Skip to content

یادم کەن

نووسینی: سەید مەسعود سەعیدی
لە شاری زانست و جوانی، لە شاری شێعر و گۆرانی، لە سابڵاخی موکریان، لە بنەماڵەی هونەردوست و هونەر پەروەری ماملێ، شەوێک لە شەوان و لەکاتی مانگە شەودا، رووداوێک ڕووی دا کە ئاڵ‌وگوڕی بە سەر مۆسیقا و گۆرانی ناوچەدا هێنا، کاتێک کە هونەرمەند سەعیدی ماملێ وێڕای پۆلێک لە هاوڕێکانی بە دەم گۆرانییەوە بە گەڕەک و بەردەم ماڵی مامۆستا وەفایی دا تێپەڕ دەبن، هەستی مامۆستا وەفایی دەبزوێت و گازی هونەرمەند سەعیدی ماملێ دەکات و پێشنیاری گوتنەوەی هەلبەستەکانی خۆی کە زۆرتر ڕەنگی خوداناسیان هەبوو. پێ دەکات کە لە لایان میرزا سەعیدەوە بە گەرمی پێشوازی لەم پێشنیارە کرا.
دەنگی خوش و هونەری گورانی گوتن لە بنەماڵەی ماملێ وەک میراتێک لە باوک بو کور بە جێ ماوە تاکوو ئەم یادگارە دەگاتە کاک محەممەد. ئەو ئیستا وا پووخت و پاراو نەببو کە بە هۆی کوچی دوایی باوەک و دوو برای لە خویی گەورەتر لە ماوەیکی کەم، هەوری رەش خەمباری لە دڵی دەنیشێت و ئەسرینی جودایی بە سەر هەڵدەوەری و خەمیکی قورس و ئەرکێکی قورستری دەکەوتێە سەر شانی.
چەند ساڵ دوایی رووداوی ئاماژە پێکراوی ماموستایان وەفایی و سەعید ماملێ، ئەمجار کاک محەممەد دەبێتە میراتهە لگری هونەری باوکی و نەتەنیا بە شێعری وەفایی بەڵکو بە شێعری شاعیرانی پایەبەرزی وەکو هێمن، هەژار، کامیل و حاجی هاشمی نانەوازدە، بەدەنگێکی کەموێنە کەخودا نایدا بە هەموو کەس، عەتر و ڕەنگی تایبەتی بەم هونەرە بەخشی هەر بۆیەش خوداناسی، ئەوین و جوانی، وەفاداری و بێقەراری، خۆشەویستی و دڵداری لەگەڵ جوانی سرووشت، سەرچاوەی گۆرانییەکانی کاک محەممەدی ماملێ‌یە، زوولف و رووخسار، گا دەسوتێم گا دەگریەم و بێتەوە ڕووناکی چاوم، وێنەیەکی بەرچاون لە گۆرانییەکانی ماملێ کە ئەوپەڕی خوداناسی و خۆشەویستی پیخەمبەری خودا دەگەیێنێت. لە پەنا ئەو سەرچاوەیە ئەم هونەرمەندە مەزنە، هەستی خوی بە دەنگ و هونەر و بە جوانترین شێوە دەربڕیوە، «خاکی کوچەی یارەکەی ئەکسیری ساخی ژین» دەزانێت. و تاو تاو چاوەڕوانی بای شەمال دەکات بەڵکوو گۆشەی دەرکی حەسارێ بکاتەوە تا نەتەنیا چاوی بە گوشەی چاوی یارەکەی بکەوێت، بەڵکوو بتوانی هاواریشی بە گۆی ئەو بگەیێنێت.
ماملێی ناسک هەست، وەک پەروانەیەک لە دوای خاڵی ڕووی خۆشەویستەکەی دەچێتە جێژوان هەر بۆیەش دڵی بۆ جێژوان لێدەدا و بێقەراری خۆی بۆ دیتنی یاری چاوجوان ڕادەگەیێنێت و بە گەورەیی باس لە جێژوان دەکات.
کە دەگاتە جێژوان شەیدای قەد و باڵا و مەستی چاو و بە قوربانی خەدەنگی دەست و بازوو چاوانی دڵبەری ماهپەیکەری دەبێت، سەرلەسەر ڕانی دادەنێت و پێیخوشە تا بەیانی میوانی نازەنینێ بێت و بەسەرگەردانی ژێرگەردان و بەڵاگەردانی باڵای جوانی بێت.
لە دوایی، ڕۆژ دەچێتە سەری سوڵتانێ بۆ تاقیکردنەوەی بەختی خۆیی و لێو ئالەکەی. دەست لە کێلان وەردێنێ و چلدانەی دەگرێتەوە. ئەو بۆ خەپاتکردنی یارەکەی لە سابڵاخێ وەدەر دەکەوێ، بەشاراندا دەگەڕێ شەدەی بانە، مرواری تاران و پەرەنگەی لە باژاڕان بۆ دێنی.
ماملێ‌ی عاشق بە کێو و تەلان و زەنوێران، سرنجی گوێگرانی بۆ دیمەنی جوانی کوردوستان ڕادەکێشێ و دەشت و دەر و دۆڵ وچیاکانی بەشێک لە بەهەشتی خودا، بە دەنگێکی بەسۆز و بە وپەڕی جوانییەوە دێنێتە بەرچاو خاکی پڕ لە گوڵاڵە و نەسرینی بە گەوهەر و ئاوی زوڵاڵی بە کەوسەر نێو دەبات.
لە دڕیژەدا لەسەر ترۆپکی کێوان بڵوێری دەداتە دەست کاکی شوان و شەنگە بێری، ئەو کیژی ساکار و بێگەردی کوردی بەو پەڕی جوانی دەناسێنی، گادۆشەی دەداتە دەستی مرێم سابڵاخی و شیری پێ دەدۆشێ.
لە زۆر گۆرانییەکانی ئەم مامۆستایە، چاوەڕوانی و ئینتیزار وەک خاڵێکی گرینگ خۆنیشان دەدات. ئەو چاوەڕوانی قورینگان دەکات بە گەڕانەوەیان، هەواڵی هاتنەوەی کۆێستانچییانی پێ بدەن تا بتوانێ شەوداوەتی لەگەڵ کیژانی لالە بە دەست بگێڕێ.
بێگوومان ژیان لە کوردستان و بە تایبەت شاری هەستبزوێنی سابڵاخ بۆ ماملێ، ئەوپەڕی شانازییە هەر بۆیەش خۆشەویستی بێسنووری نیشتمان، لە پای ئەو مامۆستایە ئەوەندە بەرچاوە کە تێکەڵ ئەوین و هونەری ئەم هونەرمەندە دەبێت و باڵای نەشمیلی پڕ بە خۆشەویستی سابڵاخ دەزانێت.
بولبولی کوردوستان دوو جار ئاخی لە ناخی هەڵدەستێت. جارێک لە بێوەفایی مەحبووبی کە تیری عەشقی لە جەرگی ئەو عاشقە دەدا بەڵام ماملێ دڵبریندار، لەسەر بڕیاری خۆی سوورە و لە دوایش دا یادی مەحبووبی بە خێر ڕادەگیرێ. جارێکیش لە بێوەفایی زەمانە کە گوڵی بۆن پێوەنەکردووی لێ ئەستاندووە.
هەندێک لە گۆڕانییکانی کاک محەممەد، خەم ڕەوێنە و تایبەتی بۆ بەزم و هەڵپەڕکێ هەیە و هیچ کات لە یاد ناچن و زۆربەی خەڵک لە شاییان، داخوازی ئەم گۆرانییانەن کە گرینگترینیان زارا، دسماڵێ و دسمالێ و کە گوڵ عەترێ دەڕێژٌێت.
شۆڕە سواری چیرۆکی عیشق و ئاواز، گەرچی کەسایەتییەکی هونەریی ناودار بوو بەڵام ڕوناکبیرانە خۆی بەخەڵک و خەڵکی لە خۆی دەزانی. ئەو بڕیاری دابوو بۆ خەڵک شادی هێنەر و خەفەت بەر بێ. لە سەر ئەو باوەڕی، لە زۆر مەسڵەتان حەولی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە گیرو گرفتی کۆمەڵایەتی خەڵک دەدا و قسەی نەدەشکا.
بیسەرانی ئاوازی ماملێ بە وردبینی و سرنج ڕاکێشان ئەوەیانی دەستدەکەوێ کە ئەم ھونەرمەندە وەبیرھێنەر و پارێزەری ھێندێ داستانی کۆنی کوردییە کە گۆرانی کاکە مەم و خاتووزین بەڵگەی حاشاھەڵنەگری ئەم داوایەیە.
ماملێ ھیچ کات خۆی لە دونیای کتێب و کتێب خوێندنەوە دوور نەخستەوە بۆیەش کەسێکی پڕ لە زانست بوو ، بۆ وێنە کاک حەبیبوڵڵا سەلیمییان کە لە چەند بەرھەمان سەنتووری بۆ ژەنیوە کاتێک پرسیاری لێدەکا کتێبی شێعری کام شاعیر زۆرتر دەخوێنێوە ؟ ئەو لە وڵامدا دەڵێ : من کتێبی مێژووی زۆرتر دەخوێنمەوە . ئەم وڵامە پرسیارێکی دیکە دێنێتە گۆڕێ. مامۆستا بۆ کتێبی مێژووی ؟ خۆ ھیچ پەیوەندێکی بە شێعر و گۆرانی و ئاواز نییە؟ کاک محەممەد وڵام دەداتەوە ژیانی زۆردارانم زۆر پێ سەیرە!! چون ھیچ زۆردارێک ھەتا ھەتایە ژیانی زاڵمانەی بۆ نەچۆتە سەرێ.
ھەروەھا بە ھۆی نەبوونی ژەنیار ، کاک محەممەد ھێندێ جار لە تارژەن و کەمان ژەنی ئازەری کەڵکی وەردەگرت. خوالێخۆشبوو عەبباس کەمەندی گێڕاوێتێوە : پرسیارم کرد مامۆستا بڵێی لە داھاتوو نەگوترێ ئەم ئاھەنگە ئازەرییە؟ کاک محەممەد وڵام دەداتەوە : کاک عەبباس چووزانی ئەم ئاھەنگانە پێشتر ئیی کوردان نەبێت؟
بێشک ماملێ کازێوەیێکی بێ ئاسۆیە چوون بە دڵ لە ماڵان وەژور دەکەوت ، دوایی بە هونەر، جا هەر بۆیەش هەژاری شیرینکەلام، کتێبی بۆ کوردستان بە دیاری بۆ کاک محەممەد دەنێرێ و ئەم ڕووداوەی بەرانبەر بە چاپی دەهەزار جڵد نێو دەبات. هێمنی ناسک هەستیش داوا لە گەلی کورد دەکات لە کاتی گوێ هەڵخستن بۆ تارێ و گوێدان بۆ قەتاری ماملێ، یادێک لە هێمنی دوور لە وڵاتیش بکەن.
گۆرانی بێوێنەی «لایە لایە»ی ماملێ ئەوە دەگەیێنێت کە هونەر لە لای ئەم هونەرمەندە بێ سنوورە و تایبەتمەندی بە هیچ چین و توێژ و تەمەن و کەسایەتییەکی تایبەتی نییە. ئەم گۆرانی «لایە لایە»یە کە بۆ کۆرپەڵەی خەو لێنەکەوتوو و دایکانی جەرگ بڕاو هەتوانە.
ماملێ پەرە بە ئاسوی روونی شێعر و ئاواز دەدات و ناکوکی نیوان سەودایی عەقڵ و غەوغایی دڵ بە هۆی سەر سوڕمان لە چون بو شاری دڵ و بی قەراری بو سەیری باخ و گوستان و ئارامگەیی جانان و ئەسراری حەریفان و هەروەها نەچون بابەتی ئاگاداری عەقڵ لە شورشی مەستانە و مەنزڵی ویرانە و چاوی حەسودانە، بە هونەرە جیاواز و تایبەت مەندەکەی وەک دادوەریک بە مەحکەمە دەکیشت.
سالی ١٣٥١ی هەتاوی ماملێ هاوڕێ لەگەڵ هونەرمەندی پایەبەرز عەزیز شارۆخ بەشداری فیستێوالی مۆسیقایی شیراز- شاری گول و بولبول- دەکەن پێشکەوتی دام و دەزگای گرووپەکانی بەشدار بووی فیستێواڵی لە چاو گروپی مۆسیقای مەهاباد کە لە باری ژەنیارەوە لەو پەری دەست تەنگیدا بوو، برینی دڵی ماملێ دەکزێنێ بەڵام لایەنگرانی هونەر باش دەزانن کە ماملێ رێناس و رێبینە. هەر بویە بە گوتنی دوو گۆرانی «شەمال وەرە» و «خرینگە خرینگە» وێرای تەحسینی بەرچاوی داوەران و تەماشاچیان، خەڵاتی پلەی دووهەمی ئەم کێبەرکێە، کە زایەڵەی ژیوار و هونەری کۆنی کوردیە ئاراستەی گروپی مۆسیقای شاری مەهاباد دەکریت.
کاک محەممەد تا ئەوڕادەیە بە هونەری ئاواز خۆی یەک رەنگ و یەک دەنگ دەبینت کە هیندێ جار هەستی ناسکی وەک هەستی لایەنگران و بیسەرانی ئاوازەکەی دەبزوێ. بۆ وینە لە شاری پیرانشار، کاتی گوتنُی- گورانی «غونچە گولەکەم، بەندی دڵەکەم ژاکاوی» دڵی پڕ دەبێت و فرمێسکی لە چاوان دەرەوشێتەوە لە دانیشتوانی ئەم کورە سەبارەت بە درێژەی ئەم گورانییە داوای لی بوردن دەکا.
ئەم جار گەردوونی بێوەفا، ڕوویی ناخۆشی بە هونەر بە گشتێی و بە ماملێ بە تایبەتیی نیشان دا و ماملێی ناسکهەستی تووشی نەخۆشی چارەسەرنەکراویی فەرامۆشی کرد. فەرامۆشییەک لەوانەیە گەورەتر لە خەم و پەژارە و حەسرەتی دەربڕاو و دەرنەبڕاوی ئەم هونەرمەندە کە هیچکات بە هاونشینی شەوانە لەگەڵ جامی بادە کۆتایی پێنایەت.
ماملێ لە کاتی نەخۆشی دا تەنیا گۆرانی «ماڵە بابم بێوەفا»ی لە یاد مابوو و بەم جۆرە ئێش و ئۆفی ئەم دەردەی بە گلەیی لە بێوەفایی دەربڕی.
لەماوەی نزیک بە سێ ساڵ ناساخی ئەم بوولبولەی کوردستان، ئامینەخاتون وەک هاوسەرێکی گیانفیدا بۆ خزمەتکردنی ئەم گەورە پیاوە قۆڵی هێممەتی هەڵدەماڵێ و بۆی دەبێتە پەرەستاری ڕۆژانی ماندوویی و شەوانی بێخەویی و گۆچانی دەستی. بەڵام، سەدان داخ زۆر جار و زۆر گەورەپیاوان گۆچانیان لە دەست دەکەوێت و هەستانەوەیان نییە.

گەرچی ماملێ تووشی نەخۆشی فەرامۆشی ھات بەڵام، گەلی کورد فەرامۆشیان نەکرد کە ھونەرمەندەکەیان بە ھۆی ھەستی نیشتمانپەروەری کەوتە کۆت و زیندان و جەرگی بڕا، ھەر بۆیەش نەیانھێشت کۆچی سووری ماملێ بکەوێتە ھەواری خاڵی.
دوایی ڕۆژ لە کاتێکدا کە تەرمی پیرۆزی ئەم ھونەرمەندە بەرەو بوداخ سوڵتان دەڕۆیی
یەزدانی مەزن بە ناردنی فریشتەی مەرگ نەیهێشت لەوە زیاتر بوولبولی کوردستان و خۆشەویستی گەل، ژان بکێشێت و لە ڕۆژی سێی ڕێبەندانی سالی ١٣٧٧ کۆچی هەتاویی رۆحی پیرۆزی بۆلای خۆی بردەوە.
بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی ماملێ، نەتەنیا مەهاباد بەڵکوو گشتی کوردستان ڕەنگی ماتەمینی بە خۆیەوە گرت. ڕۆژی دوایی لە کاتێک دا تەرمی پیرۆزی ئەم هونەرمەندە بەرەو بوداخ سوڵتان دەچوو، شڵێوەی ئاسمانی خودا ڕاوەستا و شڵێوەی چاوی خەڵک و غەریبی شاران دەستی بە بارین کرد.
ئێدی ماملێ نەما چیرۆکی عیشقی لەیلای مەجنوون و مینای نازدار و ئامینێ سورە گوڵ و فاتمێ گەردن کێل و سەیزادەی شاڵ کرمانی و شیرینی تەشی ڕێس و سەبری چاومەست داڕێژیت بەڵام، تا ئەوکاتەی جەستەی لەسەر دەستی خەڵک مابوو، چیرۆکی یەک ڕەنگیی و یک دەنگیی بۆ گەلەکەی داڕشت. ئەم هونەرمەندە بە گۆرانییەک لەم ئەزموونە سەر دەکەوێت و دەست لەدەستی شاعیری نەمر هێمن موکریانی، ئەو بەشێعر و ئەمیش بە دەنگ و مۆسیقا هاواردەکەن:
عاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕخاڵ نیم
عاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بە ردەم ئەمن
گەلیش لە وەڵام دا تا دوونیا مابێت دەڵێنەوە::
ئەگەرچی ڕۆیی قەت ناچی لەیادم دەکەم یادت بە یادی تۆوە شادم
سەیید مەسعوود سەعیدی
پینج شەممە
٩ی ریبەندانی ١٣٩٣، ک، ه

گەر تێبینییەک یا زانیارییەکتان بەرانبەر بەم بابەتە هەیە دەتوانن کرتە لەسەر ئەم دێڕانە بکەن و پەیامی خۆتان بۆ ئێمە بنێرن.

بابەتی پێوەندیدار