خوێندنەوەیەکی شیکاری: بۆ (بالێی گایانە)ی ئارام خاچاتوریان چیرۆک، کارەکتەر و موزیکی کوردی، لە شاکارێکی جیهانیدا

(بالێی گایانە)ی “ئارام خاچاتوریان”

نووسینی ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست (Ethnomusicologist): توانا حەمە

لە ڕۆژانی کرنتینە و کۆڕۆنا

– پێشەکییەک:

لە قۆناغی خوێندنی پەیمانگای هونەرەجوانەکانمدا، یەکێک لەو باسانەی، کە لە یادەوەریمدا ماوەتەوە، ئەو باسە بوو، کە لە وانەی فۆلکلۆردا، لەزاری پڕۆفیسۆر د. عزدین مستەفاوە وەرگیرابوو، کە “لە ڕووسیا لە سەردەمی خوێندنی زانکۆییدا، دەچێت بۆ بینینی (سەمای گایانە)، لە کاتێکدا، کە لە رێبەری نمایشەکە دەڕوانێت، ئەوە دەبینێت، کە لە رێبەرەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە خاچاتوریان بۆ نوسینی ئەم شاکارە سودی لە موزیکی کوردی وەرگرتووە”.
لە راستیدا زانیارییەکانی زۆر سادە بوون، تەنانەت ئێمە لەو سەردەمەدا بە هۆی نەبوونی (تۆڕی ئەنتەرنیت، کتێب دەربارەی موزیک) وا تێگەیشتبووین، کە ئەم سەمایە تایبەتە بە (سەمای گا)، چونکە جگە لەو یادەوەریەی (دکتۆر عزەدین مستەفا) هیچ رونکردنەوەیەک لە سەر ئەم شاکارەکە نەدرا بوو. لە راستیدا زانیارییەکان زۆر کەم و پەراوێزی بوون، بەڵام ئەو کات وەک دەستکەوتێکی گەورە و بەنرخ بۆ موزیکی کوردی راڤەمان لەسەر بابەتەکە دەکرد.
پاش نزیکەی حەڤدە ساڵ، لە ماوەی رابردوو بەهۆی گەڕان و لێكۆڵینەوەوە ئەکادیمیەکانمەوە، گەڕانم بۆ بابەتێك دەکرد، لە ناکاو ئەم باسەم کەوتەوە یاد و بەدواداچونێکی زۆرم لەسەر بابەتەکە کرد، کە دەمەوێت لە لێرەدا و لە نێو ئەم ووتارەمدا لەسەری بدوێم. لە هەمانکاتدا شیکاری بۆچونی تایبەت خۆم لە سەر لایەنە گرنگەکانی موزیکەکە و بایەخی بۆ موزیکی کوردی بخەمەڕوو.

– ئارام خاچاتوریان کێیە؟

ئارام ئیلیچ خاچاتوریان لە ڕێکەوتی ٦/٦/ ١٩٠٣ لە شاری (تەفلیس)ی فرە کلتوری جۆرجیا، لە خێزانێکی ئەرمەنی لە دایک بووە. ئەو شاری تەفلیس بە نەقشی خەیاڵی موزیکی خۆی دەزانێت و دەڵێت:

ئارام خاچاتوریان

” تەفلیس شاری ئاواز خوێنەکان بوو، لە یادەوەری مندا بەو شێوەیە نەقشی خۆی هەڵکەندووە. ئەم شارە هەمووی ئاوازخوێن بوون، پیشەگەرەکانی لە گەرمەی کارکردندا، گۆرانییان دەچڕی، میوە فرۆشەکان، ماسی فرۆشەکان لەکاتی هاوارکردندا بە گۆرانییەوە کڕیارەکانیان بانگ دەکرد، ئێواران لەماڵەکانەوە دەنگی گۆرانی دەهات، لە هەموو گۆشەیەکی شارەوە نەسیمی موزیکت بەردەکەوت”. بە هۆکاری ئەوەی لە شارێکی لەم جۆرەدا ژیانی دەکرد، هەمیشە ماڵەکەیان پڕبووە، لە دەنگی گۆرانی پێکەوەیی و خۆی دەڵێت: “دایکم زۆر گۆرانی میللی ئەرمەنی و ئازەربایجانی لەبەر بوو، ڕۆژانە دەیژەنین و دەیچڕین، من هەرگیز گۆرانییەکانی دایککم لە بیرناچنەوە”.

پوختەیەک دەربارەی (بالێی گایەنە):

ئەم بالێیە یەکێکە لە دیارترین شاکارەکانی مێژووی بالێی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کە لەلایەن دانەری ئەرمەنی (خاچاتوریان) دانراوە. سکۆری سەرەتایی ئەم کارە لە ساڵی ١٩٣٩ بە ناوی (خۆشییەکان) نووسراوە، پاش ئەوەی دواتر لە ساڵی ١٩٤١ پێداچوونەوەی پێداکراوە. چیرۆکی گایانە داستانێکی دڵدارییە، لە سەردەمی جەنگی جیهانی دوومدا، لە [*] کەڵخۆزێکی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی نێوان ئەرمەنسستان و تورکیا ڕوویداوە. پاشان ئەم چیرۆکە لەلایەن (کۆنستانتین دێرژاڤین) دەنوسێرێتەوە و لەلایەن (نینا ئانیسیمۆڤا)ی هاوسەرییەوە کۆریۆگرافی بۆ دادەنرێت. لە ساڵی ١٩٤٢ بۆیەکەم جار لە هۆڵێکی بچووک لە شاری (پرم) نمایش کراوە. لە پای نوسین و نمایشی ئەم شاکارە خاچاتوریان خەڵاتی ستالینی پێبەخشراوە. کارەکتەری ئەم داستانە لە: کورد، ئەرمەن، ڕووس پێک دێت.

– چیرۆکی (گایانە)

پوختەی گایانە چیرۆکێکە لە یەکێک لە (کارگەیەکی پەموو) لە کەڵخۆزێکی ناوچە شاخاوییەکانی ووڵاتی ئەرمینیا ڕووداوە. گایانە کچێکی قەشەنگی نێو ئەو کارگەکەیە بووە، لەگەڵ (گیکۆ) کە پیاوێکی ناپەسەند و توڕە هاوسەرگیری دەکات. بەڵام (گایانە) بە رادەیەک ماندووی دەستی رەفتارەکانی(گیکۆ)ی هاوسەری بوو، هەمیشە لای هاوڕێکانی نێو کارگەکە سکاڵای دەکرد. تا بە هاوکاری ئەوان، کارێك بکەن کە (گیکۆ) کەمێک گۆڕانکاری بەسەر رەفتارە توند و شەڕەنگێزەکانی بهێنێت. کاتێ هاوڕێیانی (گایانە) گفتوگۆ لەگەڵ گیکۆ دەکەن، تا کەمێک گۆڕانکاری لە رەفتارەکانیدا بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە (گیکۆ)، زۆر زیاتر لە جاران توڕەتر دەبێت. دواجار (کارگەی پەمووە)کە گڕ تێبەردەدات، هەر بەهۆی ئەم ئاگرەی نێو کارگەکەوە، تەواوی گوندەکە دەسوتێت.

جوڵەکانی ئەم بالێیە، بەسەر چەند بەشێکدا دابەش بووە:

  • جوڵەی (ئاگر) و (سەمای) شمشێر: تایبەتە بەو پەردە شانۆییەی کاتێک، کە (لێکۆڵەران) دێن و دەیانەوێت هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە بزانن، لەوێدا (گایانە) لە بەردەمی لێکۆڵەرەوان (گیکۆ) هاوسەری تۆمەت بار دەکات. پاشان (گیکۆ) مناڵە بچوکەکەی (گایانە) دەفڕێنێت و دەشارێتەوە. لە ناو ئەم پەردەیەدا، (فەرماندەیەکی سەربازی سوور) بەناوی (کازاکۆڤ) دێتە گوندەکە، تا هاوکاری گایانە بکات و منداڵەکەی بۆ رزگار بکات. بەڵام (گیکۆ) جارێکی تر ئازاری (گایانە) دەدات و هەڵدێت.
  • لە کۆتا پەردەی ئەم بالێیەدا، (کازاکۆڤ)، (گیکۆ) لەناو دەبات.
  • لە ناو ئەم بالێیەدا، چەند کارەکتەرێکی دیکە لەوانە:(ئارمین) برای (گایانە) و خۆشەویستەکەی (ئایشێ)، (کارین) و خۆشەویستەکەی بەناوی (نونێ) هەن. پاش ئەم ڕووداوانە (کازاکۆڤ) پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ (گایانە) دروست دەکەن. لە کۆتا بەشدا، هاوسەرگیری دەکەن، لە هەمان کاتدا (ئارمین و ئایشێ) و (کارین و نونێ) بەیەک دەگەن و ئاهەنگێ دەگێڕن. لە نێو ئەم پەردەیەدا، دەستەی جیا جیای پیاوانی کلتورە جیاوازەکانی یەکێتی سۆڤیەتی بە سەمای میللی خۆیان نمایشی شادی و دلخۆشی خۆیان دەکەن. خاچاتوریان ئەم شاکارەی لە فۆرمی سویتدا داناوە.
  • سویتی ژمارە یەک، لە شەش سەما پێک دێت: سەمای شمشێر، سەمای عائیشە، سەمای کچانی گوڵ، سەمای کوردی، ئاوازی لای لایە، سەمای گەنجە کوردەکان.
  • سویتی ژمارە دوو، لە چوار سەما پێک دێت: سەمای رووسی، ئەندانتێ (ئەنترود کیسون)، ئەداگیۆی گایانە، سەمای ئاگر، واریاسیون ئارمن و سەمای لزگی.

– پەیامی کارەکە:

بە شێوەیەکی گشتی پەیامی ئەم بالێی و داستانە:

زیاتر پەیامێکی سیاسی یەکێتی شۆڤیەتی لە پشتە و دەیەوێت بڵێت: “کارکتەری مرۆڤی رووس و یەکێتی سۆڤیەت دەبنە فریاد رەسی هەموو ئەم نەتەوە جیاوازانەی، کە دەچنە ناو بازنەی یەکێتیەکەوە”.

 – کاتی کارەکە:

کاتی نمایشەکە (٢:٢٤) دوو کاتژمێر و بست و چوار خولەکە.

بەسەر چوار پەردەدا دابەشکراوە.

سکۆری ئامێرەکان:

دوو فلوت، یەک پیکلۆ، دوو ئۆبۆ، هۆرنی ئینگلیزی، سێ کلانێت، سەکسیفۆنی ئاڵتۆ، دوو باسون، چوار هۆرن، سێ ترامپیت، ئالتۆ ترامێت، ترۆمبۆن، باس توبا، تیمپانی، پیرکەشن، سێگۆشە، تامبۆرین، ساید درەم، ڤایبرافۆن، چامس.

– راڤەیەک بۆ موزیکی کوردی لە نێو بالێی (گایانە)دا:

ئاشکرایە گەلی کورد نەتەوەیەکی پەراگەندە و بێ دەوڵەتی دابەش بووی چەند جوگرافیاییەکی جیاوازە. جگە لە (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق). کورد لە زۆر شوێنی دیکەی جیهاندا هەن. بەگشتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و بە تایبەت لە رووسیا، جۆرجیا و ئەرمینیا رێژەیەکی بەرچاو کورد هەن.

کوردستانی سوور

هەر لە نێو ئەم یەکێتیەدا نیمچە دەوڵەتی (کوردستانی سوور) وەکو هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی لە ساڵی ١٩٢٣ لە ژێر فەرمانی یەکێتیەکە دامەزراوە. پایتەختەکەی ئەم هەرێمە کوردییە (لاچین) بوو. سنوری سیاسی و جوگرافیەکەی دەکەوێتە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیاوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٩ بە فەرمانی یەکێتی سۆڤیەت و بە پلانێکی ئازەرییەکان و تورک، ئەم هەرێمە هەڵوەشایەوە و دەست بە راگواستنی خەڵکەکەی کرا. پاشان پلانی ڕێژەیی دانیشتوانی کورد لە سەد لە سەدەوە، بۆ کەمە نەتەوەیی کەم کرایەوە. بەم کەمە پاشخانە رۆشنبیرییەوە، لەوە دەگەیت بۆچی، کە دەڕوانیتە نێو ئەم شاکارە، ناوی سەماکان، لە خودی چیرۆکی ئەم بالێیە، کارەکتەری کورد و موزیکی میللی کوردی بوونی هەیە، بۆ چی هەر مرۆڤی کورد و موزیکەکەی کارەکتەری سەرەکی ئەم داستانەن؟!. تەواوی رووداوەکانی نێو ئەم چیرۆکە لە کۆمەڵگەی کشتوکاڵی (کەلخۆز)، کە دەورە و بەری ئەم کۆمەڵگەیە، کوردانی چیانیشینی رووسیا هەن، هەر خودی (گایانە) پاڵەوانی چیرۆکەکە و زۆرینەی کارەکتەرەکانی دی کوردن. هەر بۆیە ئەگەر بە وردی گوێ لە موزیکی کارەک بگریت، مۆتیڤ و تێما و رستە میلۆدی زۆر ئاشنا دەبیستی، ئەگەر بە دواداچونی پشتی داستانەکە نەکەیت، بێ چەند و چوون دەکەویتە گومانەوە، (ئەم میلۆدیانە گۆرانیبێژانی سەدەی رابردوو وەریان گرتووە)، بەڵام کاتێ ناوی (کورد) لە سەر جوڵەکانی ناو (بالێی)کە دەبینیت، ئەو گومانە کەمێک زوو دەڕەوێتەوە، چونکە خودی دانەرەکە وەک سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە سودی لە سەما و موزیکی کوردی وەرگرتووە. بەتایبەت لە ئاکتی چوارەمدا جوڵە و ناوی (سەمای کوردانە و گەنجانی کورد، ئایشی، لایلایە) بە تەواوەتی ناسنامەی موزیکی کوردی و هەڵپەرکێی لە نێو فۆرمی موزیکی دانراوی کلاسیکیدا، زۆر کوردانە خۆی نمایش دەکات.

ئەو تێما و میلۆدیانەی کە لە کارەکەدا بە ئاسانی دەیان ناسیتەوە، پێک دێن لە: (کەڤۆکێ) لە جوڵەی سەمای کوردانە گەنجانی کورد: تێما و ریتمی (کەڤۆکی) وەک دیارترین میلۆدی فۆلکلۆری کوردی دەبیستیت.

 بیسەری  سەمای کوردانە بن:

لە بەشی لایلایەدا: گۆرانی ( مریەم بۆکانی) یە: [ئەو مریەمەی من دەیزانم، بەردی بۆ بکیشم بەگیانم/ هێشتا منەتە بە گیانم، مریەمێ بۆکانی] دەبیستین.
ئەم میلۆدیە زیاتر بە دەنگی حەسەن زیرەک و سۆلۆی ڤایۆلینەکەی (میرزادە) پێی ئاشنا بووین، کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە رادیۆی کرمانشان تۆماری کردووە. پاشان چەند هونەرمەندێکی دیکە لەوانە: (عەدنان کەریم)، میلۆدی ئەم کارەی بۆ (گۆرانی هەموو رۆژێ خۆر هەڵدێ) بەکارهێناوە، ئەو گۆرانییە بۆ تێکستێکی شانۆگەرییەکی (تیپی شانۆی پێشڕەو) ووتراوە، کاری موزیکەکەی لەلایەن (م. دلێر ئیبراهیم) بۆکراوە. هەروەها سەفین خەراجیانی بۆ گۆرانی (تۆ مەغریبی) سودی لەم کارەی خاچاتوریان وەرگرتووە. جگە لەوە ئەگەر وردتر گوێ لە سەمای ئایشێ یان سەمای شمشێر بگریت، زۆر مۆتیڤی کوردی و میلۆدی هاوبەشی نەتەوەکانی وەک ئەرمەن و ئازەری دەبیستیت.

– ببیسەری “لایلایە”ـکە بە:

https://www.youtube.com/watch?v=h8RCvKR9J7A

– “مریەم بۆکانی”ـیەکەی “حەسەن زیرەک”ـش ببیسە:

–  لێرەدا ئەوەی جێی هەڵوەستەیە، کاتێک گوێ بیستی کارێکی ئەرمەنی و ئازەری دەبیت، ناکرێت بێ بەدوادا چوون و (بێ خوێندنەوەیەکی لایەنی میژووی، تیۆری و زانستی) هەر زۆر سادەیی بڕیار لەوە بدەیت، کە ئەم میلۆدییە کوردی نییە و گۆرانیبێژانی سەدەی رابردوو لە گەلانی دیکەوە بردوویانە، بە تەواوەتی بە مانا بازاڕییە کوردییەکەی نێو کایەی موزیکی و رۆشنبیری ئێمە هەمیشە دەڵێن: (دزیویانە). سەرەڕای ئەم لایەنە، لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: کەوابێ سەمای گایانە شاکارێکی کوردییە؟ بێ گومان نەخێر شاکارێکی ئەرمەنییە، بەڵام بەسود وەرگرتن لە مێلۆدی و میللی کوردی هاوبەشی نێوان ئازەر و ئەرمەن شاکارێکی موزیکی ئەرمەنی لەسەر بنیات نراوە.

لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە موزیکی کوردی توانای ئەوەی هەیە، شاکاری مەزنی جیهانی لەسەر بنیاتبنرێت، بەڵام تا ئێستا خودی موزسیانانی نەتەوەکەی خۆی، نەیانتوانیوە جگە لە ئاستی نێوخۆی (کارەکتەر و ناسنامەی موزیکی کوردی) لە فۆرمی موزیکی جیهانیدا بناسێنێت. نموونەی (گایانە) بەڵگەیەکە، کە گەلانی دراوسێی چۆن توانیویانە، ئەو کارە بۆ موزیکی کوردی بکەن. ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی، کە هەمیشە بە کەم سەیری موزیکی کوردی دەکەن، باوەڕیان وایە، کە توانا ئەوەی نییە نوێگەری لەسەر بئافرێندرێت، موزیکی کوردی توانای نییە، لە فۆرمی جیاوازی دیدا کاری لەسەر بکرێت. کۆتا دەرەنجام: موزیکی کوردی خاوەن گەنجینەیەکی گەورەیە و هیچ گرفتێک لە توانا و کارەکتەری موزیکی کوردیدا بەدی ناکرێت، هێندەی ئێمە لە قەیرانی نەبوونی موزیکدانەری داهێنەری بیرفروان و قەیرانی موزسیانی داهێنەردا هێدی هێدی دەبێت پرسە بۆ ئایندەی موزیکی کوردی دابنێین.

* تێبینی: لێرەدا ناوی سەرچاوەکان لێرەدا ئاماژە پێناکرێت، چونکە نوسینەکە لەگەڵ کۆ ووتارێکی دیکەمدا، کەمێک درێژتر لەم بەشە، چاپ دەکرێت. کۆمەڵگەی هەرەوەزی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بوون، لە یەکێتی سۆڤیەتی جاراندا.

بابەتی پێوەندیدار