Skip to content

ماملێ – بێهرووز کورد ئەحمەدی ١

مامۆستا: بێهروز کورد ئەحمەدی

لەگەڵ ئێوەمە هۆگرانی دەنگ
بە چاوی دڵوو ببینن نەهەنگ!

بۆچی دەگەڕین بە شوێن ئوستوورە
ئەو تراویلکەیە یەکجار زۆر دوورە

وێڵی دیتنی کامە ئەستێرەن؟
ئینگۆ کە بەدل، بە گیانیش لێرەن

لە کام زەڵکاوە چاو لە قڕژاڵن؟
لە شوێن چەن بۆقی گرژ و خوێن‌تاڵن؟

پرسن لە باپیر، کاتی جێژوانی
بە دەنگی کێ کچ هاتە کەوانی؟

چاکی لەبیرە ئەو داپیرەتان
کێهە لرفەی دەنگ دەیخستە پیران

تۆشەی بابیشووبۆ کوێ ڕۆشتبایە
تەنیا هەر دەبوو دەنگی وی بایە

دایکتان کە خەمی دەربەدەری بوو
بەس شریتەکانی ئەو لە سەری بوو

تۆش کە ئێستاکە مۆدێڕن و ژیری
میراتگرەکەی چاخی باپیری…!

باسی سێ نەوە و نەسڵی کورد دەکەم
باسی مۆسیقای ئەسڵی کورد دەکەم

باسی “ماملێ”یە دەکەم بە حەسرەت
ئەو لە گەورەیی بوەتە حەزرەت

لە پردی سووری مەهابادەوە
دەنگی بەسۆزیی هات بە بادەوە

پەڵکەزێڕینەی خاکی موکریان
باڵی ڕاکێشا بۆ گشت کوردستان

بەوەش نەوەستا مامۆستاکەی دەنگ
بێشکە و هەلۆرکی گرتە بەر ئاهەنگ

باشووری ئاخنی لە سەفا و لە شوور
ناوبانگی نەوای گەییشتەوە باکوور

وشە و هەم واژەی شاعیری هەژاند
شێعری تەڕیانی بە کوردان گەیاند

ئەو بۆ چڕینی چریکەی دژوار
لەرزەی چەهچەهەی دەردەچوو لە زار

بە بێ تیز و فیز، مەجلیسئارا بوو
زستانی دەنگی لە بەهارا بوو

لە کاتی چرین، زەردە و پێکەنین
هەر لە خۆی جوان بوو پیاوی خوێن‌شیرین

داخوا چەندە ژن ئاشقی بووبن
بەرەو ڕووگەکەی سەڵای ئەو چووبن

چەندە لاوی کورد بە نەوای “ماملێ”
خۆیان هەڵداوە بە لاوک و لێلێ

یا چەند کێژۆڵەی ناسک و نازدار
بە سۆزی “ماملێ” گەیشتوونە هەوار

دەنگی “ماملێ” و باڵی پەروانە
سرتە و ناسکیی لای جێژوانە

دەنگی “ماملێ” و تاسەی دیاران
سوکنایی‌دەری غەریبی شاران

دەنگی ماملێ و وەفای مەیخانە
هەردووک تێکەڵن وەکوو ئەفسانە

بانگی ماملێ و بانگی مەلایان
فەرقیان فرەس وەک زەوی و ئاسمان

ئەم بانگی دڵە و لە دڵ دەنیشێ
ئەویان ڕەخساوە بۆ کار و ئیشێ!

دەنگی “ماملێ” هەتا هەتایە
زاد و زیادبوونی لە ڕیشە نایە

ئەگەر خاپوور بێ دنیا بە جارێ
ئەگەر لەمەوپاش باران نەبارێ

ئەگەر گوڵستان وشک بێ و بولبول ڵاڵ
ئەگەر وشکارۆ دا لە ماڵ و حاڵ

ئەگەر نەخۆشی و پەتا پەیدا بێ
ئەگەر ژەمەنان ژەهر تێیدا بێ

ئەگەر بپڕووزێ دوو باڵی ئەوین
ئەگەر ون ببن بەهار و هاوین

تەنیا یەک دەرمان هەیە بۆ چارە
ئەویش ماملێ و سۆزی قەتارە

هۆ هۆ ماملێ، حەزرەتی مەزن
ئەوینی دڵی گەلێک پیاو و ژن

تۆ ناچی لە دڵ، تۆ ناچی لە گیان
بە دەنگی تۆیە مانا دەگرێ ژیان

خۆزگە بە دەنگت من دەدرام تەڵقین
چونکە بەدەنگت من هاتمە سەر دین

دینی نەوای تۆئەی ئەفسانە ساز
ئەی نهێنییەکەی هەزار نیاز و ڕاز

ئەی “ماملێ”یەکەی چیرۆکی هەستان
مادام تۆ دەژی، دەژی کوردستان

بێهروز کوردەحمەدی
هاوینی ٢٠١٥ی زایینی

بابەتی پێوەندیدار