Skip to content

پرسەنامەی مەڵبەند بۆ کۆچی‌دوایی هونەرمەند “محەممەد دانیش”

ماملێ و محەممەد دانیش

بە داخێکی گرانەوە هەواڵی کۆچی‌دوایی هونەرمەند “محەممەد دانیش”مان پێگەییشت و تاسەباری کردین و ناخی هەژاندین. کاک محەممەد نەوەی هونەرمەندی گەورەی کورد “میرزا قادر عارفی”یە ناسراو بە “قاری عەوڵا” کە هاوچەرخی کۆڵەکەی هونەریی کوردی مامۆستا “سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی” بووە و لە زۆر بۆنەی هونەری دا  بە ژەنینی تار هاوکاری مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر بووە. کاک محەممەد سەرەڕای ئەوەیکە دەنگێکی بەسۆز و هێوەرکەرەوەی هەبوو، ژەنیارێکی بەتوانای سازی “عوود”یش بوو و لەگەڵ زۆر هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەی موکریان دا، لە ناویشیاندا ماملێ هونەری ئافراندووە. بەڕێزیان لە هونەری نیگارکێشیدا دەستێکی باڵای هەبووە و چەندین تابڵۆی جوانی لە پاش بەجێ ماوە.
پێوەندی کاک محەممەد دانیش لەگەڵ محەممەد ماملێ لە پێوەندی دوو هونەرمەند واوەتر دەچوو. لە زۆر بواران دا دەبوونە پرێچکەی دڵیی یەکتر و لە زۆر کاتانیشدا هونەرمەندی بێبەش لە زۆر شت بوون.
لە ژێر گوشاری کۆنەپەرستانەی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا بۆ سەر هونەر بە گشتیی و هونەرمەندان بەتایبەتیی، ڕۆژ و شەوانێکی زۆر لەگەڵ ماملێ کوونجی تاریکی ماڵیان بۆ ڕاهێنانی هونەری خۆیان هەڵدەبژارد و چەند ساتێکی هونەرییان بەیەکەوە ڕادەبوارد.
بەڕێزیان مرۆڤێکی قسە خۆش و دم‌بەپێکەنین بوون. بەردەوام تێدەکۆشا تا بزە بخاتە سەر لێوی هاوڕێکانی و شارۆمەندانی خۆی. ئەو کە فەرمانبەرێکی ئاسایی دەوڵەت بوو نەیدەتوانی قسەی دەروونی خۆی بە ئاشکرا باس بکات بەڵام، لە کۆڕ و کۆبونەوەکانی لەگەڵ ماملێ و هەواڵانی جێی مەتمانەی خۆی، هەردەم ئەم دێڕەی دووپات دەکردەوە و دەیگووت:

    یەک لە ڕێگەکانی دژایەتی‌کردنی ئەو  ڕژێمە، پێکەنین و گۆرانی و هونەرە.

سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و قاری عەوڵا

کاک محەمەد لە پاش خۆی کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری بۆ بەجێهێشتوون کە هەرمانن و بلاوێنی ڕۆحمانن.
بە بۆنەی کۆچی‌دوایی ئەم گەورە هونەرمەندە مەڵبەندی هونەری ماملێ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی گەلی کورد، بنەماڵەی بەڕێزیان و گشت توێژی هونەرمەندان دەکات. ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر.

بابەتی پێوەندیدار