Skip to content

چلۆن هونەرمەند ماملێ لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو، لە زمانی (مامۆستا حامید ڕەشیدی زەرزا)وە.

ئامادەکردنی: وریا ماملێ

مامۆستا «حامید ڕەشیدی زەرزا» لە ١٣١٩ی هەتاوی (١٩٤٠ز) لە گوندی «گورگاوە»ی ناوچەی شنۆ، لەدایک بووە. وەک هەموو کوردێک بە هۆی هەلومەرجی کوردستان و دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بەشی زۆر لە ژیانی لە پێناو خەبات بۆ گەلی خۆی بە چەرمەسەری ڕابواردووە. لە هەردووک ڕژێمی پاشایەتی و مەلایانی کۆماری ئیسلامی حوکمی ئێعدامی بۆ دەرچووە. لە یەکیان بۆی کراوەتە ئەبەد و لە ساڵی ١٣٥٧ه – ١٩٧٩ز پاش ئەوەی شۆڕشی گەلانی ئێران سەردەکەوێ و دەرگای زیندانەکان دەشکێن، مامۆستا حامید دوایین زیندانی دەبێ کە ڕزگار دەکرێ. لە سەردەمی خومەینیشدا وەبەر لێبووردنی گشتی دەکەوێ و هەل دەقۆزێتەوە و ڕا دەکات. بەڕێزیان لەم دواییانەدا سەربوردەی خۆیانی نووسیوەتەوە بە ناوی (لۆچێک لە خەروار) کە ناوەندی چاپەمەنی ٤٩ کتێب لە وڵاتی سوئێد بۆی چاپ کردووە. مامۆستا لە کتێبەکەدا دەمانباتەوە سەردەمی کۆنی کوردەواری و ئەو شوێنەی کە لێی لەدایک بووە و شێوە ژیان و کەسایەتییەکانمان پێ دەناسێنێ و دەگەڵ ڕووداوگەلێکی قسەلەسەر ئاشنامان دەکات. لە کاتی شۆڕشدا بە ڕێبەڕایەتی مەلا مستەفا بارزانی تەڤلی ئەو شۆڕشە دەبێت و هاوکات هاوکاری نیزیکی تێکۆشەرانی حدکا دەکات. ئینجا بۆمان باس دەکات کە چلۆن تەنگیان پێهەڵچنیوە و چلۆن دەیانهەوێ بە دیل و دەستبەستراوی سنوورداشی ئێرانیان بکەنەوە. ڕەشەبای دزێوی چارەنووس هەڵدەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵان لە زیندانەکانی ئێراندا دەستبەسەر دەکرێت و هەر دەم و ساتێک چاوەڕوانی ئەوە دەبێ تا لەسێدارەی بدەن. لە سەردەمی خومەینیشدا بە هەمان شێوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێ. کە پاشان وەبەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت. پاش ئازادبوونی ماوەیە لە گۆڤاری سروەدا هاوکاری مامۆستا هێمن موکریانی و کاک ئەحمەدی قازی دەکات. لەو ماوەیەدا بەردەوام لەژێر چاوەدێریدا دەبێت و ژیانی پێ تاڵ و دژوار دەکرێت. لەوانە بوو ئەو دۆخە بەسەریدا بشکێتەوە و سەرلەنوێبەسەر بەڵایەک دا بکەوێتەوە، بۆیە ناچار دەبێ وڵات جێبهێڵێت و بەرەو تورکیە وەرێ دەکەوێ و ئێستا لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا لە وڵاتی ئوستراڵیا نیشتەجێ بووە.

بەڕیزتان خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبە. بەشێکی زۆریان خۆی نووسیوێتی و بەشێکیش وەرگێڕانە جگە لە دیوانە شیعرەکانی کە لەو دواییانەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە بەناوی (نێڵەی دەروون).

سەرگوڕشتەی بیرەوەرییەکانی بەڕێزیان، لە دوو قۆناغدا دەگاتە هونەرمەند محەممەدی ماملێ. یەکەیان لە ساڵی ١٣٤٧ه – ١٩٦٨ز لە زیندانی ورمێ و بۆ جاری دووهەمیان لە ساڵی ١٣٥٩ه – ١٩٨٠ز لە زیندانی سپای پاسداران لە مەهاباد. بەڕێزیان بۆمان دەگێڕێتەوە کە چلۆن ماملێ و کۆمەڵێک لاوی مەهابادی لە پەتی سێدارە ڕزگار کردووە.

با بەیەکەوە میوانی ئەو بیرەوەرییانە بین:     

(“کتێبی لۆچێک لە خەروار” بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ١٣٣

چیرۆکی زیندانیانی مەهاباد:

کاتێک ڕژیم ڕووخا، لە زیندان ئازاد بووم. چاوم لە هەل‌ومەرج کرد، ئەوی دژی ڕژیمی شا بوو، بەلایەنگری ڕژیمی تازە حیسابی بۆ دەکرا و جێگای باوەڕ و متمانە بوو. دەجا پەروەندەی من لەو بارەوە چ کەم‌وکوڕی نەبوو، بۆیە لە بەشی قەزایی ورمێ داوای کارم کرد، وەڵام ئەریتی بوو. چەند مانگێک تێنەپەڕیبوو، خومەینی ١٣٥٨ دژی کورد فتوای جیهادی دا. شەڕی سێ مانگە دەستی پێکرد. ڕژیم دەستی بە گرتنی خەڵک کرد. ناوی زیددی ئینقلابیان بەسەردا سەپاندن. دەجا بۆ بەسەرداچوونەوەی پەروەندەکانی زیددی ئینقلاب، بۆ مەهابادیان دەنەزەر گرتبووم. زۆرم خۆ گێزراند و شێر و ڕێویم هێنانەوە، بەڵام فایدەی نەبوو. دادگاکانی ئینقلاب تازە دەهاتن دامەزرێن، ئاخوندیش ئاگاداری یاسا نەبوون. سەرەتا دەبەردا بووم ئیستیعفا بدەم، بەڵام ترسام لێم وەشک کەون و ناچار بووم بۆ مەهاباد بچم، نەمدەزانی چ بکەم، چونکە مرۆڤ لەسەر بینین لێکدانەوە دەکا. خەڵکێکی زۆر گیرابوون، سەتان پەروەندەی لێ بوو، دەستیشیان بۆ زیددی ئینقلاب کراوە بوو، جهادی خومینیش ئیدی چی تێدا نەهێشتبۆوە هەر ویژدانی داوەر مابوو. دوای یەک دوو مانگ چاوخشاندن بە پەروەندەکانیان، چوومە زیندان تەژی لە زیندانی بوو، بەشی زۆری لاو بوون. لە هاتنەدەر چاوم بە مامۆستا کاک محەمەد مامڵی کەوت کە بە پێپەتی لەلای دەرکەی زیندان راوەستابوو. ئەو ئەمنی نەدەناسی. گوتم بۆ لێرەی؟ بە کۆلەوگروە گوتی: نازانم! چ تاوانم نییە! پاسدار بە ماڵمان وەربوون ڕایانکێشاومە دەر، نەیانهێشت پێڵاویشم دەبەرکەم، بۆ ئێرەیان هێناوم. لەگەڵ خۆم بردە هۆدەکەم. گوتم بۆم بگێڕەوە. دەترسا. خۆم پێ ناساند و گوتم شانستان هێناوە ئەمن چاوم بە پەروەندەکەت خشاندوە بە زیددی ئینقلاب ناسراوی هەروا بە لایەنگری قاسملوو و شێخ مەلاعیزەدین و یارمەتی ماڵیی بەئەندامی حیزبی دێموکڕاتی ئێران و زۆرشتی تێپەستاوتراوە. لەو کاتیدا بەرپرسی زیندان کە تورکەکی کەر بوو، هاتە ژوور کوتی:

ئەمە بۆ کوشتن دەبێ.

مامۆستا مامڵی لە لام بوو، گوتم:

بۆ لە خۆرا بوختانی پێ دەکەی، ئەوە مرۆڤێکی مەزنە ڕێزی لە ناو کورد زۆرە، ئەوجار خۆ تۆ ئاگاداری ناوەرۆکی پەروەندەکەی نی، ئەوە بوختانە پێی دەکەی، ئەدی ئەمن بۆ هاتوومە ئێرە دەبێ ئەو پەروەندانە بە وردی بخوێنمەوە بزانم بەڵگەی سزادانیان هەیە، یان نا! تکایە کاتم مەگرە. ئیدی ڕۆیی. ڕۆژی دوا مامۆستام بانگ کردەوە هۆدە، گوتم:

مامۆستا حامید ڕەشیدی زەرزا

نیگەران مەبە، هەرچەند پەروەندەکەیان خەراپ گریداوە، حەتتا ئی خۆیی بەئەندامی حیزبی ناساندوی، بەڵام هەر ئێستا ئازادی و دەدنێرمەوە، بەڵام نەیەوە.

ڕەنگی سوور هەڵگرا، بزەی هاتە سەر دەم و بە کاک سمایلم گوت بە پەلە ماشینێکی راگرە بینێرەوە ماڵ، بەڵام وشیار بە ئەو سەگبابە نەیبێنێ. دەستم کوشی بەرێم کرد.

شەوێ پەروەندی دوو کیژی کاک “عەوڵا بلوریم” بە ناوی “توبا” و “کەژاڵ” بازجویی لێوەرگرتن. بە کەفالەتی باوکیانم ئازاد کردن. هەرچەند ئامین بە پێشمەرگەی ناوبردرابوو و دەیان بەڵگەی کۆمەڵە و کتێبی کمونیستی لە ماڵیان دۆزیبوونەوە. پێمگوتن بڕۆن لە مەهاباد مەمیننەوە دەتانکوژن. هەموو بەڵگە و مەداریکەکانم ویدانەوە گوتم بیانسووتێنن. دەیان پەروەندەی دیکەشم بەو جۆرە خاتیمە پێدان. بەرپرسی زیندان سەری سووڕ مابوو. گوتم:

  • ئەو خەڵکە لە خۆرا گیراون چ بەڵگەیان نەبوو، زوربەی تۆمەتەکان ئی بازاڕی چەکفرۆشی بوو کە: وێنەیان بە چەک هەڵگرتۆتەوە یان بە ئارپیچی وێنەیان کێشاوە، بێجگە لەوە بە پێشمەرگە و زیددی ئینقلابیان حیساب بۆ کردوون ئەو چەکانەشیان لێ دەوێنەوە. کوا ئەوە قەزاوەتە ئەو هەموو درو بۆختانە لە ڕژیمی ئیسلامی کفرە، دەبی ویژدان قازی بێ.

سەرئەنجام بۆ ئەو پەروەندەیە، ئایەتوڵڵا ئیمانی حاکمی شەرعی دادگای ئینقلابی ورمێ،  بە مفسد فی الارض حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچواندم و لە رادیۆ و تەلەفزیۆن خویندرایەوە.)

کۆتایی نووسینەکانی مامۆستا حامید ڕەشید زەرزا لەسەر زیندانی کردنی ماملێ و پێدانی حوکمی سێدارە بەسەریدا کە لە کتێبی (لۆچێک لە خەروار)دا نووسراوە.

لە درێژەی ئەو باسەدا بە تەلەفۆن و بە نووسین چەند جاران دەگەڵ مامۆستا حامید بە وردی دوایین و بیرەوەرییەکانی دەگەڵ ماملێ گەیاندەوە ساڵانی پێشووتر کە لە زیندانی ورمێ لە لایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە گیرابوون. بەڕێزیان ئاوای فەرموو:

(برای خۆشەویست جەنابی کاک وریا، ئێستا ڕێکەوت ١١/٤/٢٠٢٣ی ساعەت ٦ ئێوارە چاوم بە نووسینکە کەوت. قوربان ئەوەی ئەمن لە جلدی یەکەمی بیرەوەریەکانم سەبارت بە نەمر حەزرەتی ماملێ نووسومەوە، وەک لۆچێک لە خەروارە هەر بۆیە ناوی کتێبەکەشم وا نووسیوە، چونکە بیرەوەریەکانی منیش هەر لۆچێک لە خروارە. تێدەکۆشم لە جلدی دووەم و سیوەمیش لێی بەردەوام بم.  بەڵام وەک ئاماژەم پێکردوە بە داخەوە زۆر شتم لە بیر چۆتەوە، تایبەت ئەوەی لە کاتی بازجویی پێکەوە بووین زۆر کەمم لە مێشکدا ماوە هۆکارکەش ئەمە بوو.  باوەڕم پێبکە ئەمن نەمدەویست ئەو مەسەلە قەت بدرکێنم چونکە ئەو کارەم وەک کوردێک بە ئەرکی سەر شانم دەزانی. قوربان ئەمن ئیرادەتی تەواوم لە خزمەت نەمر باوکی بەرێزت ماملێ هەبوو. نەمر ماملێ نەک هەر گوێندە و دەنگ خۆش و هونەرمەندێکی مەزن و دەنگین و خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بوو، بەڵکوو بە کردەوە کوردێکی نەگۆڕ بوو، کوردێک بوو کە لە بەرامبەر هەستی نەتەوایەتی لە سێدارەدان و ئێعدامی خۆی بە سەربەرزی دەزانی. ئەمن لە نزیکەوە ئاگاداری هەڵوێستی وی بووم کە لە کاتی گرتنی بە دەست سوپای پاسدارانی مەهاباد، بێ ئەوەی لە فکری نەجاتی گیانیدا بێ، بە ڕاشکاوی و کورت و کرمانجی گوتوویە:

  • حیزبی نیم، بەڵام کوردم و لە کوردایەتی خۆم حاشا ناکەم، چونکە کوردیش میللەتە، ئەگەر لە سەر ئەو فکرەشم دەکوژن، کەیفی خۆتانە و شانازیی پێکدەکەم.

ئەمە وتەی زوانی خودی نەمر ماملێ یە. بۆیە ئەوی وەکوو قارەمانێکی میللی، وەک “نڵسۆن ماندلا”ی ناو دەبەم.

 سەردەمێکێش لە زیندانی بن کۆشکی دادگوستری ورمێ، پێکەوە بووین و گەلێک بیروەری وێم لە لایە. پێموایە ئەگەر بە هەڵە نەچووبم جارێکیش نەمر “حەسەن زیرەک” لە زیندان مولاقاتی کرد. خەتێکی جوان و دەلالی هەبوو. ئەو سکاڵایانەی بۆ دادگای نیزامی لەشکری ٦٤ی ورمێ بۆم دەنووسین، بە خەتی خۆی دەنووسینەوە، چونکە ئەمن خەتەکەم شکەستە و شپڕێو بوو، جار وەدەبوو بۆخۆشم نەمدەزانی چیم نووسیوە، لە دۆستان داوام دەکرد بۆم بخوێننەوە!! وەک وەبیرم مابێ لە سەر(گۆرانی لای لایە) لەلایەن ساواک گیرا بوو. پەروەندەکەشی سیاسی بوو، درابوو بە دادگای نیزامی کە “دادستانەکەی سەرهەنگ خەتایی بوو” و رئیس دادگای نیزامی ئەو کاتیکیش “سەرهەنگ تەسلیمی” بوو، لەگەڵ دوو سەرگورد.[1] ئەمن بۆخۆشم لەگەڵ هاواڵانم لەو دادگای نیزامی لەشکری ٦٤ی ورمێ محاکمە کرام و بە ئێعدام مەحکووم بووم، دوایی بووم بە ئەبەد.

زیندانی دادگوستەری دوو نهۆم بوو. نەمر ماملێ و ئەمن و چەند کەسی دیکە لە ژیرزەمینەکە بووین. نهۆمی یەکەم بریتی بوو لە هۆدەیەکی گەورە، ساڵۆنێک بۆ پیاسە و قەدەم لێدان و دوو دیوی گچکە بۆ زیندانییانی مەحکووم بە ئێعدام. ئەو زیندانە ڕۆژی لێنەدەدا، چرای تیدا هەڵندەکرا. نهۆمی دووەم هەتا ساڵۆنی قەدەم لێدانیشی نەبوو، بەلام بۆ مەلاقاتی پشت سیمان، دەچووینە سەرەوە.

بیرەوەی تریشم لەگەڵ باوکت لە وێ هەنە، بەڵام بە پیویستم نەزانیوە بڵاویان کەمەوە، ئەویش هۆکاری خۆی هەیە دوایی بە شێنەیی بۆت دەنووسم.

[1] خوالێخۆشبوو مامۆستا سەید محەممەد ئەمین بەرزەنجی ناسراو بە (خاڵە مین) کاتێک کە ماملێ لە زیندان ئازاد دەکرێ، هۆنراوەیەک دەجرێ کە دەقەکەی بەو شێوەیەیە:

بولبولم وا لە قەفەس هاتە دەرێ
«ماملێ»م پێی بڵێ دا بێتە سەرێ

بورینگێنی بە دەنگی نەرمی
دڵ ببرژێنێ هەناسەی گەرمی

بچریکێنێ بە دەنگی خۆشی
بڕفێنێ لە دڵی کوڵ هۆشی

ڕاڕفێنێ لە دڵان دەرد و پەرۆش
پێبکەنێ ڕۆڵە لە دەسچووی ڕەشپۆش

ڕاپەڕێنێ هەموو ئاخ و داخێک
ئاخ و داخێکی لەسەر دڵ شاخێک

دەنگی وا خۆش و چریکەی بازی
«ئەزغەر» و «باربود»ی پێنازی

لەنگەری دەگرێ بە باڵداری حەوا
«مریەمێ» کاتێ دەخوێنێ بە هەوا

«سوورەگوڵ»، «لالە بە دەست»ت چاکە
«جوانەمەرگت» ئەوە مینای خاکە

«یار یار»ت گوڵە فێنکایی دڵە
دەنگی تۆ دوژمنە بۆ مشک و مڵە

«خاڵی ڕێبوار» و «هەڵاڵە و زەمزەم»
بڵێ گۆرانی بە کوردی دەم دەم

خاڵە گیان دەمدەمە تۆش بۆی بوەنە
تاکوو ساڕێژ بێ لە دڵ ئەو کەوەنە

خاڵی خۆشت کە بە دەنگت مەستە
دڵی مەشکێنە لە دنیا بەستە

«ماملێ» بولبولی کوردستانە
هەر بژی، نەمری ڕەبی بەو زووانە

دەی دەی ئەو دەنگی بریندارت بێ
دڵبرینداری مە هەر کارت بێ

تاکوو نیشتمان بێ بە بەزمت ئاوا
نیشتمان گیانی من ئەوڕۆت باوە

نیشتمان ڕیشەیی جەرگ و دڵی مەی
مەسەلی کوردییە ئاو و گڵی مەی

خاڵی من چونکێ گەلی دەربەدەرە
شەو و ڕۆژ  خواردنی خوێنی جگەرە

گەر دەڵێی چۆن دەخورێ خوێنی جیگەر
خوێن بەشی خواردنی کوردانە مەگەر

بەڵێ خوێن جەرگە بە فرمێسک ئەڕژێ
لە گلێنەم دە گڵێنەم دەپژێ

ئەی خودای گەورە هەڵینەگری لەوان
نۆرەی گۆرزی مە بدەی ڕۆژ و شەوان

ئینچەلیشبێتەوە نۆرە و کەڕەتن
تاف و ماف و هەل و هات و هەڕەتن

هۆنراوەی مامۆستا سەید محەممەد ئەمین بەرزەنجی
ناسراو بە (خاڵە مین)


بابەتی پێوەندیدار