Skip to content

بۆ تۆ ئەی “ماملێ”

ئەم هۆنراوەیە کە دەخرێتە بەر چاوی ئێوە خوێنەرانی هیژا و هونەر دۆست ، سۆز و هەستی خووشکە سیدزادە خاقانی قادری یە. بەرێزیان لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە شاری بۆکان لە دایک بووە. بە هۆی کۆمەڵێک گیر و گرفتی ژیان، کۆمەڵایەتی و سیاسی سەپاو بە سەر کوردستان، هەر وەک گشت ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات،

نەتەنیا مەجالی خوێندن بە زمانی زگماکی خۆی بۆ نەرەخسا، بەڵکوو بە زمانی بێگانەش(فارسی) تا پۆلی دووهەمی سەرەتایی زیاتر نەیتوانی درێژە بەخوێندن بدات.
خەمباری بەرێزیان بۆ کۆچی مامۆستا محمدی ماملێ دەبێتە هۆی وەرچەرخانێکی ئەرێنی لە هەستی ئەدەبی بەرێزیان و ووتنەوەی ئەم شێعرە، کە پێشکەشی ئێوەی ئازیز دەکرێ. ئەم بەستەیە یەکەم کاری ئەدەبی ئەو بەرێزەیە کە هیوا دەخوازین نمونەیان بۆ کورد ، روو لە زیاد بوون دابێ.

کۆچبارت…، ماملێ

بولبولی کوردان ، حاڵت پەرۆشە
چریکەت ئەمرۆ کپ و خامۆشە
ئاواتت وابوو ، هەڵکەوێ هەلت
بە چاو بیبینی سەربەستی گەلت
ماملێ، دەهەستە، بۆ کز و ماتی
بۆ چاوەڕوانی یەک مەرگەساتی
زۆرت خزمەت کرد بە گەل و هۆزت
بە دەنگی خۆش و بە هەست و سۆزت
بێ دەنگ مەبە تێر بچریکێنە
دەشت و شاخ و کەژ، وەنەشە بێنە
بە بەستە و مەقام، بەو هەستە جوانە
کە وا ئارامی، دڵی کوردانە
ڕاوچیان ڕاواە، یان لایە لایە
کە هێشتا سۆزی، لە گوێمان دایە
ماملێ جێی ڕێزە، زەحمەتی کێشا
بۆ پێشکەوتی کورد، دائیم تێکۆشا
قەت ماندوو نەبوو ، هەردەم نەکشاوە
دەیڕوانی لە بۆ، ئاسۆی گەشاوە
سەد حەیف بۆ تۆ ئەی ماملێی دەنگ خۆش
جەماوەر بۆ تۆ، پەرۆشن پەرۆش
تۆدڵنیا بە هونەرمەندی کورد
ڕێبوارت زۆرن، ئازا و ژیر و ورد
ڕێی گەورە پیاوان، کوێر نابێتەوە
ڕێگا ژوو دەکا و شین دەبێتەوە
کۆچبارت لێنا، بەرەو گۆڕستان
لەوێش چاوەڕێن، هەڤاڵ و دۆستان
لای هاورێیانی، گیانی بە گیانی
هەژار و هێمن، دوو موکریانی
خاکتان لە باوەش، خۆتان گرتووە
رووحتان هەر زیندوو،نا، نەمردووە
ئێوە لەگەڵ یەک، هەواڵ و یار بوون
هەڵۆی تیژباڵی، دێهات و شار بوون
پێتان دەنازێ، خاکی کوردستان
جێی زیارەتن، بۆ کورد و دۆستان
بێشکەی کوردایەتییە، گڵکۆکەی ئێوە
هەر تاسە بارن، دڵداری ئێوە
بۆکان
سیدزادە خاقان قادری

بابەتی پێوەندیدار