Skip to content

ملوانكەی یادی ماملێ     

هۆنراوەی: ئیسماعیل محەمەد زێنوێی

ماملێ زانیوتە میوە بۆچی شیرینە ؟
شەكەر لێونوستوون لەو ژیر زەمینە
ئەی پەپوولەی نێو گوڵزاری ئاواز و گۆرانی موكریان،
ئەی سەرچاوەی رەسەنایەتی
كانگای سۆز و ئاواز و خۆشەویستی
لە ناخت هاتەدەر هەرچی دڵی دڵداران ویستی
شەیدایی و ئەوین .. هەستی ناسك
خرینگەی خرخاڵ جرینگەی بازن
مەچەك وقۆڵ و باسك
قاسپەی كەوان لەو باسكەو باسك
لەخڕێ و دۆڵ و زیندۆڵان
جێی ژوانت دانا .. ئەی بەتوانا
ئەی زانا لەرازی دڵان
هەستی عیشق و خۆشەویستی و پەیمان نەشكاندنت وروژاند
بزەی هیوات لە دڵی هەوادارانت چەقاند و چەسپاند
چریكاندت تا توانیت         لەپیریت تا جوانیت
تاوێ نەسرەوتی.. بەردەوام  بەخشیت بەهرە و جوانی
بەهونەری كوردی و ئاواز و گۆرانی  
هەوای قەتار و بەستە و گۆرانیت ، هێشتا كۆتری سپی نامەبەری سۆز و هەستی
نێوان  هێمن و  هەژارن
ئۆقرە ناگرن .. باڵە فڕكەیانە لە گۆشەو كەنارن
ئیدی گڕیان گرتووە مەیل وتاسە .. تێك هەڵدەنگوون هەناسە
سەرەڕێ دەگرن هەواڵ دەپرسن  ..  لەكەم مەیلی كەمێك دەترسن
گەرەكی خوارێ خۆتو خوداتان  .. یادی ماملێ كەوتووتە لاتان
لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ .. لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ
پەیامان بنێرە  پێیان  بڵێ
یادیان بكەن یادی هێمن و هەژار و ماملێ
تا بە هەواری خاڵی و دەنگی قورینگان ، كۆنە برینان دەكولێنەوە
شەوە و شمشاڵی شوان و بازی بێریان ،
مریەم سابڵاخی و كانی مرادان لە ناخا دەزرینگێنەوە
هەتا زستانەغەمگینم ..    گوڵی سوورم كە ناتبینم
كاتی بەهارە چاوەكەم بابچینە باغی دوو بە دوو
سەرت هەڵێنە ئاورم  تێبەربوو
دەبڵا من بمرم بەوێ هاوێنێ .. كفنێ من ببڕن بە دەستی زینێ
پایز خەرمان لە بەر بایە  .. شەماڵ كەوتووە زریان نایە
هەتا كەنگێ هەڵمان ببڕن لە لەیلایە
دێم بێم بە خوای دێمەژوانێ ئەگەر دنیا پێبزانێ
لەرزانە و دەمەگری وبێوەفاو و گۆرانی خەنەبەندانێ
لەگەڵ بەزمی فاتمە سوڵتانێ ..  لەدڵی ماملێدا دەكەن جۆلانێ ..
دەنگی ماملێ لەگەڵ وەفایی وا تێگچڕژاوە .. دەڵێی پاشی وان دنیا هەر نەماوە
گا دەگریەم گا دەسووتێم غەرقی ئاو و ئاورم..
ئاخ لەبەر بەختی سیا نازانم ئەز بۆچ نامرم
لەورۆژەوە كەدووركەوتەوە سایەت لە سەری وی
سووتاوە لەتاوت هەموو گیان وجگەری وی
چەند جاری دی ئیوی و وی و وی و  وی
ماملێ پەیكرتاشە.. وێنەگرە ، چیرۆكنووسە ، نیگاركێش و شێوەكارە
ئەوەی راز ونیازی هونەرە لەناخی ماملێدا هەیە گەش گەش دیارە
راوچیان راوە ، خۆم قاسیدی زێرنۆكێم ، فاتمۆكێ و رەشماڵێ مەنگوڕان
بەهاران بەهارە،وەرە سەر نەخۆشی دڵان بارانەو گەڵارێزان ، بابچینە ناو شلێران
لەباوەشی رۆژگار جوانترین یادگارە

دەنگی ماملێ شین وگریان و ماتەمینە .. خۆشییە شادییە پێكەننە
بەڵام مخابن پێی دەركێفێنا .. كەوتە سەرخانەی زینی مەرگ
شین و ڕۆڕۆیانە.. گوڵ و سەو زە گیا و رەیحانە و نووسەكە و زی و درك

ئیسماعیل محەمەد زێنوێی


خوێندنەوەی شێعرەکە لە زمان ئیسماعیل محەمەد زێنوێی

بابەتی پێوەندیدار