Skip to content

سنووری فرامۆشی

مەنسوور حامیدی

ئێمڕۆ سێ شەممەیە. نامەوێ وەبیرت بێنمەوە چۆنمان بڕیار دا بەسەرهاتی بابت بنووسین. کاک “عەوڵا” (١)ماڵمان لە بەهەشت بوو. نا بمبوورە، ماڵمان لە سەردەشت بوو. نازانم بۆچ هەمیشە لە جیاتی سەردەشت ،دەڵێم بەهەشت ؟! دەمگوت زۆر منداڵ بووم، خۆشم لە دەنگی بابت دەهات. دەنگی بابت، ئەودەم،تامی چای شیرینی بەیانانی دەدا، سەردەشتیش رۆژەکانی پڕ بوون لە بەهار و شەوەکانی پڕ لە شەوە و جندۆکە و چیرۆکی خۆشی پەنا ئاگردان و کورسی. رۆژانە خەیاڵم دەبوو بە پەپوولە و ئارامی لێ هەڵدەگیرا. گوڵ نەمابوو پاڵێکی پێوە نەنێم و قاقا بە ڕوویا پێنەکەنم.
هیچ دەزانی ئەودەم خوا جیرانمان بوو؟ ئەڵبەت خوا جیرانی هەموو کەسی تریش بوو. بابم هەمیشە دەیگوت خوا هەموو کەس دەبینێ، نابێ کاری خراپ بکەین. هەر لەوێ شێعرم دۆزییەوە. کە لێی ورد بوومەوە، دیتم لە رەنگی ئەستێرەن. ئیتر چاوم لە ئەستێرە نەترووکاند. دەستم پێیان ڕادەگەیشت، وەک هێشوو ترێی ڕەزەکانی بەهەشتەکەم و دەمتوانی لێوەیانکەم و بیاندەم بە خەڵکی کە ئەودەم زۆرم خۆش دەویستن.
دەزانی چییە؟ کاک محەممەدی بابت دوێنێمی لە ئێمرۆ گرێ داوە.
پێرێ کە بە یەکەوە بووین گوتت با بچین بابم هەڵگرین تاوێ بۆ لای “جەزیرە”ی (٢)بەرین، من شتێک بە زرمە لە ناو دڵم شکا. دەمویست شتێک بڵێم، ئێستاش نازانم چم دەگوت، کە نەمگوت؟ تۆ لە ماشێنەکە دابەزی و چووی بە شوێنیا، من بۆ ئەوەی چاوەڕوانی زۆر ئازارم نەدا، بە پەلە گەڕامەوە ناو خۆم. کاری هەمیشەییمە. بیرم لەوە دەکردەوە، مرۆڤ کە دەنگ هەڵبڕێ، تەنیا نامێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر دەنگی هەر لە گوێی خۆیدا بزرینگێتەوە.

bilde(2)


لەوێ نەبووی کە پرسیارم لێکردی: دەی برا، بابت بۆچ وا تەنیا ماوە؟ چ پێویست نەبوو وەڵامم دەیەوە. هەموو کەس دەیزانی بابت نەخۆشە، بەڵام سەرەڕای ئەوە تۆ گوتت: تووشی نەخۆشی ئالزایمێر(٣) (واتا نەخۆشی لەبیر کردنەوە) بووە. هەر لە دڵدا گوتم: خۆ ئێمەش بەردەوام خەریکین هەموو شت لەبیر بەرینەوە، تاکوو بە وەبیر هێنانەوەیان دڵنیا بین بەرەو پێش هەنگاومان ناوە.
هاتمە دەر. کە هاتی، بن پیلی بابت گرتبوو. بڵێی ئەو چەندی دەستی تۆ گرتبێ؟ دەرگای ماشێنەکەم کردەوە. بابت هەر وا ڕاوەستابوو. دوور دەیڕوانی. هەستم کرد شتێکی لێ بەجێ ماوە. وێدەچوو زۆرت پەلە لێ کردبێ. منیش هەمیشە پەلە دەکەم.
ئیستا کە تەمەنم چل و چەند ساڵە،وەدەزانم بیست ساڵ بەتەوای نەژیاوم. دایک و باوکم لێم بە پەلە بوون تا زووتر گەورە ببم هەر لەبەر ئەوەیە زۆر شتم لە ڕابردوودا لێ بە جێ ماوە و نەمتوانیوە دەربازیان کەم. من کە لام وایە دایک و باوکەکانمان، لە دەس پرسیارەکانمان، منداڵیمان دەدزن. وەڕێ کەوتین. نازانم تۆ بۆ کوێ چووبووی؟ هەر لە لامان نەبووی. تەنیا ماشێنەکەت لێدەخوڕی. وابزانم ڕیگا، سەیری گرتبووی. پرسیارم لە بابت کرد:
– کاک محەممەد چۆنی؟ ڕووی تێ کردم. هات پێبکەنێ، لێی بوو بە ئازار. تۆ هەڵتدایە:
-هەر وایە. پیی ڕاهاتووە. نەمزانی ئەودەم کێ ئەو شێعرەی “وەفایی “(٤)هاویشتە ناو دڵم:
دەزانێ تاوێ بارانە، شەڕابی پێکەنینی دڵ
دەمێک نابێ لە سەر خەندێکی سەد جارم نەگریێنی.
کاک محەممەد جۆرێکی تر قسەی دەکرد. دڵت نەبوایە نەتدەزانی دەڵێ چی؟ ئەودەم وامدانا، تۆش کاک محەممەدت هەر وەک بابێک ناسیوەو پڕ نەچوویە ژوور. کاک عەوڵا، ئەودەم کە دەتگوت:
بابم کاک محەممەدی ماملی، کوڕی مام سەعیدی ماملێ، یەکە دەنگخۆشی شاری مەهاباد بوو …
من خەریک بووم مێشکی خۆم ڕێک دەکوشی تا وەبیرم بێتەوە هەوەڵ جار لە کوێ ناوی کاک محەممەدم بیست؟ بە پەلە گەڕامەوە سەردەشت. ساڵی هەزار و سێسەد و چل و شەشی هەتاوی بوو. پوورم لە مێردەکەی زیز ببوو،هاتبووە لامان. بە دەنگێکی بە سۆزەوە، هەر کە بابم وەدەر کەوت، تێی هەڵکرد:
کاغەز دەنووسم بۆ لەیلا بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە
دەنگی قورینگان دێ لە حەوا دەڵێن کوێستانچی دێنەوە
شەوداوەتیان تێکڕا دەگرت لالەبەدەستان
چەن جوان و پاک و شیرینە کیژی کوردستان…
بێ ئەوەی لە هیچ بگەم ،لە سۆزی دەنگیدا توامەوە.
-پوورێ گیان! ئەم گۆرانییە خۆشە هی کێیە؟ ڕووی لەو لا کرد. منیش نەمهێشت تێبگا کە فرمێسکیم بینیوە. ماوەیەک بوو منداڵەکانی نەدیبوون.
-ڕۆڵەگیان! ئەم گۆرانییە هی کاک محەممەدی ماملێ یە، تازە دایناوە.
-ئەدی لەیلا کییە؟ ئاخیکی لە ناخەوە هەڵکێشا.
-لەیلا نازدارێکی شۆخ و چەلەنگ بوو، بەڕێیان کردە کوێستانان، ئیتر نەگەڕاوە. چاوم لە ئاسمان بڕی و گوێم بە ڕێ کرد. دەنگی قورینگان نەدەهات. زۆر لەمێژە قورینگ نایەنەوە ئەم وڵاتە.
زۆرم لە سەردەشت پی نەچوو. نەگەیبووینە “تاقەدار”(٥)، گەڕامەوە… ئەرێ لەبیرتە گۆرانییەکی بابت دانا و گوتت: ماوەیەکە بابم دەنگی خۆشی ناناسێتەوە. پێم نەگوتی زۆر کەس هەن کە خۆشیان ناناسنەوە، هەرچەند بە دڵ دەمویست وا بڵیم. بابت هەر وا خەریک بوو خۆی ڕادەژاند. زۆرتر وە ئەوە دەچوو زیکر بکا، سەیر نییە، موریدی خانەقا بوو. بە شێعری وەفایی فرچکی گرتبوو. پێشتر بیستبووم،ڕەنگە هەر لە تۆشم بیستبێ.
شەوێک لە شەوانی مەهاباد ،کە کۆڵانەکانی شار پڕ ببوونە گوی بۆ بیستنی دەنگی سێحراوی مام سەعیدی بابی کاک محەممەد، لە پڕ “میرزا ڕەحیمی سابڵاغی”،(وەفایی) سەر لە پەنجەرەی ماڵەکەی دەر دێنێ و دەڵێ: “ڕۆڵە سەعید! تۆ کە هەر گۆرانی دەڵێی ،وەرە ئەم شێعر و ئاهەنگانەی من فێر بە…”.و هەر لەوێڕا مام سەعیدی بەرەو خانەقا ڕادەکێشێ و “وەفایی”ش دەبێتە میوانی هەمیشەیی ماڵی دڵیان.
تۆ درێژەت پێدا : ئەڵبەتە مام سەعیدی باپیرم، دوو برای تریشی هەبوو بە ناوی رەحیم و ڕەحمان، کە بەداخەو رەحیم لە تەمەنی لاویدا بە هۆی نەخۆشی خڕۆکە،جگە لە ڕەشایی چی تری بۆ نامێنێتەوە. هەرتک ڕوو دەکەنە شاری “قەڵادزە” و تا سەر هەر لە وی دەمێننەوە. گەییشتینە جەزیرەی. لە ماشێن دابەزین.”جەزیرە” ناوێکە لە خۆڕا بەم شوێنەیان داوە. ئەگینا هیچ جەزیرەیەک بەدی ناکرێ. ڕەنگە مەبەست لە جەزیرە، ئەو مرۆڤانە بن کە بۆ هەڵاتن لە دەس خۆیان، دەمێ ڕوو دەکەنە ئەم شوێنە.
چ خەیاڵێکی خاوە! دەبیسم جارجارە هێندێک کەس هەڵدێنە هەندەران تاکوو لە کۆڵ خۆیان ببنەوە. بەڵام لەبیریان دەچێ خۆیان بە جێ بیڵن. لەوێ تێدەگەن بە هەڵە چوون و هەر لە سەر جێگای خۆیانن…
تۆ هەر وا بن پیلی بابت گرتبوو کە گەیشتینە قاوەخانەکەی جەزیرەی. هەر یەکەی لەسەر کورسیلەیەک دانیشتین. چاوم لە چاوی کاک محەممەد بڕی. چاوی نەدەترووکاند. لام وایە بەرەو دووری بەڕێ کردبوون. گەیشتۆتە جێیەکی ئێمە قەت ناگەینێ. بە نیگا خەیاڵمی دەپێکا. سەیر چووبووە دە خۆیەوە. بیر لەوە دەکەمەوە، ئێمە چ تاوانبارین؟! تا ئەو کاتەی شتێک لە لامانە و لە بەر دەستماندایە،نە دەیناسین و نە بایەخی بۆ دادەنیین، بەڵام هەر کە لە کیسمان چوو، دەیکەینە بەشێک لە هەناو و دەروونمان و بە وەبیر هێنانەوەی، پەکوو پەکوومانە.
کاک محەممەد لە بەرانبەرم دانیشتبو، چایی دەخواردەوە ومنیش خەریک بووم چام دەخواردەوە. دەمگوت: بڵیی چەند دڵ بە دەنگی کەوتبێتە خورپە؟ یان چەند کەس بە زایەڵەی دەنگی داسوکنابێ؟ یان چەندە بە سازی دەنگی کەوتبێتە ڕاوی چاوی باز؟ و چەندە ڕا زکەوتۆتە سەر زار؟ و چەند خەیاڵ بۆتە پەپوولەی بێ ئارام؟ و…
چایی دووهەمی دەست دایە. چ دەستیکی لەرزۆک و بیانووگر، حاڵم سەیر گۆڕاوە. دە دڵدا دەەڵێم: مەگین چەندە رێگەی بڕیوە کە ئاوا شەکەت و ماندوو سەری خستۆتە سەر شانی ئێوارە؟ خۆ دەمزانی گەلی لێقەوماو و بی پشتیوان، تا چ ڕادەیەک بارگرانایی دەخاتە سەر شانی هونەرمەندانی، بە تایبەتی ئەو کاتەی هونەری هونەرمەند لە دەنگیدا بێ و نەشێ دەنگ هەڵبڕێ.
نەمانهێشت شەو بگاتە جەزیرەی، گەڕاینەوە.تۆ کە دەستت بە گوتن کرد، بابت چەند بە ناتەواوی دەستی پێکرد. سەیر گۆڕاوە! نە شێعرێک، نە وشەیەک، چی بە دەستەوە نەماوە، تەنیا دەنگی دەهات و من هەر دەنگم لێوە نەدەهات.
مەودای نێوان جەزیرە و ماڵە کاک محەممەد –هەڵکەوتوو لە چوارڕێی مەولەوی- سەیر لێک کشابۆوە. دەتگوت دوو جارم عومر کردووە، تۆ بابت بە دایکت ئەسپارد و لێک جیا بووینەوە. چەشنی سێ جەزیرەی تەنیا. تەنیای تەنیا. ئەوین لە کۆڵان و شەقامەکانی شاردا پیاسەی دەکرد. چ سەیرە، ئیمشەو ئەوەی ئەویندارە خەو بردوویەتی.

*****************************************************************************

١- مەبەست کاک عەوڵای ماملێ،کوڕی کاک محەممەدی ماملی یە.
٢- جەزیرە: سەیرانگەیەکی نزیک شاری مەهابادە.
٣- ئالزایمێر: نەخۆشی فەرامۆشی
٤- مەبەست شاعیری بەناوبانگ، میرزا عەبدولڕەحیمی سابڵاغی، وەفایی یە.
٥- تاقەدار: شوێنێک نزیک شاری مەهاباد، لە پەنای سەددی مەهاباد هەڵکەوتووە.

ئەم بابەتە لە پێنجەمین فێستیواڵی گەلاوێژ خەڵات کرا و لە ژمارەی ٢٣-٢٤ ی گۆڤاری “گەلاوێژی نوێ”ساڵی ٢٠٠١ چاپ کراوە.

بابەتی پێوەندیدار