هۆنراوەی: رەسوڵ کەریمی
دەزانم بۆچی بێدەنگ و نەوا بووی
له شوێن ویستت وەکوو من بێنەوا بووی
دەزانم بۆچی تاساوی عەزیزم
که هێنده چاوەرێی مافی ڕەوا بووی
دەزانم ئەو دەمەی لەم شاره سووره
له زۆربەی ماڵەکانی کۆچی سووره
دڵی تۆ ناسکه وەک گوڵپەڕی گوڵ
که ژاکاوه وغەمی تو بێسنووره
له بەرچی خاڵیه ئیمڕۆ هەوارت
دەزانم زۆر بەسامه ئینتیزارت
ونه لێت مەقسەد و مەقسوودی عاشق؟
لەبەروەی ئێسته تۆراوی له شارت؟
دەزانم چاوەرێی مافی رەواتی
دەزانم بۆچی تۆ تاساو و ماتی
وەکوو دەریایه دەردی تۆ بەریینه
دەزانم هەر به ئاواتی (نه جاتی)
هەڵێنه دەنگی پڕسۆز و گودازت
دەریخه ماملێ ڕاز و نیازت
له مێژه چاوەرێتن خەڵکی شارێ
ببیسن جاری تر ئاواز و سازت
ئەتۆ ئەی ماملێ ئەی شازی ئاواز
ئەتۆ ئەی بولبولی پڕهەستی بێناز
به یادیی ئەو گوڵانەی هەڵپڕووکان
قەتارێکی بڵێ، بادەرکەوێ ڕاز
وەره بۆ سەیری کێو و چۆم و پێدەشت
بکه یادی هەڵەبجه و پیره سەردەشت
به دەنگی پڕ له سۆز و دڵنەوازت
به سۆزم بۆ بڵێ گاتێکی زەردەشت
بەبێ تۆیه که کاسن مەیپەرەستان
له کوێن تا لالەیەک بگرن به دەستان
به چەشنی پیرەکانی خانەقاکەت
ئەتۆی هۆی تین و تاوی کۆڕی مەستان
وەها بوو ویستی تۆ، شیریش نەڕێژن
چ کەس دەرد و غەم و مەینەت نەچێژن
هونەرمەندی وڵاتی من وەکوو تۆ
دەبێ غەرقی خەفەت بن هیچ نەبێژن
وەره هۆزانەکەی هۆزی وەفایی
وەره رێبوارەکەی رێی ئاشنایی
وەره دیسان به دەنگی پڕ له سیحرت
بلاوێنه گەلت بەو لاییلایی
سکووتت پڕ له ڕازه و پڕله مانا
هونەروەر بێکەسه و بێپشت و هانا
له سەر لێوت قەتیس ماوه بزەی تاڵ
که برکه و ژانه ژینی پیاوی زانا
هونەروەر بۆ گەلی چەشنی چرایه
بەبێ تۆیه هونەر خاوەن عەزایه
به یادیی ئەو دەمەی سەرمەسته بولبول
که ماملێ بۆ گەلی کووت لایەلایه
ئەتۆ هۆزانەکەی پڕتین و تەو بووی
وەکوو خۆرێ دژی تاریکەشەو بووی
هەڵێنه دەنگی پڕسۆز و زووڵاڵت
که بۆ ئاواتی گەل وەک خاسەکەو بووی
له چوارپارچەی وڵاتی کوردەواری
به پیر و لاو و بێچاره و هەژاری
هەموو لایەک دەڵێن بۆ بولبولی کورد
خودا، خاڵی نەبێ ساتێ هەواری