Skip to content

شاهۆ قارەمانی

Shaho 150x150
SHAHO

به بۆنه ی ساڵیادی کۆچی نەمر ماملێ
نووسەر: شاهۆ قارەمانی
ماملێ
ئەی بوولبوولی سینه نەخشینی باغی ڕەنگینی ئاوازی کوردەواری
ئەی که چریکەت وەک خۆت نەمره
هەموو ساڵێک ٣ی رێبەندان،
مەلی رووحم هەڵدەفرێ بەرەو گڵکۆی کش و ماتت
ئەو ساڵیش وەکوو ئەو چەند ساڵەی ڕابرد،
هاتمه پابووست . . .
هەر که نیزیک بوومەوه،

نارە نارێک گۆی لاواندمه وه
“خؤزگەم بەو مەڕەی شیر دێ له گووانی، کابان دەیدۆشێ بەو پەنجەی جوانی…”
هاتمه پێشتر…
سۆزی “هەی لایه لایه ، ڕۆڵه لای لایەکه ت ” دەورەی دام و له بێشکەی نەرم و نۆڵی زریانی سەر خاکەکەتی هاویشتم
” ڕۆڵه رووناکی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ، هێزی هەناوم
ڕیحانەی بۆن خۆش، سووره گووڵەکەم
ئاو پڕیشکێنەی کووڵی دڵه کەم
چۆڵەمەی ئەستۆم ٫ ڕەگی حەیاتم
هەنگوین و قەند و نووقل و نەباتم
خەوی خێرێت بێ، ده بنوو درەنگه
تا کەلەبابەی بەیان بێ دەنگه
ئەمجار که دیتی فرمێسکەکانم دڵۆپ دڵۆپ هاتنه خوارێ، وەها درێژەی پێدا:
” ژیربەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم
له داخی لانک دەگری، دەزانم
دەڵێی بۆ حەپسم، بۆ دەستە بەستەم
بەو بەند و حەپسه، من جەسته خەستەم
له نێو کورد نەبێ، دەسرازه نیه
ئەو بەند و قوفل و قەرازە چییه ؟
کوڕم! من بیرم له تو زیاتره
دەسرازه و لانک بتبێ چاتره
هەی لایه لایه ڕۆڵه لای لایه
گوێ گره پێت بڵێم لەبەر چی وایه
ڕاسته تۆ نەوەی شێری ژیانی
نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی
بەڵام چوونکه کورد، ئه مرۆ بێکەسه،
بەشیان له دوونیا کۆت و مەحبەسه
بۆیه دەت پێچم تا خووی پێ بگری
نەک تا من ماوم له بەنددا بمری
بۆ چارەرەشیت، نەماوه تینم
هەر پێم خۆش نییه مەرگت ببینم
هەی لایه لایه ڕۆڵه لای لایه
هه زار تێبینی دووارژژم لایه
که سەرم هەڵێنا، هه ژار و هێمن و مەلا غەفووریش گرمه و لرفه و پرسه و ناڵه ناڵیان دەهات و سەرەخۆشیان لێکتر دەکرد . . .
ماملێ!
مەرگ زۆر بێ دەسەڵاته
له حاندی بەرزایی هەتاهەتاییتدا
فریشتەی مەرگ
قەت قەت نەیتوانی
دەنگت بستێنێ و ناوت برزێنێ . . .

شاهۆ – مەهاباد ٠٤\١١\١٣٩١