کۆرپەڵەی دڵ مانی گرت، بەرموری گۆرانی دەوێ
“سەر لەسەر ڕانی” شنە و “بۆنی هەڵاڵانی” دەوێ
تۆ دەزانی ڕەمزی “بلوێری شوان” لەو شاخە چیە؟
زایەڵەی دەنگی “قەتارە” و “بازی بێریانی” دەوێ
با لە باوەش تۆ بە کوڵ بگریم و لۆمەم لێ مەکەن!
چونکە “مەشمولم” دەڕۆم دڵداری قوربانی دەوێ
“غەمزەدەی خۆتم” بە ماچێک و پەنا بمژێنەوە
ویشکە باخی خۆشەویستی و نەرمە بارانی دەوێ!
هەر هەمان”ڕاوچی” قەدیمی “جێژوانی”کۆنی تۆم
“دڵ دەکا جۆلانە” بەزمی ف_اتمە سوڵتانی دەوێ
شەو “هەواری خالیە” ڕەشپۆشە بێ ئاوازی تۆ
کوچە کوچە مانی گرتوە و “یاری جارانی” دەوێ
هەر لە “زمزیران” هەتا لاجان بە تامەزرۆی هەوای
“دێنەوە کوێستانچی و دەنگی قورینگانی” دەوێ
جوملە حوسنی تەبع و جەمعی جوانیە “کەویاری” من
مەرحەبا، چاوی سەرم، “لالە بە دەستانی” دەوێ
با دەمێک شۆر بیتەوە باشوور و گەرمێنێ، دڵم
کورتە گەشتێکی لە زنوێر “کانی ئاسکانی” دەوێ
“ئەی وەرە حەیرانی” ئەو دۆخەی نەبم دەستی ڕەقیب
سێوی کاڵی باخەڵی “مەستورە مەستانی” دەوێ
چرکەیەک هاتە نەزر فەرموی سبەی میوانی تۆم
بێ ڕەزایە یار و “زریان” شک مەکە، گیانی دەوێ
محەممەد عەباسی (زریان)
مەهاباد – ٢٠ خەرمانانی ٢٧٢٣