Skip to content

ماملێ دەنگێکی خوڕسکی خودایی

زۆرن ئەو کەسانەی ئەژین و دەمرن، بەڵام کەمن ئەو کەسانەی لە دوای مردنیشیان بەردەوام لە ناو ڕۆحماندا ئەژینەوە. مرۆڤ کەخوڕسکی ھەڵکەوتوو بو مێژووی گەورەش ئەخولقێنێت. ئیتر ئەو مێژووە لە ھەر چەمکێکدا بێت. ماملێ ئەو کەڵە ھونەرمەندەی گەلەکەمان بوو کە بۆ ھەمیشە لە مێژووی گەلەکەماندا وەک ھونەرمەندێکی ڕەسەنی نەتەوەکەمان ناو و ناوبانگی بە سەربەرزی لە ناو ھەست و ھزرماندا دەمێنێتەوە. شۆڕشی پڕ لە شکۆی ھونەری ڕەسەنی میللی نەتەوەیی مامۆستای بەستە و گۆرانی کوردی، مامۆستا مەحەمەدی ماملێ بە خێر و شادی پایەدار بێت لامان. ھونەرمەندی گەورە خاوەنی ٣٨٠گۆرانی و بەستە و مەقامی ڕەسەنی کوردییە. ماملێی نەمر خاوەنی دەنگێکی بلوێری بێ وێنە بووە. نەغمەو و نەبەرەی مامۆستا ماملێ، پڕن لە چریکەو سۆزی ڕەسەنایەتی نەتەوەکەی، کە بە دەیان ئاواز و مەقام و قەتار و بەیاتی کوردانەی ھێناوەتە بەرھەم بۆ گەلەکەی. بەھەزاران مرۆڤی ڕەسەن ناسی کورد شایەتحاڵی پەسەندی دەنگە ھەست بزوێنەکەی ماملێن. زۆرینەی شاعیرە مەزنەکانی گەلی کورد، وەک وەفایی و ھێمن و ھەژار و ھاشمی نانەوازادە و چەندانیتر لە لایەن سۆزی شمشاڵینی ماملێ وە کراوەتە بەرھەمی نایاب و دەگمەن و جوان و بۆ گەلی کورد وەک شانازییەک ماوەتەوە لە ناوماندا. یەکێک لەو کەڵە شاعیرانەی گەلی کورد، کە دەکاتە ھێمنی موکریانی ، پێی خۆش بووە ھەڵبەستەکانی ھەمیشە بە چریکەی ماملێ وە دەست پێ بکات و بکەوێتە بەر گوێی عاشقانی شیعر و ھونەری کوردی. ھێمنی شاعیر لەکورتە گرتەیکدا دەڵێ: لەو دەمەیدا گوێ ڕادێرن بۆ تارێ، لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ. ماملێی دەنگخۆش و مامۆستا لە ساڵی ١٩٢٥ چاوی بە دنیا ھەڵھێناوەو لە ٢٣/١/١٩٩٩ ماڵئاوای لەھونەرو نەتەوەکەی دەکات، بەڵام بۆ ھەمیشە لە ناو ڕۆحمان دەمێنێتەوە. من وەک ھۆگرێکی دەنگی ڕەسەن و لە نێویشیاندا، ماملێی مەزن کە دەتوانم بڵێم بۆ من وەک جانبەخش لە ئاستی حەسەن زیرەکی مەزن چێژ و وزەی گەیاندوتە ڕۆحی من و توانیوێتی بە بەستە و قەتارەکانی سەرتۆپی گوڵی گۆڕانکاری لە ناخ و دڵ و دەرونی مندا بچێنێت. ھەر ئەوەش بوو کە وای کرد لە من، لەو غوربەتە و لە وڵاتی نەرویج، سیدیەک تۆمار بکەم بە ناوی وەفایەک بۆ ڕەسەنایەتی و بە یادی زیرەک و ماملێ کە ئێستا لە زۆرینەی ماڵە ڕەسەنەکانی کوردانی تاراوگە نشینی لەبەر دەستە و خەڵکانێکی خۆشەویستی زیرەک و ماملێ بە دەنگی منیش گوێبیستی ئاواز و مەقامە ڕەسەنەکان دەبن. ھەمان سیدی لە کوردستانی شیرینیش لای مرۆڤە باڵاکانی ئەم گەلە گوێگرێکی باشی ئەو ڕەسەنایەتیەن. بە دڵنییاوە ماملێی مەزن، یەکێک لەو ھونەرمەندە پایە بڵند و ڕیشە جوان و ڕەسەنایەتییەی گەلەکەمانە کە بە دەیان نوسین و چیرۆک و پەرتوک وەسفی تەواوی ناکرێت. ھەزاران سڵاو و ڕەحمەت لە گڵکۆی پاکی ماملێی گەورە ھونەرمەندی گەلی کورد، ڕۆحی پاکی ھەمیشە ئاسودە بێت.

ھۆنراوەیەکم بۆ ڕۆحی پاکی مامۆستا ماملێ:

ماملێ دەنگێکی خوڕسکی خودایی
 خەمڕەوێن چ لە کۆڕ و چ لە تەنیای

چریکەیەک چەشنی بلوێری شوان
چێژ دەبەخشێت بە ناخ و گیان

ھونەرمەندێکی شەیدای کوردایەتی
نەبەز و بوێری ڕێگەی مەردایەتی

ماڵدار و مێوان دۆست و ڕوخۆش
بۆکوردایەتی خاوەن قوربانی و بەجۆش

بەناو بانگێکی سادە و لە خۆ نەگۆڕ
بۆ ھیچ نەیارێ سەری قەت نەکرد شۆڕ

جانبەش عەلی بەھاری ٢٠٢٢

بابەتی پێوەندیدار