Skip to content

دوایین چریکەی ماملێ

عەلی ئیسماعیلزادە (ڕێبوار)
وەک بۆ دواجار لە کۆڕێکی هونەریدا و بە یارمەتی مۆسیقا، ماملێی نەمر ،کەی و لە کوێ چریکاندی و کام مەقام یا ئاوازی خۆی وەک ئاخرین یادگار، بە جێ هێشت؟
لە ڕاستیدا ئاخرین چریکەی ماملێ، هیچ کام لە سەدان بەرهەمی جوان و رازاوەی رابردووی نەبوو. هیچکام لەو بەرهەمە ئاشنایانەی ماملێ نەبوو، کە چەند میلیۆن هۆگری دەنگ و شێوازی مۆسیقایی تایبەتی ماملێ، بە گوێیان ئاشنایە و گەلێک بیرەوەری خۆشیان لە هەر قام ومەقامێکی هەیە. ئاخرین چریکەی ماملێ، مەقامێکە تەنیا چەند کەس لە نیزیکرین خۆشەویستانی بیستوویانە و بەس.
ماملێ لەساڵانی کۆتایی تەمەنی دا تووشی نەخۆشی سامناکی فەرامۆشی (ئاڵزایمێر) ببوو. ئەم نەخۆشییە وردە وردە بیر و بیرەوەرییەکانی دەسڕییەوە. ماملێ ئیتر نەیدەتوانی وەک ساڵانی رابردوو شێعری گۆرانییەکانی لە بیر و هۆشی خۆی دەرکێشیتەوە، بە ناچار لە دەفتەرێکی باغەڵیدا یادداشتی کردبوون و لە ڕووی دەخوێندەوە. ئەودەم وەک ئێستا زانیاری گشتی لە سەر نەخۆشی ئالزایمێر زۆر نەبوو و وکەس لە بنەماڵە و هۆگرانی هەستیان بە مەترسی نەخۆشییەکی ئەوتۆ نەکرد. ئەوەی ئاسایی دەهاتە بەرچاو، پیری بوو و ئەو هەموو داخ و خەفەتەی ماملێ تووشی دەبوو…دیارە ماملێی مەزن خۆی هەستی بە پیری کردبوو و کاتێ دەیدیت زۆربەی هاورێیانی بارگەیان تێکەوەپێچاوە و بەڕێ بوون، بیری لەو راستییە تاڵەش دەکردەوە کە “لە دنێ وا بە تەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم؟
“… بۆ هونەرمەندێکی خاوەن شێواز و فرە بەرهەمی وەک ماملێ، ئاساییە کە لەو بار و دۆخەدا بیر لە یادگارێکی هەمیشەیی بکاتەوە کە بۆ نەوەی دوارۆژی بەجێ بهێڵێ. یادگارێک کە پوختەی ئەزموونی دەیان ساڵەی هونەرمەندە. سروشتی کارەکەی ماملێ وابوو هەم بە سەر موسیقادا زاڵ بێ و هەم شێعر. بە تایبەت لە ژێر کاریگەری بیر و بۆچوونی عاشقانە و عارفانەی وەفاییدا بوو. دیارە بە پشت ئەستووری ئەو ئەزموونە بەنرخە ، ماملێ بیری لە یادگارێکی تایبەت دەکردەوە. یادگارێک کە هەم لە باری ناوەرۆکی شێعری هەڵگری قسەی دڵی بێ و هەم موسیقا و ئاوازی شیاوی خۆی بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام ئالزایمێر وردە وردە ده هاتە پێش …
ماوەیەک بوو پارچە غەزەلێکی کورت و ساکار و ڕەوان کەوتبووە بەر سەرنجی ماملێ. کێشی شێعرەکە سووک و لە زاران خۆش بوو. وشەی ساکار و ڕەسەنی کوردی، بێ گرێ و گۆڵی مەعنایی و زمانی، وێڕای ناوەرۆکی لەبار بۆ ئەو حاڵ و هەوایەی مەبەستی ماملێی دەپێکا. ماملێ شینی پاش مەرگی نەدەویست، هەر بۆ خۆی نا، بۆ هەموو ئەو مەزنە هونەرمەند و شاعیرو نووسەرانەی دەویست کە دەیدیت لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیاندا فەرامۆش دەکرێن و بێ ناز دەمێننەوە … ماملێ هەستی بە کەمێک ئاڵۆزی و شێواوی دە پارچە شێعرەکەی بەردەستیدا دەکرد، بەڵام ئاواش وەبەر دڵی کەوتبوو. بەس دەبوایە ئاوازێکی دڵگر و بلاوێنی بۆ بدۆزێتەوە. لە هەلێک دەگەڕا کە نەشەی ڕابردوو لە ناخیدا سەر هەڵداتەوە…
هەلێک ڕەخسا وریا ماملێ، کوڕی ئەو هونەرمەندە نەمرە، خۆی شاهیدی زیندووی ئەوهەلەیە و بیرەوەری خۆی بەم چەشنە دەگێڕێتەوە:

ساڵی ١٩٩٢ ی زایینی ،لە شەوێکی پاییزیدا “ئاغای صادقی” (مامۆستایەکی تارژەنی ئازەری) بۆ فێرکردنی چەند قوتابی، هام و شۆی مەهابادی دەکرد. کاتێ زانی یەک لە قوتابییەکانی نەوەی هونەرمەند محەمەدی ماملێیە، داوی لی کردبوو تا هەلێکی بۆ بڕەخسێنێ تا مامۆستا ماملێ ببینێ. گوتبووی لەدوورەوە ناوبانگی ئەوم بیستووە و زۆر حەز دەکەم بیبینم. بەم بۆنەیەوە بە بەشداری شاعیری گەورەی کورد مامۆستا “شەریف حسین پناهی” و هونەرمەند کاک “چابوک”، لە ماڵی ئەو قوتابییە شەوکۆرێک ساز کرا. وامان گەڵاڵە کرد تا ئەرکی تۆمار کردنەکەش بکەوێتە ئەستۆی من. بە هۆی نەبوونی کەرەسەی باشی تۆمار کردن منیش بە ساکارترین ئامێری سەردەم خۆم ئامادە کرد تا ئەو شەوکۆڕە تۆمار بکەم. سەرەتا داوامان لە ئاغای صادقی کرد تا هەندێکمان تار بۆ لێبدات. ماڵی لە گەڵ ماڵی ئیوە ئاوەدان،پەنجەی لەسەر پەردە و {میضڕاب}ی لەسەر سیمی تار، وەها تابڵۆیەکی لە دونیای ئاواز دروست کرد کە باوکم پشکووت و ئێمەی کردە میوانی چریکەی بە سۆزی خۆی. بەیناوبەین باس و شرۆڤەی باوکم لەگەڵ مامۆستا شەریف لە سەر شێعر و بابەتی ئەدەبی زۆر خۆش بوو هەر ئەوەش بوو کە بابم گووتی: “مامۆستا،تا ئەو شاکارەی بەرێزتانم دێتەوە یاد، بە خۆم نییە لە گاگۆڕێ دەدەم. قسەی خۆمان بێت قەت ئاوا هەڵناکەوێتەوە، بەرێزتان شێعرەکانی {دایەگیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ} دیکلەمە بکەن و منیش بە گۆرانی بەدواتاندا دێم”.
دووای تەواو بوون و پشوویەکی کوورت، لەپڕ بیری هاتەوە کە دەفتەری ئاوازەکانی پێ نییە. بەڵام نەیدەزانی کە لەگەڵ خۆمان بۆمان هێناوە تا لە کاتی پێویستدا بیدەینێ خزمەتی. کاتێک لاپەڕەکانی هەڵدەدایەوە فەرمووی: “ئەوەتا… دۆزیمەوە… شێعرێکی جوانیان داومەتێ کە بەحەق قیامەتە “. گرووپی مۆسیقا دەستیان پێ کرد و ماملێش چریکاندی:

کە مردم شین و گریانت بە من چی
ڕنینی ڕوومەتی جوانت بە من چی
کە نەتهێشت بەی لە باخی سینە بڕ کەم
بەرۆک دادڕانی قەبرانت بە من چی
کە ڕێبوارت نەگرتە باوەشی خۆت
صفای بەر دەرک و هەیوانت بە من چی
کە من مردم ڕەقیبم دێتە مەیدان
ئەتۆ و مەردی مەیدانت بە من چی
کە مردم شین و گریانت بە من چی
ڕنینی ڕوومەتی جوانت بە من چی

باش لە یادمە کە مامۆستا شەریف پرسیاری لە باوکم کرد کە ئەو شێعرە جوانانە هی کێن؟ بەڵام باوکم لەیادی چوبۆوە کە کێ پێیدابوو. بۆیە خاوەنی ئەو هونراوەیە لامان وون ونادیار مایەوە.

ماملێ لەو شەوکۆڕەدا و بەتایبەت لە چڕینی ئەم مەقامەدا ،گەییشتەوە تروپکی دەنگ و شێوازی داهێنەرانەی خۆی. بەڵام بەداخەوە تۆماری دەنگ بە کەرەسەی ساکاری خۆماڵی باش دەرنەهات. دواتریش بە هۆی پەرەگرتنی نەخۆشییەکەی ،ئەم هەلە هەرگیز نەرەخسایەوە و ئاخرین چریکەی ماملێ لە مانگ و ساڵانی ناخۆش و تاڵ و رەشی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنەدا ون بوو. نەهامەتی دیکەی ئەم مەقامە، نەناسرانی شاعیری پارچە غەزەلەکە بوو. تەنانەت مامۆستا شەریف کە ئەوکات خۆی دانیشتووی مەهاباد بوو و دۆستایەتی لە تەک شاعیری بەرباس هەبوو، بیری بۆ لای رێبواری هاورێی نەچوو. ئەو شێعرە لە باری کێش و سەروا و رەدیف، زۆر وەک شێعرێکی ناسراوی مەلا کەریمی هونەرمەند”فیدایی”[1] دەچوو، کەچی جیاوازیشی زۆر بوو. بیست ساڵ تێپەڕی تا ئاخرین چریکەی ماملێ وەبیر بێتەوە ورازی ئەو شێعرە ڕوون بێتەوە و یادگاری ئەو شەوکۆڕە ،بە زەحمەت و دڵسۆزی ئەو کەسانەی لە فەوتان پاراستیان، بگاتە دەست کەسێکی شارەزا و لێوەشاوە، تا بە ئامرازی مودێرن، گرفتی دەنگ و ئێکۆی شریتەکە جێبەجێ بێ و ئاستی دەنگ و موسیقایەکەی بگاتە رادەیەک شیاوی بڵاو کردنەوە بێ.
چۆنیەتی زیندوو بوونەوەی باسی ئەم شێعرە و ئاوازەکەی ماملێی نەمر و نۆژەن کردنەوەی شریتی تۆمار کراو، خۆی بەسەرهاتێکە:
لە ئاخر مانگی ساڵی ٢٠١٢ ی زایینی و مانگێک بەر لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا ماملێ، بێژەری بە ئەزموون و هەستیاری مەهابادی، کاک “عومەری رەسووڵی”، ئەو پارچە شێعرەی لە هاورێی شاعیری خۆی”رێبوار” وەرگرت و بە دەنگ تۆماری کرد، کلیپێکی جوان و ساکاری بۆ ساز کرد و لە سەر ئینترنێت بڵاوی کردەوە. چەند رۆژ دواتر ئەم کلیپە کەوتە بەر سەرنجی کاک “وریا ماملێ”،کوری هونەرمەندی نەمر ئەو شێعرەی ناسییەوە و ئەم پرسیارەی هێنایە گۆڕێ:

“لە راستیدا من ئەم شێعرەم بە سێ جۆری جیاواز بیستووە، کە تەنانەت یەک لەوان باوکیشم بە ئاواز خوێندوویەتی و کۆپییەکەی لە لای منە…لێرەدایە کە مرۆڤ سەرەڕای جوانی هەر سێ هەڵبەستەکە، نازانێ کە ناوی کامە شاعیر بۆ ئەم شێعرە واژۆ بکات.”…[2]

320

لە وەڵامی پرسیاری بەرێز وریا ماملێدا من (رێبوار) وتارێکم نووسی لەژێرسەردێڕی”ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لە سەر غەزەلی “کە مردم شین و گریانت بە من چی” [3]، تێیدا مەسەلەکەم شی کردەوە داوام کرد ئەگەر ئەو مەقامە بە دەنگی ماملێ هەیە ئاگادارم بکەن. دیسان هەر کاکە وریا دە فریام هات و ئەویش روونکردنەوەیەکی نووسی بەسەرهاتی ئەو شەوکۆرەی بۆ خوێنەران تۆمار کرد.[4] رێک هەر ئەودەم بەرێز چیا ماملێ ش لە کۆتایی بەرنامەی تایبەتی “کوردسات ” بۆ یادی ماملێ بەم چەشنە ئاماژەی بەو ئاهەنگە کرد”ئاخرین ئاهەنگی بابم کوتی شێعرێک هەیە، “کە مردم شین و گریانت بە من چی” هەڵبەت پێم وایە ئەو بەرنامەیە ماوەیەک پێشتر تۆمار کرابوو بەڵام لەم شەوەدا بڵاو کرایەوە و من دیتم.[5]

ئیتر منی رێبوار و شاعیری شێعری بەرباس [6] و نووسەری ئەم دێڕانە، بە دیتنی ئەم کۆمێنتەی کاک وریا و بیستنی قسەی چیا، دڵنیا بووم کە کاتی ئاشکراکردنی ئەو رازە هاتووە کە لە دوای نەخۆشی و کۆچی مامۆستا ماملێ، لە سەر دڵم بوو بە گرێ و جگە لە چەند هاورێێ زۆر نیزیک، کەس لێی نەزانیم. نەک ئەوەی کە شێعری”کە مردم شین و گریانت بە من چی؟ هی مامۆستا فیداییە یا من یا کەسێکی دیکە؟ زۆر لەمێژە ئەو شێعرە بڵاو بۆتەوە و زۆر کەس دەزانێ من پارچەکەی خۆم لە پێشوازی غەزەلی بەهێز و پڕ مەعنای “فیدایی”دا داناوە و کاتی خۆی بردوومەتە خزمەتی. شێعرەکەی مامۆستا فیدایی زۆر بەرزترە لەو پارچەیەی من دامناوە، جیاوازی لەوەدایە، من خۆم لە قەرەی وشەی سەقیلی عەرەبی و تەلمیح و …نەدا و ساکارترین وشەی کوردیم کردە بنەمای ئەو شێعرە. هەر ئەو تایبەتمەندییەش سەرنجی ماملێی نەمری ڕاکێشا. من ئەم پارچەیەم لە پاییزی ١٣٦٢ هۆندەوە و تا ئێستا بە دەنگی چەند گۆرانیبێژ بیستوومەتەوە. بەڵام ساڵی ١٣٧١ بۆ یەکەمجار بیستم مامۆستا ماملێ بریاری داوە ئاهەنگی بۆ دانێ. مانگی خەرمانانی ئەو ساڵە، لە سەر زەماوەندی هاورێی بەرێزم “عەلی ترشەکانی” بە خزمەت ماملێ گەیشتم و لە دەرفەتێکدا یەک دوو بەیتیم بۆ خوێندەوە و پرسیارم لێکرد: بۆتان ئاشنایە؟ ئەویش فەرمووی بەڵێ، دەفتەرێکی باغەڵی دەرهێنا و ئەو پارچەیەی تێدا بوو، بەڵام زۆر ئاڵۆز و شێواو، راست وەک ئەو دەقەی ئێستا دە کتێبی”یادی بەخێر”دا و بە ناوی شێعری مەلا کەریمی هونەرمەند “فیدایی”چاپ کراوە. عەرزم کرد ئەو دەقە ئاڵۆز و ناتەواوە، پاشان دروستەکەم بۆ خوێندەوە، زۆر زیاتر وەبەر دڵی کەوت و بەڵێنی لێ وەرگرتم بۆی بنووسمەوە، بەڵام لە قەرەباڵغی ئەو شوێن وکاتەدا نەدەگونجا. چەند رۆژ دواتر بۆم نووسی و بردمە دەرکی ماڵیان، بێوەخت بوو نەچوومە ژوور و هەر لە دەرکێ دامە دەست یەک لە ئەندامانی بنەماڵەیان. ئیتر هەر خۆم دەمزانی و بێخەبەر کە نەخۆشی وردەوردە بڕست لە مامۆستا دەبڕێ و زۆر شتی لەبیر دەباتەوە.
دواتر هەرگیز نەمزانی سەرئەنجام ماملێ توانی ئاهەنگێک بۆ ئەو شێعرە دڵخوازەی خۆی دانێ یان نا؟
لەو لایشەوە تەنیا چەند کەس لە ئەندامانی بەرێزی بنەماڵەی ماملێ ئاگاداری تۆمار کردنی ئەو ئاهەنگە بوون و وەک باس کرا ئەوانیش بە هۆی گرفتی تێکنیکی تۆمار کردن، هەر پاراستبوویان و تا ئەو جێیەی بزانم باسی نەکرا. ئێستا، بیست ساڵ زیاتر لەم شەوکۆڕە تێپەڕیوە و پازدە ساڵ لە کۆچی دوایی ماملێ، بەڵام وەک دەبینین دەنگی رەسەنی ماملێ فەرامۆش نەکراوە، شێوازە هونەرییەکەی هەر لە رمێن و برەو دایە ودەنگی زولالی چێژیکی تایبەتی تێدایە کە کەس ناتوانێ پڕ بە پێستی خۆی بیڵێتەوە.
زۆر پێویستە سەری رێز و پێزانین دانوێنم بۆ هونەرمەندی دڵسۆزی کورد، کاک “هیوا مەحموودی” خاوەنی کۆمپانیای Motifex لە وڵاتی ئوسترالیا، لە سەر داوای کاک وریا ماملێ، ئەرکی ساغ کردنەوە و ژیاندنەوەی شریتی ئاخرین چریکەی ماملێی وە ئەستۆ گرت، کاک هیوا بە دڵێکی گەورە و روحێکی کوردپەروەرانەوە بە هانای داواکارییەکە هاتن و پاش ماوەیەکی کورت توانی تا ڕادەیەکی زۆر دەستکاری شریتەکە بکات دەنگ و ئاهەنگەکان بژیێنێتەوە و ئێمەش هەر بەم شێوەیە دەیکەینە دیاری بۆ ئێوە خوێنەری هێژا.

سەرچاوەکان

[1]- شێعری مەلاکەریم فیدایی:
کـه مــردم شین و گریــانت به مـن چــی؟
کـــه گوڵ چوو، ئاوی بــارانت به من چـی؟
لـه‌سه‌ر تـه‌رمی منی عـاشـق، بـه قوربان
ئـیـتـر زولـفـی پـه‌رێشـانت بـه من چـی؟
لـه‌ هۆده ی مـاتـەمم وغەمدا که سووتام
سه فایی باغ و هه یوانت به من چـی؟
کـه هێـلانـەی شـەهیـنـی دڵ خــرا بـــوو
قـه دی سـه روی گوڵـسـتـانت به من چی؟
بـه پـایـیز پووشی ویشکی ته ن که فەوتا
بـه هـاری لـێوی خــه ندانـت بـه من چی؟
که مانگی بەختی من ڕووی نا له که سری
تـریـشـکه ی رؤژی کوڵـمانـت به من چی؟
بـه کـاسی غـەم ،دڵـــم شــێواو و کـاسـه
شـه رابـی سـافی فیـنـجـانت به من چی؟
که تووشی له‌شکه‌ری ده‌رد و خه‌فه‌ت بووم
ده‌وایــی ده‌ردو ده‌رمـانـت بـه مـن چـی؟
که پـه یدا بوو شـه وی تـاریکی دووریــت
ده سـی مـووسایـی عیمرانت به من چی؟
لـه شـم گـه‌ر کـه‌وتـه مـه یدانی نه بوون
لـه ئـه‌ودا بـاسـی لـوقـمانت به من چی؟
کـه بــڕوا نــووری بـیـنـایـی لــه چــاوم
جــووانـی ڕه‌نــگی بـاغـانـت به من چی؟
لـــه نـێو چـالی غه می تــۆدا کـه گیرام
جـوانـی ده شـت و کێوانـت بـه من چی؟
“فیدایی” گـه‌ر نـه‌مـا، بۆ تـه‌عزیه‌ی ئه‌و
ده‌م و لـێـوی غـه‌زه‌لـخـوانت به‌ من چی؟
[2]- بۆ بینینی کلیپەکەی کاک عومەری رەسوولی و کامێنتی کاک وریا ماملێ کلیک لەسەر ئەم دێڕانە بفەرموون.
[3]- بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی مامۆستا ڕێبواڕ کرتە لەسەر ئەم دێڕانە بکەن.
[4]- روونکردنەوەی کاک وریا ماملێ
[5]- وتەکەی چیا ماملێ لە کۆتایی بەرنامەی کوردسات خولەکی 53:42
[6] – شێعری عەلی ئیسماعیلزادە”رێبوار”:
“کە مردم شین و گریانت بە من چی”
لە سەر مەیتم لە خۆ دانت بە من چی
کە نەتهێشت بەی لە باغی سینە بڕنم
ڕنینی روومەتی جوانت بە من چی
لە شانت دام،لە شانم گەر نەدەی شان
کە مردم تەرمی سەر شانت بە من چی
بهێــــڵە سەر وە کێــلی گەردنت کەم
ئەگینا سەر لە کێــــل دانت بە من چی
بەرۆکت دامەخە ئێـــستا ئـــەگیـــنا
بەرۆک دادڕانی قەبرانــت بە من چی
بە زیندویی بە باللــۆرەم نـەدوێــنی
کە مردم خەتمی قورئانـت بە من چی
“فیدایی” گەر نەمای” رێبوار” نەمردوە
بەڵام لۆمەی رەفیــــقانــت لە من چی
منیــش دەمرم رەقیــبم دێـنە مەیدان
ئەتۆی و مەردی مەیدانـت بەمن چی
کە رێــبوارت نەگــرتە سێــبەری خۆت
“سەفای بەردەرک و هەیوانت بە من چی؟”
—————————————————-
هێژا کاک علی ئیسماعیل زادە “ڕێبوار”، لە ساڵی ١٩٦١/١٣٤٠ لە مەهاباد چاوی بە دوونیا هەڵێنا. پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و وەرگرتنی دیپڵۆم بۆ ماوەی سی ساڵان لە گوندەکانی دەور و پشتی مەهاباد، وەک مامۆستای خوێندنگا خزمەتی کردووە. هاوکات پلەکانی خوێندنی باڵای درێژە پێداوە و بڕوانامەی لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە ساڵی ١٣٧٦وەرگرتووە و لە ساڵی ١٣٨٧ دا خانەنشین کراوە. وەک خۆی ئاماژەی پێدەکا ، خزمەت کردن لە گوندەکان و خوێندن لە زانکۆ، دوو هۆی سەرەکی بوون لە گەشە کردنی زمانی ئەدەبیی و ڕەوانبێژی لە نووسینەکانیدا. دەستپێکی کاری ئەدەبیی “رێبوار” دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٣٥٧، لە کاتێکدا کە بە شێعر، ڕەوی گرتووە بەڵام لە درێژایی تەمەنی ئەدەبی خۆیدا، کەمتر شێعری هۆنیوەتەوە. وەک خۆی باس دەکا ، حەزی لێ نەبوو تا زمانی شێعری پووختە تر نەبێ بناسرێ، بۆیە تا چەند ساڵان جگە لە چەند هاوڕێی نیزیک، کەس نەیدەزانی “ڕێبوار” کێێە. لە یەکەم ژمارەکانی گۆڤاری مانگانەی سروە ڕا، بە ناردنی بابەت هاوکاری کردوون. لە ساڵی١٣٦٣ چیرۆکە شێعری “آرش کمانگیر”ی “سیاوش کسرایی” وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. مامۆستا “هێمن” هەوڵی دا لە ناوەندی (صلاح الدین ایوبی) بۆچاپ بکات، بەڵام بۆی نەگوونجا. بەشێک لە هۆنراوەکانی مامۆستا ڕێبوار لە گۆڤاری “سروە” و “مەهاباد” دا و بەشێکی تریش تاک و تەرا، لە باشوور چاپ کراون. لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری مەهاباد ڕا هاوکار و ئەندامی دەستەی نووسەران بووە و هەنووکەش ئەم هاوکارییە بەردەوامە. هەرچەند لە دە ساڵی ڕابردوودا کەمتر شێعر لە مامۆستا ڕێبوار بینراوە، بەڵام لە داڕشتنی شێعر دا وەک یەک لە ڕۆستی شێعری کلاسیک و نوێ دا دێتەوە و بە تەنیا خۆ بە وەزن و شێوە دارشتنی کۆن یا نوێ نابەستێتەوە. تا ئێستا هیچ بەرهەمێکی رێبوار وەک کتێب چاپ نەکراوە، بەڵام کۆی هۆنراوەکانی لە ژێر ناوی”ڕۆژێکی ون”، لە قەوارەی کتێبدا ئامادەی چاپە. ئێستا زۆرترین کاتی خۆی بۆ لیکۆڵینەوە لە سەر ژیان، بەرهەم و شێوازی شێعری شاعیرانی موکریان تەرخان کردووە. بەڕێزیان کە لە نووسینی بابەتی(تەنز) یشدا چالاکی هەیە و لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری مەهاباد ڕا نووسەری بەشی (تەنز)ی ئەم گۆڤارە بووە بە ناوی”چەقەخانە”.

بە سپاسەوە
مەڵبەندی هونەری ماملێ

بابەتی پێوەندیدار