەرەسەیەکی پێشکەوتووی سەردەم لەناویشیان دا کەرەسەی تۆماری دەنگ و موزیک و قەوان و ڕادیۆ. ئەو کەرەسانەی کە لەو سەردەم دا هەر نەتەوەیەک کەوتبا دەستی، هەنگاوێک زیاتر دەیتوانی لە بواری فەرهەنگییەوە پێش بکەوێت و سنگی خۆی وەک نەتەوەیەکی پێشکەوتوو داکوتێت و بانگەشە بۆ شان و شەوکوتی نەتەوەی خۆی بکات و هێژمۆنی خۆی داسەپێنێت. نەتەوەکانی تریش بە لارەملی لێی بڕوانن و ئاواتیان خواستبا کە دوو وشە تورکی فێر ببن چوون، بە هۆی ئەم ئامرازانەوە لە ناوچەکەدا زمانی تورکی، وەک زمان و فەرهەنگی باڵادەست پێشان دەدرا.
هیچ بەدوور نییە کە ئەو گۆرانییە کوردی بووبێت و لەلایان کوڕە کوردیک بۆ کچە قژزەردێکی فلەی ئەرمەنی گوترابێت و وەک سەدان گۆرانی کوردی تر بیتورکێنن و لەسەر قەوان تۆماری بکەن و پاشان پێمان بڵێن کە:
ها، ئەوە نییە ئێمەی تورک لەسەر قەوان هەمانە! خۆ ئێوە وەک کورد یا ئەرمەن لەسەر قەوان ئەو گۆرانییەتان نییە! کەوایە ئەو گۆرانییە بە ڕەچەڵەک تورکییە.
ڕاست دەکەن، وەک بەڵگە لەوانەیە ئەوە بسەلمێنن کە کۆنترین سەرچاوە (قەوان) هەیە کە پێمان دەڵێ تورکییە بەڵام، لەولاشەوە بە سەدان بەڵگە هەیە کە دەیسەلمێنێ کە تورک چلۆن دێمۆگرانی ناوچەکەیان گۆڕی و نەتەوەکانیان کۆمەڵکوژ کرد و زمانی خۆیان بە زۆرەملی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند و هەرچی فەرهەنگی جوانی نەتەوەکانی تر بوو کردیان بە ئی خۆیان و لەناویشیاندا گورانی و ئەفسانەکانی میللەتانی تری وەک کورد و ئەرمەن. ئیتر چوون ئەوسەردەم دەستڕۆییو بوون و تێکنۆلۆژیای سەردەمیان لەبندەست دابوو، توانیویانە بە زمانی تورکی تۆماری بکەن. ئەوە تەنیا چارەنووسی ئەو گۆرانییە نییە بگرە بە سەدان گۆرانی لەم چەشنە بەداخەوە هەر لەلایان دەنگخۆشانی کوردەوە کران بە تورکی. [8]
ئەوەی ڕاستییە و بە هیچ فێڵ و گزەیەک ناگۆڕدرێت، کۆمەڵکوژکردن و دزین و تاڵانکردنی سامانی فەرهەنگی و هەمەلایەنەی نەتەوەکانی ناوچەکەیە لەلایان دەوڵەتانی تورک و عوسمانییەوە، نەک قەوانێکی تەتریک کراو.
وریا ماملێ
16/01/2019
سەرنج و سەرچاوەکان:
* ئەو گۆرانییە بە تورکی ناوی Sarı Gelin
و بە مانای بووکی زەرد یان بوکی قژزەد. ئەوەش لینکی گۆرانییەکەبە دوو زمانی کوردی و تورکی:
هەمان گۆرانی بە زمانی ئەرمەنی بەناوی ” Սարի աղջիկ، ساری آغچیک”ـــە کە یەعنی کچی کوێستان. لە ڕیگەی ئەم لینکەوە بیبینن.
هەروەها بە زمانی فارسییش هەیە کە ناوی ” دامن کشان” ـە کە هونەرمەندی بە ڕەگەز ئەرمەنی فارسیزوان (ویگن) خوێندویەتی. . لە ڕێگای ئەم لینکەوە بیبینن:
یا
ئەوەش هەمان گۆرانی بە دەنگی محەممەد ماملێ
** (Erzurum) یان (عەرزی ڕۆم) یان (خاكی ڕۆم)ـییەکان. ڕۆمییەکان بە ئەو نەتەوانە دەگوترێ کە لەسەر ئایینی مەسیحن. ئەو ناوە پاشماوەی شەڕەکانی سەلیبیە کە تا ئێستاکەش لە فەرهەنگی جوغرافیای تورکییە بە ئاییندارانی مەسیحی و ئەرمەنی دەگوترێ ڕۆمی.
- [1] https://youtu.be/gVj55paDe9s
- [2] https://tr.wikipedia.org/wiki/Sar%C4%B1_Gelin
- [3] http://blog.milliyet.com.tr/sari-gelin-turkusu-nun-hik-yesi-/Blog/?BlogNo=360784
- [4] پەڕتووکی کورد و کوردستان، نووسینی محەممەد ئەمین زەکی بەگ، جڵدی یەکەم، ئینتیشاراتی سەیدیان، مەهاباد ل: ١٦٠
- [5] کۆمەڵناسی کوردەواری، نووسینی دوکتور حوسێن خەلیقی، بەرگی یەکەم، چاپخانەی ئەلحەوادیس، بەغدا ١٩٩٢ ل:٩٣
- [6] پەڕتووکی: زبدە تاریخ کردستان – نووسینی: محمد امین زکی بگ – وەرگێڕانی بە فارسی: یدللە روشن اردلان ل: ١٥٣
- [7] پەڕتووکی “چەند باسێکی کورد و تورک” نووسینی: دوکتور کەنداڵ وانلی، وەرگێڕان و پەڕاوێز نووسینی: شێرکۆ هەژار – بەرگی یەکەم – چاپی دووهەم ٢٠٠٩ ل: ١٧
- [8] پەڕتووکی “کوردستان کۆلۆنییەکی ناودەوڵەتی” نووسینی: ئیسماعیل بێشکچی و وەرگێڕانی: حەمە ڕەشید ل. ٢٣٥ – ٢٣٦