Skip to content

خوالێخۆشبوو کاک سێمانی شاوەلە، ئەو هونەرمەندە کۆچکردووەی دەگەڵمان دەژی.

kak seman shawele (5)
کاک سێمان ئەمیر عەشایری (شاوەلە)

ئەو ئەدیبەی کە شیبای کۆێستانەکانی کوردستانی لە کۆی بەستە، ئاوێتەی قەریحەی دەنگ و هونەریی ماملێ دەکرد تا ببێتە ئۆخژنی دەروون و ئاوپڕژێنی ڕۆحی تاکی کورد؛ ئەو پێشمەرگە ونەی نیشتمان کە بە دەیان تابڵۆی ئەدەبی و هەرمانی پڕ بە بەژنی وەتەن، کردۆتە خەڵاتی گەلیی خۆی؛ ئەو کەسەی وشەی ڕەسەن و داب و نەریتی کوردەواری، بە چەکی ئەدەب بۆ ئێمە زیندوو ڕاگرت و بە زمانی وشە و شێعر، دیمەنە دڵڕفێنەکانی کوردستانی پێناساندووین؛ ئەوە کەسەی دە ئەوینی خاک و نەتەوەی خۆیدا قاڵ ببۆوە و بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی دەکردە فیدای بەرژەوەندی گشتیی و ئەو کەسەی خۆی لە خێڵ و خەڵک بەبانتر نەدەزانی؛ شاعیری ناسکخەیاڵ و وڵاتخۆشەویست زیندوویاد “سولەیمان ئەمیرعەشایری” ناسراو بە (کاک سێمانی شاوەلە)ـیە. ئەو هۆنەرە تاقانەیەی کورد، کە ڕۆژانە گوێبیسی وشە جوانەکان و هەستی پاراویان دەبین بەڵام، نایناسین!

خوالێخۆشبوو کاک سولەیمان (سێمان) کوڕی مارف‌ئاغا، کوڕی حەمەد‌ئاغا، لە (٠١/٠٧/١٣٠٧ هـ – 09/23 /1928ز) لە گوندی “شاوەلە”ی ناوچەی “نەغەدە” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. دایکی بەڕێزیان ناوی (مرۆت) خانمـه. لەسەر زاری مارف‌ئاغای باوکیان بە (سێمان) بانگ کراوە و ئیتر لەوکاتەوە هەر بە سێمان ناوی دەرکردووە دەنا، بە سجیل ناوی “سولەیمان”ە. ئەو بنەماڵە بەڕێزە کە لە عەشیرەتی بەڕێزی مامەشن و لە کۆنیشیەوە سەرۆکایەتی ئەو عەشیرەتەیان بە ئەستۆ بووە، جگە لەوەی دەستڕۆییشتوو، مڵکدار، سەرقاڵی کشت‌وکاڵ و مەڕداری بوون، لە ڕەوتی ڕامیاری و چارەنووسسازەکانی موکریاندا عەشیرەتێکی یەکلاییکەرەوە بوون و ناویان لە مێژووی ناوچەکەدا دیارە،[1] لە هەمانکاتیشدا هۆگرێکی قورس و قایمی زانست، فەرهەنگ و وێژەی کوردی بوون. لەو سەردەمدا کە سیستێمی خوێندن بوونی نەبوو یا لە شارە گەورەکان واوەتر نەدەبینران، مارف ئاغا ئەمیرعەشایری، بۆ گەشە و پەرەپێدانی ئاستی زانستیی منداڵەکانی خۆی، هەوڵی داوە تا چەند مامۆستا و زانای بوارە جیاجیاکان لە شوێنی دوور و نیزیکەوە بهێنێتە “شاوەلە”.

ئەوکات بەم مامۆستایانە کە دەهاتن بۆ وانەگوتنەوە، دەگوترا (میرزا). میرزاکان لە شانەشینی ماڵی مارف ئاغا دەرسیان بە منداڵەکانی خوالێخۆشبوو مارف ئاغا دەگوتەوە کە (میرزا مەحمودی حەسەن نیژاد، … سیراجی و میرزا برایمی فازلی)[2] بەشێک لەو میرزایانە بوون. هەروەها لە بواری زانستی ئایینیشەوە مارف ئاغا هەوڵی دابوو تا چەند لە مامۆستایانی ئایینی کە شارەزایی باشیان لەبواری زانستی ئیلاهیدا هەبوو لە گوندەکانی خۆی ڕابگرێت تا ئەوانیش بتوانن فەقێ وەربگرن و بەم چەشنە لە ناوچەکەیاندا پەرە بەم زانستەش بدرێت. تێچووی گشت میرزا، فەقێ و مەلاکان لە ئەستۆی خوالێخۆشبوو مارف ئاغا بووە. بەم شێوەیە گوندی “شاوەلە” پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی و زانستی و فەرهەنگی لە ناوچەکە دا پەیدا دەکات کە بە پشکی خۆی شوێندانەری دادەنێت لەسەر بوارە جیاجیاکانی زانستی و هونەری و وێژەییدا.

لە ڕاستەوە کاک تەها ئیسماعیلزادە، کاک سمایل ئەمیر عەشایری (پەسوێ) ، کاک سێمان ئەمیر عەشایری (سێمان شاوەلە)

یەک لەو مامۆستایانە خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا “ڕەسوڵی ئەدیب”[3] دەبێ کە شاگردی مامۆستا وەفایی نەمر بووە و لە بواری زانست، ڕووناکبیری، شێعر و وێژەدا یەک لە بەناوبانگەکانی زەمەنی خۆی بووە. ئەو ئەدیبە نێودێرە، شوێندانەری خۆی بە باشی جێدەهێڵێت و هەوڵ دەدات تا خوالێخۆشبووان پیرۆت ئاغا و سەلیم خان، کوڕەکانی مارف ئاغا لە بواری زانستییەوە پێبگەیێنێت، ئەوانیش کارتێکەری خۆیان لەسەر نەمر مامۆستا سێمان شاوەلە دابنێن. بەو چەشنە ڕێچکە و زانستیی مامۆستا ئەدەیب و لە ئاکامدا مامۆستا وەفایی، سینگ بە سینگ گواستراوەتەوە و تا دەگاتە زیندوویاد کاک سێمان، بە چەشنێک کە زیندوویاد کاک سێمان زۆربەی هەرە زۆری هۆنراوەکانی مامۆستا مەلا ڕەسوڵی ئەدیبی هەم لەبەر بووە و هەمیش نووسیبوونەوە کە بەداخەوە هیچ ئاسەوارێک لەو نووسینانە لەبەردەست دانین. وەک دەگوترێ نووسەری بەڕێز کاک “سەید نەجمەدینی ئەنیسی” توانیوێتی بەشێکی زۆر لەو هۆنراوانە لە زمانی کاک سێمان بنووسێتەوە کە ئی مامۆستا (ئەدیب) بوون و هیوادارم تەمەنیدرێژ و لەشی ساغ، مەودایان بدات تا بتوانێ ئەو شاکارانە لە چاپ بداتەوە. هاوکات کە سیستێمی خوێندن لە ئێران پەرە دەستێنێت، ئینجا لەلایان ئیدارەی فەرهەنگیی* حکومەتی ئەوکاتەوە، مامۆستای دەوڵەتی بۆ گوندی شاوەلە دەنێردرێت (١٣٤٣ه) و ئەو خوێندنگایە پەرەی پێدەرێت و گەشە دەکات. وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بەو مامۆستایانە بکەین کە لەو گوندە وانەیان گوتۆتەوە:
١- کاک تەها ئیسماعیلزادە ٢- کاک فتاح مجرد ٣- کاک قادر ئیرەمی

ئەمە وێنەیە هەمان مەسنەوییە کە تەمەنی زیاتر لە ١٥٠ ساڵ دەبێ و خوالێخۆشبوو مارفئاغا بە دەستی خۆی لەسەر نووسیوە کە ٤٢ جاران کتێبەکەی خوێندۆتەوە. هەروەها هەمان کتێبە کە کاک سێمان لێی فێری خوێندن و نووسین بووە و ڕێچکەی ئەدەبی پێی پشکووتوە.

mesnewi-555-768x576
ئەمە وێنەیە هەمان مەسنەوییە کە تەمەنی زیاتر لە ١٥٠ ساڵ دەبێ و خوالێخۆشبوو مارفئاغا بە دەستی خۆی لەسەر نووسیوە کە ٤٢ جاران کتێبەکەی خوێندۆتەوە. هەروەها هەمان کتێبە کە کاک سێمان لێی فێری خوێندن و نووسین بووە و ڕێچکەی ئەدەبی پێی پشکووتوە.

ژیریی و وشیاریی کاک سێمان بە چەشنێک بوو کە زوو توانی لە دەرسەکانی ئیلاهیات و عەڕەبیدا دەستی باڵای هەبێت و لە وێژەی و ئەدەبیاتیشدا هیچکام لە هاوپۆلەکانی تۆزییان نەدەشکاند. چوون کەسێکی بە ورە و وریا بووە، توانیوێتی قۆناغەکانی خوێندن بە باشترین شێوە تێپەڕێنێت و زمانەکانی عەڕەبی، فارسی و ئازەری بە باشترین شێوە و زمانی ڕووسیش تا ڕادەیەک فێر ببێت. [4] بەڕێزیان هەر لە سەرەتاوە بەهۆی ماڵئاوەدانی بنەماڵەیان کە وەک پێگەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە، لە ناوچەکەدا دەناسران و بەردەوام کەسانی دەنگبێژ، هونەرمەند، ئەدیب، زانایانی ئایینی و سەرۆک عەشیرەتەکان لێیان میوان دەبوون، بەم چەشنە شێعر و ئەوین بە ئەدەبیاتی کوردی، لە دەروونیان دا چرۆی دەکات. کاک سێمان کە لە منداڵییەوە چاوی بە وێژەی فارسی کرابۆوە، بە خوێندنەوەی ئاسەوارە ئەدەبییەکانی وەک “بوستان و گلستان‌ی سعدی” و هەروەها هۆنراوەکانی “حافظ شیرازی” و “مثنوی و معنوی” لە مەولەوی، توانیبووی توێشەیەکی دەوڵەمەندی ئەدەبی دەستەبەر بکات و زمانی شێعریان بە کوردی بپشکوێت و بۆ کورد هەستی خۆیان بهۆننەوە و گەشەی بە هونەرەکەیان بدەن. شارەزایی کاک سێمان دە ئەدەبی زارەکی و فۆلکلۆری کوردی دا لە ئاستێکدا بوو کە دەگێڕنەوە:

(لە سەرەتای شێستەکانی هەتاوی دا، چەند دڵسۆز و ئەویندارێکی فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکی کوردی، دەچنە لای مامۆستا هێمن و پرسیاری فۆڵکلۆر و ئەدەبیاتی زارەکی لێدەکەن. بەڕێزیان لە وەڵام دا دەفەرمن: گەر باسی شێعر و ئەدەبیاتی کلاسیکتان دەوێ، من لە خزمەتتان دام بەڵام، بۆ ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆری کوردی کەس وەک کاک سێمان شاوەلە شارەزا نییە و هەموو بەیت و حەیران و هەوای کۆنی کوردی دەزانێت و لەبەرێتی. باشتر وایە بڕۆنە لای ئەو هەڵکەوتەیەی کورد)[5]

هەر لەو بارەیەوە محەممەدی ماملێ لە باسی ئەدەبی زارەکی یان فۆلکلۆری کوردیدا، خوالێخۆشبوو کاک سێمان ئەمیرعەشایری بە یەک لە هەڵکەوتەکان دەناسی و بە چاوی خەزێنەیەکی دەوڵەمەند و لەبننەهاتووی ئەو بوارە پێناسەی دەکرد و لە کارە هونەرییەکانیدا هانای بۆ بردووە و کەڵکی لە زانستییان وەرگرتووە. لە گرتەیەکی ویدیۆیی کە دەگەڵ هونەرمەند محەممەدی ماملێ کراوە، کاک “سەلاح شێخ محەممەدی” ئەو پرسیارەی ئاراستەی ماملێ دەکات کە ئێوە لە کارە هونەرییەکانتاندا لە هۆنراوەی کام شاعیران کەڵکتان وەرگرتووە؟

لە وەڵامدا ماملێ ئاوا دێتە گۆ:

محەممەدی ماملێ:

عەرزت بکەم چ تەفاوەتێ ناکا شاعیرانی مە چ ئەودیو و چ ئەو دیو چ فەرقیان نییە، هەر شاعیری کوردن. بە داخەوە کتێبی هەموویانم بە دەستی نەگەیوە. لێرە لە شێعرە جوانەکانی مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، مامۆستا گۆران ئیستیفادە دەکەم، ئی خوالێخۆشبوو مەولەوی هەورامی ئیستیفادە دەکەم و هەروەها ئی شاعیرەکانی دیکەش. هەروەها لە فۆلکلۆریشدا یەکێک هەیە لە مەنتەقەی موکریاندا کە بەڕاستی یەدی بەیزای(ید بیضاء) هەیە لە فۆلکلۆری کوردیدا ئەویش کاک “سێمانی کوڕی مارف ئاغای شاوەلەی”ـیە کە بەحەق فۆلکلۆرێکی جوانی هەیە و شتی وا دەڵێ کە پیاو سەعاتێکی مات و موتەحەیر دەمێنێ، لەتافەتی کەلیمەی هەیە. زۆر لەو فۆلکلۆرانە من، لە ئەو ئیستیفادە دەکەم.[6]

سەبارەت بەو باسە و ئاستی هاوکاری هونەری و وێژەیی کاک سێمان دەگەڵ کاک محەممەدی ماملێ، بەتایبەت لەسەر گۆرانی “ڕاوچیان” لە فیلمێکی تۆمارکراودا مامۆستا سێمان ئاوا دەفەرمێ:

گۆڤاری سروە، ژمارە ٧، لاپەڕەی ٣٨

مامۆستا سێمان شاوەلە:

ئەوە گۆرانییەکی زۆر قەدیمە. من بە محەممەدی ماملێم گوت ئەو گۆرانییە بڵێ و دەنگی تۆ خۆشە. دەنا ئەوە زۆر لە پێش محەممەدی ماملێ و سەعیدی ماملێ و ئەواندا هەر هەبووە و مەرسوومە لە وڵاتی مە، ئەو “ڕاوچیان ڕاوە”.[7]

هەر سەبارەت بەو گۆرانییە بەڕێز کاک سەلاحی ئەمیر عەشایری کوڕی خوالێخۆشبوو کاک سێمان شاوەلە بە بێ دوودڵی پێیوایە کە شێعرەکان ئی خودی نەمر کاک سێمانە بەڵام کاک سێمان بە هۆی ئەو خەسلەتە خاکەڕاییە کە هەیانبووە قەت نەیوسیتوە خۆی وەک شاعیر پێناسە بکات بۆیە، لەو گرتەیەدا ئاوای فەرمووە دەنا، شێعرەکە ئی خودی خۆیەتی. بۆ سەلماندنی قسەکانیشیان ئاماژەی دا بە گۆڤاری “سروە”، ساڵی ١٣٦٥ ژمارە حەوت و لاپەڕە ٣٨ کە ئەوکاتی لە لایان ئەم گۆڤاری هاتبوونە لای مامۆستا سێمان و وتووێژێکی تەسەلیان دەگەڵ کرد و تێیدا لەسەر ئەو شێعرە دەگەڵی دوان. خاکەڕایی و ساکاری دە ژیانی کاک سێمان دا، وەها تۆخ ڕەنگی دابۆوە کە هیچکات خۆی وەک شاعیر نەدەناساند و پێی وابوو کە گەلەکەی پێویستی بە خزمەت هەیە و دەبێ لە ڕێی گەشەی ئەو کۆمەڵگایە دا هەموو کەس لەخۆبردووانە هەنگاو بنێت.[8]

تێکەڵاوی خانەوادەی ماملێ دەگەڵ عەشیرەتی مامەش دەگەڕێتەوە سەردەمی کاک حوسێن ماملێ کە وەک فەرمانبەری(کارمند) ئیدارەی “دخانیات” لە شنۆ و محاڵی سندووس کاری کردووە. لەپاشان ئەو ناسیاوییە پەرە دەستێنێت و دەگەڵ محەممەدی ماملێ دەگاتە بستوو. کاک هاشم ماملێش بۆ ماوەیەک وەک شۆفیری مام عەزیزی ئامۆزای کاک سێمان کار دەکات و کاک حەسەنی ماملێش کە ماڵی دەچێتە شنۆیە دەگەڵ ئەو تایفە بەڕێزە زیاتر ئاشنا دەبێت.[9]،[10]

زیندوویاد کاک سێمان جیا لەوە کە ئەدیب و شاعیرێکی بەتوانا بوو، دەنگخۆشێکی زەمەنی خۆی بووە و زۆر گۆرانی کۆن کە لە وەچەی پێشخۆی بیستبوونی، وەک پارێزەرێکی بەئەمەک، پاراستبوونی و بە ئەمانەتەوە دەیدانە محەممەدی ماملێ تا لە ڕێگای ئەو هونەرمەندەوە پێشکەش بە نەتەوەکەی بکرێتەوە.[11]

گەر ئاوڕێک لە ژیانی عەشیرەتەکانی ناوچەی موکریان بدەینەوە و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی گەورەپیاوانی ئەو عەشیرەتانە لەبەرچاو نەگرین، بە هەڵەدا چووین. لەناو دابی عەشیرەت دا پاشناوی “ئاغا” باوە بەڵام، خاکەڕایی و بێ دەعێیی خوالێخۆشبوو کاک سێمان لە ژیانی ئاساییاندا ئەوەندە تۆخ ببۆوە کە وەک باسی دەکەن زیاتر پێی خۆشبووە کە بە کاک سێمان ناوی بێنن نەک سێمان ئاغا. داب و نەریتی زاڵ بەسەر عەشایر، بەردەوام بووەتە لەمپەر لەبەردەم پشکووتنی جەوهەری هونەریی ئەو هونەرمەندانەی کە لە کولتووری زاڵی عەشیرەتدا چاو دەکەنەوە. کە باس لە دەنگخۆشیی کاک سێمان دێتە گۆڕێ، مرۆڤ لە ئەژنۆی خۆی دەدات کە چۆن دەبێ هونەرمەندێکی ئاوا لێزان و بەهرەمەند و شارەزا لە بواری فۆلکلۆر و وێژەی زارەکی کوردیدا، بە شێوەیەکی فەرمی نەتوانێ بەهرەکانی خۆی گەشە پێبدات. پیاو داخ دەیگرێ کە چلۆن ئەو دەنگە خۆش و زوڵاڵە تەنیا لەبەر ئەوە کە کاک سێمان، ئاغای عەشیرەتە و نابێ گۆرانییان بڵێ، لە گەڕ و گەشە بکەوێت؟! بە خۆشییەوە و بە هاوکاری مەڵبەندیی هونەریی ماملێ، پاشی لێکۆڵینەوە و وەدواکەوتنێکی زۆر و هاوکاریکردنی چەند دڵسۆزێک لە ماڵباتی خوالێخۆشبوو کاک سێمان، توانیم چەند بەرهەمێکی دەنگیی لە کاک سێمان و محەممەدی ماملێ کە بە دووقۆڵی تۆماریان کردووە، هەروەها حەیرانێک بە دەنگی نەمر کاک سێمان شاوەلە وەدەست بێنین و بۆ یەکەمجار لێرە پێشکەشی ئێوە و ڕۆحی بەرزەفڕی هەردووک هونەرمەند کاک سێمان و محەممەدی ماملێ بکەین.[12] ئەو هونەروەرە بەرزەی کورد، لە ڕێگای دەنگی محەممەد ماملێوە، چەندین هۆنراوەی شاکاری خۆی پێشکەشی کورد کردووە کە کەمتر کوردێکی گەرمێن و کوێستان هەن نەیانبیستبێت. ئەو هۆنراوانە وەها ڕۆچوونەتە ناو ناخی تاکی کوردەوە کە بە گوێگرتن لە ئاوازەکە، گوێگر دەبەنەوە بۆ سەردەمی ماکی خۆی و داب و نەریتی کۆنی کوردەواری و تابڵۆیەکی ڕەسەن لە فەرهەنگی کوردی لە زەینیان دا درووست دەکات. (لە کۆتایی ئەو بابەتە بڕواننە فایلی دەنگییەکان)

ئەو هەوایانەی کە کاک سێمان لە جیلی پێشخۆیەەوە پاراستبوونی و بە ئەمانەتەوە داویە بە ماملێ یان خۆی هۆنراوەی هۆنیوەتەوە و ماملێش لە کارە هونەرییەکانیدا کەڵکی لێوەرگرتوون، زۆر دیار و بەرچاون و خەڵک دەگەڵیان ئاشنایە. کاک سێمان کە بە مرۆڤێکی خاوەن ویژدانێکی زیندوو و ڕووناکبیر دەناسرا، بەوپەڕی سەداقەت و ڕاسگۆییەوە لەو گرتە ویدیۆییەی ژمارە [9] کە لە لەژێرەوە پێشکەشتان کراوە باس لە دوو هونەرمەندی وەچەی پێش خۆی دەکات بە ناوەکانی (سۆفی سێمان) و (عەیزی مارفی) کە لەوان فێری ئەو گۆرانییانە بووە و ئەوانیش لە وەچەی پێش خۆیان لە شاوەلە فێری ببوون. بەو چەشنە ئەویش بە ماملێیان دەناسێنێت و لە ڕێی دەنگی ماملێوە پێشکەش بە ئاڕشیوی نەتەوەیی گەلی کوردی دەکاتەوە وەک: “ڕاوچیان”، “کانێ مرادان”، “گادەر”، “با لێنێن پێش باران”، “هەوارە هەی هەوارە”، “ئەفسانەی شەم و شەمزین” و … هەروەها لە ناو دونیای گۆرانییەکانی ماملێدا هەیە چەند گۆرانییەک کە شێعری گۆرانییەکە شاکاری کاک سێمان بووە وەک: گۆرانی “ڕاوچیان”، “هەوارە هەی هەوارە”، “ڕەعنا”. هەروەها چەند ‌هۆنراوەیەک کە ماملێ لە گۆرانییەکانی دا دەیانڵێتەوە و خەڵک بە فۆلکلۆر ناویان دەبا دەنا، لە ئەسڵدا فۆلکلۆر نین و خاوەنەکەی زیندوویاد مامۆستا سێمانە وەک:

سینگت بەفری قەندیلی بە شنەی شەماڵ دەتواوە

هیچ دەخۆمدا شک نابەم، لەسەرچی دڵت هێشاوە

دوێنێکە خونچەگوڵ بوو، ئەوڕۆکانە ژاکاوە

بووک بووی بە سووری ڕۆیی، ڕەنگت زەرد هەڵگەڕاوە

یا

عیشقت بێ‌چارەی کردووم بۆنت مایەی ئومێدە

تایەک لەو زولفە جوانەت بەندی دڵمی گرێ‌دا

یا

ماڵی دە گەورەماڵان، دەخڕێکیاندا هەڵدابوو

کچۆڵێکی بەژن باریک، دەبن ڕەشماڵێ دا بوو

سینگی وەک سواربێستانی، شەمامەی لەسەر ڕابوو

داوای ماچێکم لێکرد، پێی وابوو قیامەت ڕابوو

دەبێ ئەوەش بگوترێ کە لەناو گۆرانییەکانی ماملێدا ڕەنگە چەند گۆرانییەکی تریش هەبن کە مڵکی کاک سێمان بێ بەڵام، تا ئەو دەم و دەستە، نە نووسەری ئەو دیڕانە، نە بنەماڵەی نەمر کاک سێمان و نە هیچکەش لە تایفەی ماملێ بۆمان ساغ نەبووەتەوە کە کام گۆرانی تر یادگاری نەمر کاک سێمانە. بۆ نمونە دەبێ ئاماژە بە گۆرانی “بازی بێریان” بکەین. لە گرتەیەکی ویدیۆییدا ماملێ باس لە مێژووی ئەو گۆرانییە دەکات کە مامۆستا هێمن شێعری بۆ داناوە[13] مخابن باس لە ماکی مێلۆدییەکە ناکات کە ئەو هەوایەی لە کوێ هێناوە، تەنیا ئەوە نەبێ کە دەڵێ:

ماملێ:

من ئەو هەوایەی بازی بێریانم لە بنەخۆمەوە دەگوت کە لە پڕ مامۆستا هێمن گوتی ماملێ ئەو وشە جوانە چییە؟ دا بدە کاخەز و قەڵەمێک.

دیارە ماملێ دەبێ ئەو هەوا و وشەیەی لە شوێنێک بیستبێت کە وا لە کن مامۆستا هێمن زەمزەمەی کردۆتەوە. بە خۆشییەوە لە بەشێکی تر لە گرتە فیلمەکاندا مامۆستا سێمان شاوەلە ئەو گرێپووچکەیەشمان بۆ دەکاتەوە و بە وردی باسی ئەو گۆرانییە دەکات و دەفەرموێ:

کاک سێمان:

ئاهەنگێک هەبوو بە نێوی “بازی بێریان”زۆرم حەول دەگەڵ دا فێر هەر نەبوو (مەبەستیان لە محەممەدی ماملێ‌یە). ئەو بۆخۆی جارێکی بازی بێریانی گوتووە بەڵام بە ئاهەنگێکی دیکەی دەگوت.

کەواتە ئەو گێڕانەوەیە ئەوەمان پێدەڵێ کە ماملێ لە زمانی خوالێخۆشبوو کاک سێمانەوە فێری هەوا و وشەیەی گۆرانی “بازی بێریان” بووە و لێی فێر بووە و پاشان مامۆستا هێمن شێعرەکانی ئامادە کردووە و ماملێ دەیڵێتەوە بەو شێوەیە ئەو گۆرانییەش وەک یادگارێکی مامۆستا سێمان شاوەلە پێناسە دەکرێ. دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەو بازی بێزیانەی کە مامۆستا سێمان باسی دەکات[بڕوانە گۆرانی ژمارە ١٣ کە لە ژێرەوەی ئەم بابەتە اندراوە] هەواکەی کەمێک جیاوازترە دەگەڵ ئەوەی کە ماملێ دەیڵێ. دیارە ماملێ لەبەر ڕەچاوکردنی ڕیتمی شێعرەکە ڕەنگبێ ناچار بووبێت کە هەندێک گۆڕانکاری لە هەوای ماکی گۆرانییەکە بکات.جا چەند گۆرانی تر لەو چەشنە لەناو ئارشیوی گۆرانییەکانی ماملێدا هەن، بۆمان ڕوون نییە و کەسیش بۆی نییە لەخۆڕا و بەبێ بەڵگە و لێکۆڵینەوە خاوەن بۆ گۆرانییەکانی ماملێ بدۆزێتەوە چون ئەو کارە زوڵمە لە مافی باقی ئەو هونەرمەندانەی تر کە گۆرانی و شێعریان بۆ ماملێ ساز و ئامادە کردووە. بە داخەوە پێشتر ئەو دیاردە ناشیرنە دیتراوە و بە ڕبە و بەبێ زانست و لێکۆڵینەوە تەخشان و پەخشان بە گۆرانییەکانی ماملێ کراوە و خاوەنیان بۆ دۆزیونەوە و لە کتێبیشدا چاپ کراوە کە هیچ بنەمایەکی لۆژیک و زانستی نییە.

destxeti kak seman qasm moeyedzade
دەستخەتی مامۆستا قاسم موئەیەدزادە و هۆنراوەی بەڕێزیان لەسەر مامۆستا سێمان شاوەلە کە لەسەر گڵکۆی خوالێخۆشبوو کاک سێمان نووسراوە.

وەک دەگوترێ نەمر کاک سێمان زیاتر لە ٣٨٠ هۆنراوەی کورت و درێژیان هەیە بەڵام، بەهۆی کەمتەرخەمی و خەمساری لە کۆکردنەوەیان، تا ئێستا نەتوانراوە دیوانێک لە شێعرەکانی ئەم شاعیرە مەزنە لەچاپ بدرێت.[14] مخابن زۆر هۆنراوە و ئاسەواری هونەریی تر لەناو گۆرانییەکانی ماملێش دا دەگەڵ زۆر گۆرانی تر کە هونەروەران و مامۆستایانی دیکەی وەک (مارف‌ئاغا ئەمین عەشایری)، (هاشم نانەوازادە) و (کاک فەتاحی سێڵوێ) و … سازیان کردوون، تێکەڵ بوون و بەزەحمەت لێک جیادەکرێنەوە مەگین، بەڵگەی پشئەستوورمان دەست بکەوێت، نەک بە هەوەس خاوەنیان بۆ بدۆزینەوە کە بەداخەوە ئەو دیاردە ناشیرنە بینراوە و مێژووی ساختە بۆ گۆرانییەکانی ماملێ و باقی هونەرمەندان ساز دەکەن.

یەک لە هونەرە جوانەکانی تر کە خوالێخۆشبوو کاک سێمان ناوبانگی پێ دەرکردبوو، هونەری خۆشنووسی بوو. ئەو کە دەستخەتێکی جوان و ڕازاوەی هەبوو، وەها ناوباگ دەردەکات کە هەرکات پێویست بە نووسینی نامە و عەریزەی فەرمی بوایە، بە دەست و خەتی جوانی خۆی نامە فەرمییەکانی دەنووسی. [15]

کاک سێمان دوو جاران هاوسەرگیری کردووە. لە هاوژینی یەکەمیان کچێک و کوڕێکی هەبووە بەناوەکانی “ئامین” و “مستەفا”، کە یای ئامین کۆچی دوایی کردووە. لە هاوژینی دووهەمیان سێ کوڕ و دوو کچی هەن بە ناوەکانی: کەماڵ، سەلاح، خدر، شلێر و نەسرین کە هیوای تەمەندرێژیمان بۆیان هەیە. ئەو هونەروەرە مەزنە لە ڕۆژی ٢٤/٠٢/١٣٨٢ ی هەتاوی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی دەکات و چوون خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ شێخی بورهان هەبوو، لەسەر وەسیەت و ویستی خۆیان تەرمی پیرۆزیان لە گۆڕستانی گوندی “خانەقا” لە پاڵ ئەو شێخە ناودارەی کورد، پێشکەش بە خاکی پاکی نیشتمان دەکرێت. شاعیر و هۆنەری کورد مامۆستا (قاسم موئیەدزادە) لە خەمی کۆچیدوایی مامۆستا سێمان شاوەلە هۆنراوەیەکی بەسۆزی دەهۆنێتەوە کە ئێستا لەسەر گڵکۆی مامۆستا سێمان هەڵقەندراوە. ئەمەش دەقی هۆنراوەکەیە:

شەمسی دین،ئەی شاهبازی ڕێی یەقین، خاوەن شکۆ
من پەنام هێناوە بۆ تۆ، دەست بەتاڵ و ڕەنجەڕۆ
بۆ سولەیمانێکی وەک من فەخرە باری وەی هەبێ
بێتە مێروولێک و ڕاوەستێ لەسەر ڕێبازی تۆ

١٤/٠٤/١٣٨٢ قاسم موئەیەدزادە “هەڵۆ”

ڕۆحیان شاد و یادیان هەردەم هەرمان
نووسین و ئامادەکردنی: وریا ماملێ
٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٨/٢٠١٩


سەرچاوە و سەرنجەکان:

پێویستە بگوترێ کە ئەم بابەتە کورتەیەکە لە بابەتێکی درێژ و دەوڵەمەندتر کە بڕیاڕ وایە لەلایان نووسەری ئەو دێڕانە بەم زووانە لەچاپ بدرێت. هەروەها ئەم بابەیەت بە هاوکاری و چاودێری ڕێزداران کاک (سەلاح ئەمیر‌عەشایری و کاکە ڕەحمان ئەمیر عەشایری) ئامادە کراوە کە زۆریان سپاس دەکەین. سپاسێکی بێکۆتایی و لەبننەهاتوو لە کاک (هەڵمەت بیرکانی و کاک ئەسعەد ئەمیر عەشایری) دەکەم کە ماندوویینەناسانە دەگەڵم ماندوو بوو.

* مەبەست ئیدارەی (آموزش و پرورش)ـه کە لە باشووری کوردستان پێیدەگوترێ (ئیدارەی پەروەردە)

[1]

  • لەسەر عەشیرەتی مامەش و ڕۆڵی بەرچاویان لە ڕووداوە چارەنوسسازەکانی کوردستاندا زۆر نووسراوە. لێرە هەندێک سەرچاوی گرینگ دادەنێیم بۆ زانیاری زیاتری خوێنەرانی بەرێز: هۆز و تیرە و تایفەی کورد لە کوردستانی ئەڕدەڵان. نووسینی: میرزا شوکرەڵا سەنەندەجی فخر الکتاب وەرگێڕان و ئامادەکردن: ئەنوەری سوڵتانی بڵاوکار: بنکەی ژین – سلێمانی ساڵی چاپ 2006
  • هۆزەکانی کورد لە روانگەی مێژوونووسانی کورد؛ لە شەڕەفخانی بتلیسی سەدەی 16 تا میرزا عەلی ئەکبەری کوردستانی سەدەی 19ی زایینی. یەڤگێنیا ئیلینیچنا ڤاسیلییەڤا وەرگێڕانی: مەنسور سدقی / ئاڵمان 2016
myrza brayim fazly
خوالێخۆشبوو میرزا برایم فازلی

[2] لە پەڕتووکی خاطرات زندگی پرماجرای دکتر آسو (چهرە مهاباد)، بقلم دکترقادر محمودزادە لاپەڕەی ٥١ باسی بەڕێز میرزا عەلی فازلی کردووە کە (لە ماڵی خۆیان خوێندنگا یان فێرگەیەکی تایبەتی هەبووە). ‌پێویستە بگوترێ کە میرزا عەلی فازلی کە خۆی کاتیبی قەرەنی ئاغای مامەش بوو، کوڕێکی بە ناوی میرزا “برایم فازلی” شاگردی مامۆستا ڕەسوڵی ئەدیب بووە و کە بەڕێزیشیان میرزای کوڕەکانی قەرەنی ئاغای مامەش بوونە و دەرسیان بە کوڕە ئاغاکانی ئەو تایفەیە گوتۆتەوە کە لەپاش میرزا عەلی، میرزا برایمی فازلیش بە هەمان شێوە دەبێتە میرزای کوڕەکانی ئەو تایفەیە. هەروەها لەدوای وتووێژێک دەگەڵ بەڕێز سمایل ئاغای ئەمیر عەشایری واتە برا بچووکی کاک سێمان توانیمان ناوی میرزا ڕەسوڵی حەسەنپوور ساغ بکەینەوە.

[3] مامۆستا (ئەدیب) یا ڕەسوول کوڕی مەلا سادق کوڕی خەلیفە ڕەحمان زەندییە. بەپێی هەنێدێک سەرچاو لە ساڵی ١٢٤٨و بە پێی هەندێکی تر ساڵی ١٢٥٣ هەتاوی لە ئاوایی شاوەلەی سەر بە نەغەدە لە دایک بووە. بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ زەندییەکانی ناوچەی موکریان و لە ئاکامیشدا دەگەڕێتەوە بۆ کەریمخانی زەند. لەسەر دەستی مەلا سادقی باوکی فێری خوێندنەوەی قوڕئان و ئەلف و بێی عەڕەبی و فارسی دەبێ. پاشان لە حوجرەکانی ئایینی دا لەبن دەستی مامۆستا وەفایی شاعیر و فەیلەسووفی ناوداری کورد، لە شاری سابڵاغ/مەهاباد گەشە بە خوێندن دەدات و ئیجازەی مەلایەتی لە دەستی مامۆستا وەفایی وەردەگرێ. لەگەڵ مسباحەدیوان ناسراو بە (ئەدەب) هاوفەقێ و دۆستی گیانی‌بەگیانی بوون. ئەدیب، زۆر کەیفی بە پیشەی مەلایەت نەهاتووە و بژێوی ژیانی بە مەلایەتی و وەرگرتنی زەکات پەیدا نەکردووە بەڵکوو کۆی تەمەنی بە وانەوتنەوە بە کوڕه ئاغایان، ئاش وەستایی، دارتاشی و پزیشکیی خۆماڵی دەرباز کردووە و ڕاپەڕاندووە. ئەدیبی شاعیر ، نیشتمانپەروەر و ڕووناکبیری زەمەنی خۆی بووە. چەند ساڵێک لە ئاوایی “پەسوێ”ی پیرانشار، وانەی بە کوڕەکانی قەرەنی ئاغای مامەش گوتۆتەوە و دوای چەند ساڵێک ڕووی کردووەتە شاری شنۆ و لە ئاوایی سەرگیز، وەک مامۆستای کوڕەکانی عەبدوڕەحمان ئاغا دامەزراوە. ئەدیب پیاوێکی ڕووخۆش و زمان شیرین و نەرم و سەنگین بوو و لە هونەردا سەری لە زۆر شتان وەکوو شێعر هۆنینەوە، خۆشنووسی، دارتاشی، ئاش وەستایی و … دەردەچوو و لە نووسینی نەسر و دانانی هەڵبەستدا سەلیقە و دەستەڵاتێکی زۆر بەرزی هەبوو. مامۆستا ئەدیب هەڵبەستی بە چوار زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی و ڕووسی هۆنیوەتەوە و بەشێکی زۆر لە هۆنراوەکانی نەماون و لەناو چوون. لە ساڵی ١٩٦٠ مامۆستا گیو موکریانی کە بە زەحمەت و تێکۆشانی خۆی دیوانی ئەدیبی لە چاپ داوە، لە سەرەتای دیوانەکەدا دەنووسێ: “بەسەرهات و هەڵبەستەکانی ئەدیبم هەندێکیان لە مەلا قاسمی زەندی، برازای مەلا ڕەسووڵی ئەدیب و بەشێکیان لە فەقێ سمایلی سەرمابردوو وەرگرتووە و پڕ بە دڵ سپاسیان دەکات.” مامۆستا ئەدیب. ساڵی ١٩٣٢ی زایینی لە ناوچەی لاجانی شاری شنۆ دڵی لە لێدان دەکەوێ و لە گۆڕستانی ئاوایی “دەربەند”ی نەغەدە بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.

چەند نموونە لە شێعرێکانی مامۆستا ئەدیب:

Diwani-Edib
دیوانی شێعرەکانی مامۆستا ئەدیب. گردەوەکۆی مامۆستا گیوی موکریانی. چاپخانەی کوردستان – هەولێر – ١٩٧٦ زائینی

تۆ لەلایێکی دەڵێی ئەهلی دڵ و ویجدانم
خاسسە مەنسووبی زەکی خاکی شەهی بورهانم
ئەڕشەدی موکری و بەگزادەیی ئەکڕادی نەجیب
ئەعقەلی مەنگوڕ و پیران و شنۆ و لاجانم
**********************
عەجەب ماوم کە پەسوێ بۆتە تاران بۆ منی خاکی
دەبێ بمری لە دەردی بێ وەڵامی عارز و شاکی
هەتا وێستا لەبۆ بێچارە جێی لوتف و عەداڵەت بووی
لەبەر بەدبەختی خۆمە دادخوازی بۆتە بێ باکی
دەسووم داسی ئومێدم بۆ دروونی مەزرەعەی لوتفت
پەڕی خووشەی ڕەجا و ئارەزووم، ما خار و خاشاکی
**********************

سەد حاتەمی تایی، بە غوڵامت لە سەخادا
وەرقا و وەفا خاکی حەریمت لە وەفادا
ئاوێنە مەگەر وێنەیی ڕووتە لە سەفادا
هاوار و گرینم بەسە ئیتر لە خەفادا
تۆقیفی منت بۆچیە ئاخر لە جەفادا

[4] لە وتووێژێکدا کە دەگەڵ بەڕێز (سمایل ئاغای ئەمیر عەشایری) واتە برا بچووکی کاک سێمان کراوە بەڕێزیان بەوردی باس لە چۆنییەتی فێربوونی زمانی ڕووسی کاک سێمان دەکات. دەفەرمێ کە کاتی خۆی کە بۆڵشویکەکان لە ڕووسیە دێنە سەر حوکم، خەڵکانێکی زۆر کە سەر بە دەستەڵاتی تێزاریی بوون لەو وڵاتە ڕایان کرد. یەک لەو کەسانە خۆی گەیاندبوو بۆ ناوچەی موکریان و لە لایان مارف ئاغا و حەمەد ئاغای باوک و باپیری کاک سێمان داڵدەدەدرێت و وەک باغەوانی ئەو بنەماڵەیە کار دەکات کە نێویان نابوو (مەمەد) چوون کەمێکیشی ئازەری زانیبوو. کاک سێمان کە مێرمنداڵێکی ژیر و زیت دەبێ بە زووترین کات و بە باشترین شێوە زمانی ڕووسی لەو کەسە فێر دەبێت.

[5] وتووێژ دەگەڵ کاک سەلاح ئەمیرعەشایری. ‌

[6] لەو فیلمەدا ماملێ باس لە کەڵک وەرگرتن لە شێعری شاعیران دەکات لە ناویشیاندا کاک سێمان شاوەلە:

[7] لەو فیلمەی ژێرەوە خوالێخۆشبوو کاک سێمان لە زمانی خۆیانەوە باس لەوە دەکات کە کێ دانەری گۆرانی “ڕاوچیان”ە و کێ داویە بە محەممەد ماملێ:

[8] ئاماژە بە وتەیەکی بەڕێز “عەباسی فەقێ ڕەسوو” کە کاک محەممەد زێوەیی چاوپێکەوتنی دەگەڵیان ئەنجام دابوو و لە لاپەڕەی فەیسبووی خۆیان بڵاویان کردبۆوە. کۆپییەکەی لای نوووسەری ئەو دێڕانەی پارێزراوە. [9] لەو فیلمەی ژێرەوە خوالێخۆشبوو کاک سێمان لە زمانی خۆیانەوە باس لە چۆنیەتی ناسینی بنەماڵەی ماملێ دەکات:

[10] لەو فیلمەشدا بە هەمان شێوە خوالێخۆشبوو کاک سێمان لە زمانی خۆیانەوە باس لە چۆنیەتی ناسینی بنەماڵەی ماملێ دەکات:

[11] لەو گرتە ویدیۆییەدا بەڕێز کاک سێمان لە وەڵامی پرسیارێکی بەڕێز کاک عەلی ماملێ دا ئاوا دەفەرمێ:

[12] لەو گرتەیەدا کۆچکردوو کاک سێمان لە وەڵامێکی کۆچکردوو کاک جەعفەری ماملێ باسی مێژووی ئەو گۆرانییانە دەکات کە دەگەڵ محەممەدی ماملێ تۆماری کردوون.

[13] بڕوانە گێڕانەوەی ماملێ لەمەڕ مێژووی گۆرانی بازیبێریان:

[14] [15]یەک لەو هۆنراوانەی کاک سێمان کە بۆ خوالێخۆشبوو کاک عەزیزی برایان هۆنیویەتەوە لێر بە دەست و خەتی خۆیان پێشکەشتان دەکرێ. وەک دەگێڕنەوە کاتێک بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ هەواڵی کۆچیدوای کاک عەزیز دەبیسن، کاک سێمان و چەند لە خزمان وەڕێدەکەون تا بچن بەرەو پیری تەرمەکەیان. لە ڕێگا ئەو هۆنراوەیە دەهۆنێتەوە:

هۆنراوەیەک نەمر کاک سێمان بە دەستخەتی خۆیان

بۆ دەبوو ئاوا لەناکاو تووشی ئەو ڕووداوە بین
بۆچی هەر وا زوو لە دەستن چوو نازەنین

سۆزی دڵ تۆزی خەمی پڕژاندە سەرمان و کەچی
بوو بە هۆی ژان و پەژارە و باڵ شکان و دڵتەزین

تۆ ئاوا کۆچی دواییت کردوو ڕۆیی خوات لەگەڵ
ئێمە ماین ناسۆری دڵ گریان و ئەسرین هەڵوەرین

وەک سەرەد کون‌کون بووە سووتاوە هەڵقرچاوە دڵ
کوانێ مەڵحەم زەحمەتە بەو زووانە ساڕێژ بن برین

لای خۆی جێژن بوو دەبوو دوو ڕۆژی دی جێژن بکەین
خوایە مەیکە ناشووکری ئەو جێژنە بۆچی بوو بە شین

خوای مەزن هەرچی ڕەزای تۆ بێ ئەمەش ڕازینە پێی
دیارە وا دیاری کرا تەقدیری ڕەبەلعالەمین

فایلی دەنگییەکانی کاک سێمان و محەممەدی ماملێ.
پێشەکی زۆر داوای لێبوردن لە ئێوە میوانانی هێژا دەکەین کە چۆنیەتی دەنگەکان زۆر باش نییە.
ئەو دەنگانە زیاتر لە ٥٠ ساڵ پێشتر تۆمار کراون و چۆنیەتییەکەیان لەوە زیاتر چاک نابێ:

سەلتەنە
شەمامە و خاڵ خاڵ
کراس زەردێ
کەتانە و کەتانە
ئای هەریر هەریرە
چەند گۆرانیەکی تر ١
لەنجە و هاوار بە لەنجەیە
مەلا حوسێن عەبدوڵازادە
چەند گۆرانییەکی تر ٢
بە عینوانی ماملێ و کاک سێمان
حەیرانێک بەدەنگی کاک سێمانی شاوەلە
زوڵفت به قەدتدا شێعری نالی
بازی بێریان بەدەنگی کاک سێمانی شاوەلە

ئاڵبۆمی وێنەکان

کۆی فیلمی وتووێژەکەی مامۆستا سێمان شاوەلە لێرە ببینن:

چاوپێکەوتنێکی وریا ماملێ سەبارەت بە مامۆستا سێمان شاوەلە لەگەڵ کوردکاناڵ

بابەتی پێوەندیدار