لەگەڵ بولبوول
بۆ ڕوحی بەرێز : محمد ماملێ
مامۆستا: محمد سعید نجاڕی (ئاسۆ)
بولبووڵ باڵندەی ئێسک سووک
سینگ پر نەوای دندووک بچووک
ئەوینداری گوڵ و گوڵزار
لە سەرما و بێدەنگی بێزار
تینووی خوناوەی پەلکی گووڵ
سروود خوێنی مەدرەسەی دڵ
شەیدایی بەیانانی بەهار
دڵ پڕ ناڵەی کۆ بووی شەوگار
سەربەستی بادەی ئاوەنگی
شارەزای کوچەی دڵتەنگی
بۆچی نەوا و ناڵەت نایە
دیسان بەفرە و هاژەی بایە
دیسان سیخوارە و خەزەڵوەر
دیسان کراوی باخ بەدەر؟
دیسان سابڵاخ سەر بەتەمە
ئۆپێڕای سەنفۆنی غەمە
دیسان دوور کەوتی لە خۆشی
یان تۆش (بۆ ماملێ) ڕەش پۆشی
ناڵێی چین ئەم گەرمەشینە
بۆ ناڵەی گەرووت غەمگینە
بێری شیری لێ نەرژابێ؟
مرێم ڕەشی نەپۆشابێ؟
یانی ئەم شین و گریانە؟
ئی بێری کانی ئاسکانە
یان مام (هێمن)ە ئینتیزارە
هەر چاوەڕوانی (قەتارە)
بوڵبوول باڵندەی پڕ ئاهەنگ
ئەی گۆرانیبێژی دڵ تەنگ
وەرە با تێیهەڵکەین پێکەوە
گەر سەرمایە و ئەگەر شەوە
بە ئاهەنگی مۆسیقای ئاخ
بگرین بۆ بولبوولی (سابڵاخ)
بگری نم نم، تۆی تۆی، ورد ورد
بۆ موسیقای ڕەسەنی کورد
گرایان؟ هاوار هەست ناهێڵێ
ئاوارە بووم لە دوای خێڵێ
دەڵێن کێ تازە وەک جاران
خۆش دەکا مەجلیسی یاران
چاوی شێعر چۆن نەکا گڵ
لە گریانی مەرگی بولبوول
هاورێی تۆبێ خوا لێمگەرێ
چاوی ڕقت دەرنەپەرێ
ڕاستە تا گۆی ئاهەنگ مابێ
تا بێری شۆخ و شەنگ مابێ
تا بێری شیری نەرژێنێ
(ماملێ) نەمرە و هەر ئەمێنێ
بەڵام چ بکەم ئەشکی ڕوونم
ئاشکرای دەکەم دەروونم
کۆچی یارێ کۆچی سوورە
کۆچی ئەم، کۆچی سروورە
کۆچی سروور غەم هێنەرە
مەینەت هێن و شادی بەرە
هەرچەن هێند دڵتەنگی ناوێ
تا رۆژ گزینگی دەهاوێ
تا هەتاو هەڵبێ لە (ئاسۆ)
نامرێ دەنگی ماملێی تۆ
شەوی ٣ی ڕێبەندانی ١٣٧٧ ش ، ٢٣.٠١.١٩٩٩ زایینی
بۆکان
محمد سعید نجاڕی (ئاسۆ)