هۆنراوەی: ئازاد سەعیدی
دەمێکە هەستی دڵ مەیوە، لە گوێمدا دەنگی نەی نایە
لە ئاگردانی چاومدا خەیاڵ وەک ژیلەمۆ وایە
نە دەنگێ دێ لە بلوێرێ نە شمشاڵ دەگرێ دەستی کەس
دڵ ئاوێتەی نەوایێکە لێکهاڵاوی مۆسیقایە
لە ڕێبەندانی دەنگی دڵ لە سێدارە درا ژینم
نەوای دڵ کۆچی کرد ڕۆیی غەریب ماوم لە دونیایە
بازی بێریان نەهات هەرگیز هەواری خاڵیە ئێرە
لە سابڵاغێ وەدەر کەوتم مەخابن دەنگی یار نایە
سەرم گێژە لە گێژاوی وڵاتی خوێن و زام و ژان
وڵاتی چاو جوانان چۆڵە حەسرەت وا لە دڵدایە
هەر وەکوو دێوانە دێم و ڕادەبوورم بێ وچان
دەنگی ماملێ وا لە دڵما هەر وەکوو دیڕۆکێ وایە
بەقوربانی دەمێک بم کە قەتارە بێ لەدەم ماملێ
وەکوو جەننەت دەبوو دونیام ئەگەر ماملێ بمابایە
(ئازاد سەعیدی)۲۷۱٦/۱۱/۳