Skip to content

بۆ کۆچی ماملێ(خاڵە قازی)

چ هەواڵێکە لە دووری ڕا دێ
دەنگ و باسێکە لە شار و لادێ

وەک دەڵێن، بولبولی بە چریکە فرێ
ئەوە دیسان، قەلی زستانە قڕی

ئەوچەلەش وا لە چلەی زستانا
“ماملێ” چاوی لەسەر یەک دانا

هەموو ساڵێک کە بەرەو نەورۆزین
چاوەڕێی جەژنێ گەلێک پیرۆزین

هەوری ڕەش دێت و دەتۆرێنێ هەتاو
ڕەش دەپۆشن گەلێکی دڵ سووتاو

“هێمن”ە چاو دەبڕێتە شاری
وا لەسەر شانی خەڵک دێ یاری

چاوەڕێیە بە نەوای سێ تارێ
“ماملێ” بێت و بڵێ قەتارێ

تۆ خوا کاتێک لە سەر قەبرانن
لە هەموو شاعیرەکان میوانن

یادی لێبکەن لە هەڵۆی دوورە وڵات
“هێمن” ئەو شاعیری ڕێبواری خەبات

دێتە گۆم دەنگی هەژاری موکری
دەڵێ ئەو شێعرە لەبەر خۆ دەگری

(لە هەوار “ماملێ” مرێم بێنێ
هێند بە ئارامی کە شیر نەرژێنێ)

دەوەرن لاوی هونەرمەندی بەرێز
دەس دەنێ، سینگ بدەنە پێشێ بە هێز

چوونکە تازە لە سەرووی ئاو هەڵدێر
نابیسن، دەنگی شوان و بلوێر

نایەتە گوێ ئیتر ئەو لایە لایە
کە هەتا مەرگێ لەگەڵ من دایە

ئەختەر ئەو شۆخە کچی پێشمەرگە
ئێستەکەش داخە لەسەر ئەم جەرگە

بەرمەدەن ڕێگەیی بەم زستانە
چوون هەوا تووشە لە کوردستانا

کە هەموو خاکی وڵاتم هونەرە
مەهێڵن وون بێ هونەر بەو قەدەرە

بە هوونەر ڕێگەیی خۆ پا کەنەوە
قەلبی دایکی وەتەنیش چاکەنەوە

“خاڵە قازی”

لە فەوتی مەرحووم مامۆستا “محەمەد ماملێ” دا لە مزگەوتی سووری مهاباد خوێندێوە

بابەتی پێوەندیدار